لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بۆ سەر ناوچە خزمەتگوزاریی و نیشتەجێبوونەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەیەکیان لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، بەیاننامەی کۆنگرەی ستار لەلایەن نەسرین خەلەف خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە دژی گەلی کورد و سیستەمی نەتەوەیی دیموکراتە، کە ئەمڕۆ لە سایەیدا مافی گەلانی پاراستووە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت دانیشتوانی ڕۆژئاوای کوردستان قڕ بکات و پاشان گۆڕینی دیمۆگرافیی جێبەجێ بکات.
ئاماژەی بەوەشدابوو، بە ناوی ژنانەوە بانگەوازی لە پارت و ڕێکخستنەکانی مرۆیی و هەموو ئەو دەزگایانەی کار لە بواری مافی مرۆڤ دەکەن، لە دژی ئەو هێرشانە خاوەن هەڵوێست بن، بە زووی ناوچەیەکی دژە فڕین لە ڕۆژئاوای کوردستان دابنرێت.
لە کۆتاییشدا داوایان لە گەل کرد، کە بێ دەنگ نەبن و بە بەرخۆدان ئاستی شۆڕش و تێکۆشان بڵندتر بکرێتەوە، دوژمنی فاشیست لەناو ببەین.