ناڕەزایەتییەکان لە ڕحا دژی قڕکردنی سرووشتی جودی و ئاکبەلەن

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی لە ڕحا دژایەتی خۆی پیشاندا بەرامبەر سوتاندنی دارستانەکانی جودی و بڕینەوەی دارەکانی دارستانی ئاکبەلەن، دەڵێن: "ژیانمان لە ئاکبەلەنە، دەیانەوێت بە سوتاندنی دارستانی جودی هەناسەمان ببڕن".

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی لە ڕحا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە سوتاندنی دارستانەکانی جودی و بڕینەوەی دارەکانی دارستانی ئاکبەلەن لە موغلا. ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم ناوەندی کاری ئەحمەد باهجەڤان لە ناوچەی خەلیلیەی ڕحا خوێنرایەوە. بێجگە لە ئەندامانی پلاتفۆرم، نوێنەری پارتەکان و ژمارەیەک کەسی تر بەشداربوون.

لافیتەکان بەرزکرانەوە بە درووشمی "جودی سوتێنرا، هەڵوێست وەربگرن، دەست لە ئاکبەلەن مەدەن". بەڕێوەبەری لقی کرێکارانی تەندروستی و خزمەتی جڤاکی ڕحا، سەلما ئاتیش، بەناوی پلاتفۆرمەکەوە گوتی: "ژیانمان لە ئاکبەلەنە، دەیانەوێت بە سوتاندنی دارستانی جودی هەناسەمان ببڕن".

ناهێڵن خەڵک ئاگری دارستانەکان بکوژێننەوە

سەلما ئاتیش ئاماژەی بەوە کرد، ئاگرەکەی جودی دارستانەکانی وێرانکردووە و ناهێڵن گەل ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، گوتی: "بەبێ جیاکردنەوەی لجێ لە مارماریس،گابار لە ئیزکدێری، دێرسیم لە چیای قازان، جودی لە ئاکبەلەن، داوا لە هەموو گەلان دەکەین، پێکەوە تێکۆشان بکەن، دژی بڕینەوە و سوتاندنی دارەکان".

چالاکی دانیشتن

پاش ڕاگەیاندراوەکە، چالاکی دانیشتن دژی سوتاندنی دارستانەکانی جودی و بڕینەوەی دارەکانی ئاکبەلەن بەڕێوەچوو.

بە گوتنەوەی درووشمی "مەخەوە ڕحا، ئاگری لە جودی بەربووە"، چالاکییەکە کۆتایی هات.