ڕۆژی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شەنگال بە ناوی دەستەی ھەماھەنگی هێز و پێکهاتەکانی شەنگال، یەکگرتووی و هاوپەیمانی خۆیان ڕاگەیاندبوو، بۆ ئەوەی کێشەکانی شەنگال بە یەکدەنگی چارەسەر بکەن. ھەر یەک لە پادێ، تەقدوم و یەنەکە وەک لایەنێکی سیاسی، ھەروەھا مەسیحی، سوونە، شیعە و تورکمانەکانی ناوچەکەش بە ناوی گەل و ئایینەکانی شەنگال، بەشدارییان لە هاوپەیمانییەکەدا کرد.
ئەو ھاوپەیمانییە، لە ٩یەمین ساڵڕۆژی فەرمانی ٣ی ئاب لە شەنگال کۆڕبەندێکی بە ناونیشانی "یەکگرتووییمان دەبێتە ھێزێک لەبەرامبەر ستەم" ئەنجامدا و تێیدا سەرجەم هێز و لایەنەکانی شەنگال و دەشتی نەینەوا بەشداربوون و پەیامی گرنگیان بۆ داھاتووی شەنگال دا.
گابریەل شەمون، نوێنەری مەسیحییەکان لە شەنگال، کە یەکێک لە بەشداربووانی کۆڕبەندەکە بوو، لەبارەی هاوپەیمانی و کۆڕبەندەکە بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسەی کرد.
"دەبێت حکومەتی عێراق ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ بکات"
لە سەرەتای قسەکانیدا گابریەل شەمون خۆشحاڵی خۆی بۆ پێکھێنانی هاوپەیمانییەکە دەربڕی و وتی: "ئەگەر گفتوگۆ و دانوستان نەبێت، هیچ شتێک نایەتەئاراوە، پێویستە هەموو پێکهاتەکانی شەنگال لە یەکتر تێبگەن. پێویستە حکومەتی عێراق ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی، هەروەها مەسیحیەکان جێبەجێ بکات. ٣٠٠ کچمان لەلایەن داعشەوە بە دیل گیراون، ناتوانین دەستمان پێیان بگات. پێویستە ئەو کچانە بگەرێنەوە بۆ نێو بنەماڵە و کۆمەڵگاکەیان .
"٣ کڵێسای مەسیحییەکان لە شەنگال ڕووخێندراوە"
گابریەل شەمون ھەروەھا لەبارەی دۆخی مەسیحییەکان لە شەنگال ئەم زانیاریانەی خستەڕوو: "ئێستا لە شەنگال هەر ٣ کڵێساکەمانیان ڕووخاندووە، ٧٠ بۆ٨٠ خانوومان سووتاوە، توانا و دەرفەتمان کەمە کە بە هێزی خۆمان ئەوانە چاک بکەینەوە. ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت، زۆرێک لە ئێمە ئەو جوگرافیایە بەجێدەھێڵین، پێویستە حکومەتی عێراق گرنگی بەم بابەتە بدات، مافی هەموو کەسێک بۆ ئەوان بگەڕێنێتەوە."
"دەمانەوێت شەنگال خۆبەڕێوەبەری ھەبێت"
نوێنەری مەسیحییەکانی شەنگال، لە کۆتایی دا هەڵسەنگاندنی بۆ داواکاریەکانی خەڵکی شەنگال لە بارەی مافی خۆبەرێوەبەری کرد و وتی: ئێستا ئێمە لە دەشتی نەینەوا کار لەسەر هەرێمێکی خۆبەڕێوبەر دەکەین، نامانەوێت لە عێراق جیاببینەوە، بەڵام دەبێت خوبەرێوبەری شەنگالمان هەبێت و سەر بە ئیدارەی حکومەتی ناوەند بین، گرنگ ئەوەیە هەمووان مافی خۆیان وەربگرن".
ژ.ن