هاوکات لەگەڵ سەردانی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان، پولێک لەو هەرێمە خۆسەرە کە وێنەی پاپای لەسەر بوو و لە پشتیەوە سێبەری نەخشەی کوردستان هەبوو، چاپکرا.
چاپکردنی نمونەی پولەکە، نە تەنها تورکیای توووڕە کرد، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئێرانیش ناڕەزایەتی نیشاندا و گروپە فاشیستە نەژادپەرستە تورکەکانیش هەڕەشە و سووکایەتیان کرد و ئەوەش بووە هۆی ترس و دڵەراوکێی بەرپرسانی هەولێر و چاپکردنی پولەکەیان رەتکردەوە و زوو بە زوو پولەکەیان بە نایاسایی و نادەستوری لەقەڵەمدا.
جگە لە هەبوون، نیشاندانی هەستی نەتەوەیی کوردی لە ناو کورداندا و زووشاردنەوەی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کە پێشبینی دەکرا، لەدوای بابەتێک بە ناوی چاپکردنی پولێک کە نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەر بوو، دەتوانرێت هەندێک پێشبینی بکرێت. لە سێ پێشبینی کە لە خوارەوە باسکراوە، دەتوانرێت یەکێکیان راست بێت، بەڵام هەر پێشبینیەک لەو سێیانە، دەتوانرێت کاریگەری لەسەر پاشخانی هەرێمی کوردستان دابنێت.
پێشبینیەک کە دەبێت کەمێک لاواز بێت ئەوەیە کە کاربەدەستانی حکومەتی هەولێر، بە مەبەستی جوڵاندنی هەستی نەتەوەی و گەڕاندنەوەی متمانە لەنێو هەندێک کوردانی هەرێمەکە، بە چاپکردنی ئەم پولە دەیانویست یاریەکی پۆپۆلیستی بکەن.
پێشبینی دووەمیش دەتوانرێت لە ئاستی پێشبینی یەکەمدا ببینرێت، ئەویش ئەوەیە کە بەرپرسانی هەولێر زانیاریەکی زۆریان لەسەر چاپکردنی پولێکی بەم شێوەیە نەبوو، یاخود پێشبینی ئەوەیان نەکردبوو کە تورک و ئێران بەم ئەندازەیە توڕە دەبن و بەم ئەندازەیە هەڵوێستێکی توند پیشان دەدەن.
سێیەم و نزیکتر لە ڕاستی پەیوەندی بە ڕۆڵی تورکەکانەوە هەیە.
حکومەتی تورکیا و ئەردۆغانیەکان، هەزاران هێزی هەواڵگری و سیخوڕیان لەژێر ناوی رێکخستنی سەربازی، ئەمنی، سیاسی و حزبی و هەروەها لەژێر ناوی کۆمپانیای بازرگانی و فرۆشگای بازرگانی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. تورکەکان ناوەندە بازرگانیەکانی هەرێمیان خستوەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان بە تایبەتی لە زۆنی زەرد و لە لایەکی دیکەوە کاریگەری و دەستوەردانێکی بەرچاویان لە بڕیارە ئەمنی و سیاسیەکانی هەرێمدا هەیە.
هەر وەک چۆن ئەردۆغانیەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە هەڵخەڵەتاندنی بەرپرسانی هەرێمدا هەبوو لە راگەیاندنی ریفراندۆمەکەی ٢٠١٧ کە هێشتا کاتی نەبوو و لە میتینگ و ئاهەنگە جەماوەریەکاندا هەندێک ئاڵای وڵاتانیان بەرزکردەوە کە هەستیاریان دروست کرد، نابێت لە بابەتی چاپکرنی ئەم پولەشدا، ڕۆلی تورکیا و شوێن پێیەکانی لە راستیەوە دوور ببینین.
چاپکردن یان چاپنەکردنی نمونەیەک لە پولێکی سمبولیک، ناتوانێت مسۆگەری و نامسۆگەری نیشتیمانی کوردان بێت، بەڵام ...
نمایشی بەپەلەی تووڕەیی و هەڕەشەکانی زارەکی تورکەکان لە پەرلەمان و هێنانی فاشیستە نەژادپەرستەکان بۆ گۆڕەپانەکە، وادەردەکەوێت بۆ ئەوە بێت کە ئێران لە بەرانبەر کورد هان بدات و ناکۆکی نێوان ئێران و کوردان و ئێرانیەکان قوڵتر بکاتەوە، هەر وەک چۆن، لەدوای ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧دا بینیمان.
دەگوترێت حکومەتی تورک، ئێران وەک رکابەری سەرەکی خۆی لە ناوچەکە دەبینێت، یان لە هەندێک پرۆژەی ئابوری کە کاری لەسەر دەکرێت یان لێکۆلینەوەی لەسەر دەکرێت، وەک پرۆژەی پێکەوەبەستنی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەفغانستان، چین و هیندستان بە بەندەری چابەهار یان دروستکردنی هێڵی ئاسنینی بەستنەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بە دەریای سپی، لە کاتێکدا کە دەگوترێت ئەم رێگە ئاسنیە ئەگەری هەیە بەناو کوردستان، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بە دەریای ناوەڕاستەوە ببەستێتەوە.
رکابەری ئابوری، یاخود رکابەری سیاسی و مەزهەبی نێوان دەوڵەت و وڵاتان، پەیوەندی بەوانەوە هەیە، بەڵام پێویستە گەلی کورد و بە تایبەتی سەرانی هەرێمی کوردستان، نابێت کورد بکەنە تۆپێک لە ئاگر و بکرێن بە کارتی فشاری دەوڵەتان و بەکار بهێنرێن.
سەرچاوە: لە ئینستاگرامی نوسەرەوە وەرگیراوە
ف.ق