نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر: ٧ ئەندامی ئێمە کوژراون، حکومەتی باشوور بێدەنگە

نوسینگەی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ٧ ئەندامیان لە سلێمانی لەلایەن حکومەتی تورکەوە تیرۆر کراون، بەڵام حکومەتی باشوور هیچ هەڵوێستێکی نەبووە.

نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر لەبارەی تیرۆری عەبدولقادر سەبری تۆپراک لە بارەگاکەی لە هەولێر لێدوانێکی بڵاو کردەوە. ئایدن ئەحمەد ئەندامی هەدەپە لە بەیاننامەکەدا وتی: " کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک دژی ئازادیخوازان لە باشووری کوردستان بەردەوامە، بەڵام بەرپرسان و حکومەتی هەرێم لە بەرامبەردا هیچ هەڵوێستیان نیشان نەداوە.

ئایدن لە درێژەی لێدوانەکەدا وتی: "هاوڵاتیانی باکوری کوردستان بەهۆی گوشارەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەبری تۆپراک یەکێک بوو لەوانە کە ماوەی ١٢ ساڵ لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی لە سلێمانی دەژیا. بەڵام دوێنێ لەلایەن دەوڵەتی تورکەو تێرۆر کرا. کوشتنی وڵاتپارێزانی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامە، تا ئێستا ٧ ئەندامی ئێمە لە شاری سلێمانی کوژراون. جگە لەوەش لە شاری هەولێر و دهۆک گەلی باکووری کوردستان تیرۆر دەکرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی جدی بدەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان. ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک نەک هەر هەڕەشە لە کوردانی باکوری کوردستان دەکەن، بەڵکوو هەڕەشەن بۆ سەر هەموو گەلی کورد. هاوکات سەبری تۆپراک تیرۆر دەکات ‌هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو گەلی کوردە."

ئایدن لە درێژەی لێدوانەکەدا داوای لە هەموو ئازادیخوازانی باشووری کوردستان کرد کە ڕێگە نەدەن خاکی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی کردەوە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورک، دەوڵەتی تورک ناتوانێت ئیرادە و ئازادی گەلی کورد بشکێنێت، بۆ ئەمەش هێرشی تیرۆریستی دژی تێکۆشەران و چالاکییەکانیان دەکات."