بەردان ئاجون پارێزەری (ئۆهەدە / OHD ) ڕایگەیاند، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییانە، کە دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکەن ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئەرک بە دامەزراوەکان بدات.
پارێزەری ئاجون ڕایگەیاند، رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) و دامەزراوەکانی وەک ئەوان، لەو رێکخراوە سەربەخۆیانەن، کە پێگەی نێونەتەوەییان هەیە، رەنگە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و رێگری ببنەوە و وتی: "بەڵام ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان دەستتێوەردان بکات، دەوڵەتە لایەنگرەکان ناچارن بۆ ئاسانکردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر، چونکە ئەمە لە رێککەوتننامەکان و پەیماننامەکانداهاتووە".
لە دوای شەهیدبوونی ١٧ گەریلای هەپەگە و یەژا ستار بە چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە باشوری کوردستان، چالاکیی کوردستانیان و دۆستانیان لە کوردستان و تورکیا و ئەوروپا لەسەر شەقامەکان و مەیدانەکان و لەبەردەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەردەوامن. لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و ئەو دڕندەییە، گەل داوا لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکات هەنگاوێک بنێن.
شوێنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە یاسای نەتەوەیی و نێونەتەوەیدا چیە؟ کام دامەزراوانەوە پێیەوە پەیوندیدارن و سکاڵا تۆمارکردن لەلایەن چۆن دەبێت؟ پارێزەر بەردان ئاجون و ئەندامی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازاد (ئۆهەدە / OHD) لەو بارەیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
پارێزەر بەردان ئاجون ڕایگەیاند، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکاندا بە تاوانی جەنگ پێناسە دەکرێت. ئاجون تیشکی خستە سەر ئەوە، کە ئەو چەکانە لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیش دا هەڵسەنگێندراون و وتی، "ئەم پرۆسەیەش لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا ئەزموون کراوە و ڕوویداوە".
نابێت چەکی کیمیایی لە عەمبارەکانیشدا هەبێت
پارێزەری بەردان ئاچۆن ڕایگەیاند، چەکی کیمیایی کە لە هەردوو جەنگی جیهانیدا بەکارهێنرا، لە ڕووی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە بووە هۆی دامەزراندنی میکانیزمی جۆراوجۆر بۆ کۆنترۆڵکردنی و وتی، "یەکێک لەوانە رێککەوتنامەى جنێڤ، یان کۆنڤانسیۆنەکانی جنێڤە، کە لە ساڵی ١٩٢٨دا ئیمزا کرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سەنگەرەکان و گۆڕەپانەکانی جەنگ قەدەغەکراوە. بێگومان دوای ساڵی ١٩٢٨ و کاتێک جەنگی جیهانی دووەم ڕوویدا، لە جەنگی جیهانی دووەمدا لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی شوێنەواری جدی، ڕاپۆرت و بەڵگە دەرکەوتن. دوای ئەو شەڕانە ئەم ڕێککەوتنانە ئیمزاکران. لایەنەکانی جەنگ ڕایانگەیاندووە، کە هیچ چەکێکی کیمیاییان لە عەمبارەکانیاندا ناهێڵنەوە و لەناویان دەبن.
تورکیا لە ساڵی ١٩٩٧دا ڕێککەوتننامەکەی واژۆ کرد
پارێزەر بەردان ئاچۆن ڕایگەیاند، ١٨٨ وڵات ڕێککەوتنەکەیان واژۆکردووە و وتی: "بە ئاشکرا بەڵێنیان داوە، کە ئەو قەدەغەیە پێشێل نەکەن و لەسەر ئەم بنەمایەش ڕێککەوتننامەکەیان واژۆ کردووە. لەنێو ئەو وڵاتانەدا تورکیایە کە لەساڵی ١٩٩٧ ڕێککەوتننامەکەی ئیمزاکردووە. ئەو وڵاتانە، کە رێککەوتنەکەیان ئیمزاکردووە و لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتنە، دەبێت بزانن، کە چەک و ماددەی کیمیایی و بایۆلۆژی لە بەرهەمهێنانەوە بۆ گواستنەوە و تاوەکو هەڵگرتنی لە عەمبارەکاندا قەدەغەیە. ئێستا کاتێک سەیری ئەو هەواڵانە دەکەین، کە لەلایەن ڕێکخراوە سەربەخۆکانەوە بڵاوکراونەتەوە و لە میدیاکانی هەرێمی کوردستانی فیدراڵیشدا بڵاوکراونەتەوە، نیشانەی جدی هەیە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی. لەم بارەیەوە پێویستە ڕێکخراوە نێونەتەوەیە سەربەخۆکان هەڵوێست وەربگرن و ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن. پێویستە ڕاستیی ئەو وڵاتانە، کە بەشدارن لە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ئاشکرا بکرێن".
پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کێشەیە بخاتە بەرنامەی کارەکانییەوە
پارێزەر بەردان ئاجون ئاماژەی بەوەکرد، شاندی سەربەخۆ لە ئەڵمانیا و سویسرا ویستیان بچنە ناوچەکە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام ڕێگریان لێکرا و وتی، "ڕێکخراوە سەربەخۆکانی وەک رێکخراوی نێونەتەوەیی پزیشکان بۆ پێشگرتن لە جەنگی ئەتۆمی (IPPNW) بە رێکخستنبوونێکی نێونەتەوەیی دەستی بە جموجوڵ کرد و ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ئەو ناوچەیە، کە چەکی کیمیایی تیادا بەکارهێنرابوو، تەنها رێگایان پێدابوون لە ناوچەکانی دوور لە گۆڕەپانەکانی جەنگ لێکۆڵینەوە بکەنن بەڵام سەرباری ئەو رێگرییانەش ڕاپۆرتێکیان ئامادە کرد و بڵاویانکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، کە نیشانەی زۆر گرنگ هەیە کە چەکی کیمیایی بەکارهاتووە. دوای ئەم ڕاپۆرتانە، ئەگەر بەڕاستی ئێمە ئەوە بەتاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و جەنگ ناوبێنین ئەوا دەبێت سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە ناو بابەتەکەوە و دەستبەکار بێت. دەبێت ئەو بابەتە لەلایەن لیژنەیەکی سەربەخۆوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بە ڕاپۆرت و دیکۆمێنت بکرێت. ئەوەش بە مۆڵەت و فەرمانی لێکۆڵینەوە لەلایەن سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست دەبێت. چونکە وەک ڕێکخراوی سەربەخۆ ناتوانن بە تەنها خۆیان بە تایبەتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان بکەن، بۆیە ئەم کێشەیە تەنیا لە رێگەی حکومەتەکان و بە گوشاری حکومەتەکان دەبێتە بەرنامە و ڕۆژەڤی نەتەوە یەکگرتووەکان".
بەپێی ڕێککەوتنەکە دەتوانن لێکۆڵینەوە بکەن
ئاجون ڕایگەیاند، ڕێکخراوی ئۆ پی سی دەبلیو و دامەزراوە هاوشێوەکان، بە ڕاستی ڕێکخراوی سەربەخۆن و ئەرک و پێگەی نێونەتەوەیان هەیە و وتی، "ئەو ڕێکخراوانە نەک لەسەر بنەمای دەوڵەت و ڕێککەوتنەکە، بەڵکو بە هۆی ئەرک و پێگەیان لەسەری ڕادەوەستن و لێکۆڵینەوەى لێدەکەن. لەبەر ئەوەی ئەو ڕێکخراوانە نە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و نە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە پشتیوانییان لێناکرێت و ئەرکی بۆ لێکۆلینەوە لەوبارەیەوە بۆ دیاری نەکراوە، ڕەنگە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و لەمپەر ببنەوە، بەڵام کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردان بکات، ئەوا دەبێت دەوڵەتانی پشتگیریکار ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دا. ئەگەر ئەم دامەزراوانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشان و ئەرکدار بکرێن، پێویستە دەوڵەت ڕێوشوێنی ئاسانکاری بگرێتەبەر بۆ لێکۆڵینەوەکە، چونکە ئەم بابەتانە لە رێککەوتنەکەدا دیاریکراون".
ژ.ت