نەوەی شێخ سەعید: پێویستە کورد بەرامبەر پەدەکە هەڵوێستی هاوبەش بگرێتەبەر

حەسەن بەسری فرات، نەوەى شێخ سەعید و سەرۆکی پێشووی شارەوانی خەنوس، لە دژی پەدەکە داوای هەڵوێستی هاوبەشی کرد کە چاوی خۆی بەڕووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک نوقاندووە و هاوکاری دەکات لە هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان.

حەسەن بەسری فرات، نەوەى شێخ سەعید و سەرۆکی شارەوانی پێشووی خەنوس، لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک بە پاڵپشتی پەدەکە و حکومەتی عێراق هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان زیادکردووە و داوای لە گەل و لایەنەکانی کورد و سیاسەتمەداران کرد، بەرامبەر بە پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی، کە لەگەڵ دوژمنی دێرینەی کورد هاوکاری دەکەن هەڵوێستیان هەبێت.

فرات بە ئاماژەدان بەوەی کە گەلی کورد سەدەیەکە دژی ئەم نکۆڵی کردنە تێکۆشانی کردووە، جەختی لەوەش کردەوە کە پەدەکە لەم دواییانەدا زیاتر خزمەتی دوژمنانی گەلی کوردستان دەکات. فرات بە ئاماژە بەوەی کە گەلی کورد لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئازادی تێکۆشان دەکات و وتی: "تێکۆشانی گەلی کورد کۆتایی نەهاتووە. بزووتنەوەی ئازادیی لە هەموو پارچەکانی کوردستان تێکۆشانێکی بێهاوتا بەڕێوە دەبات. گەلی باشور خوشک و برای ئێمەن. کاتێک سیستەمی فیدراڵی لە باشووری کوردستان دامەزرا، هەموو کورد دڵخۆش بوون. ئێمە پێمان وابوو وەک گەلی کورد سوود لەم سیستەمە وەردەگرین. بەڵام دەبینین کە ڕێگە بە دوژمنانی کورد دەدەن لە دەستکەوتەکانیان کەڵک وەربگرن. خاکی خۆیان بەڕووی دوژمنانی گەلی کورددا کردووتەوە. بەتایبەت حکومەتی تورک لە سەرووی هەموو شتێکەوە دوژمنی باشووری کوردستانە. بۆ لەناوبردنی پەکەکە هاوپەیمانی لەگەڵ دوژمنەکانیان دروست دەکەن. دەرفەت بۆ دەوڵەتی تورک هەموار دەکەن، ڕێگەی پێدەدەن بنکە و بارەگای سەربازی و سیخۆڕی دروست بکات و هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێشکەش دەکەن. من وەک کوردێک ناتوانم لەوە تێبگەم. چونکە حکومەتی تورک لە هەوڵی لکاندنی باشوورە بە جوگرافیاکەی خۆیەوە. ئەگەرچی پەدەکە بۆ خۆیان زۆرترین زیان دەبینن، چونکە هەر چوار پارچەی کوردستان لە چوارچێوەی میساقی میللی حکومەتی تورکدایە. پێویستە بنەماڵەی بارزانی لەو هەڵەیە بگەڕێنەوە. ئەو هەموو سەرباز و کەلوپەلە سەربازییانە لەخۆڕا لەوێ جێگیر ناکرێن.

"پەدەکە دەیەوێت باشووری کوردستان بکاتە یەکێک لە پارێزگاکانی تورکیا"

فرات ئاماژەی بەوەکرد،  سیاسەتەکانی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە لێکەوته مەترسیەکانی هەموو کورد دەگرێتەوە و ڕایگەیاند: "بنەماڵەی بارزانی یان دەیانەوێت سیستمی فیدراڵی لەناو ببەن و بیکەن بە پارێزگایەکی دەوڵەتی تورکیا، یان لە بەرامبەر دەوڵەتی تورک هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە و ناتوانێ داواکارییەکانی حکومەتی تورک قبوڵ نەکات. لە هەر حاڵدا ڕوونە کە لە خزمەت داگیرکاری حکومەتی تورک دایە، ئەگەرنا ناتوانین ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی حکومەتی تورک بەو هەموو تانک و تۆپەوە بۆچی هاتۆتە ئەوێ. بۆچی هاوکاری حکومەتی تورک دەکەن و ڕێگای نوێیان بۆ دروست دەکەن؟ تاکە هێزی دینامیکی کورد کە تێکۆشان دەکات و ڕووبەڕووی دوژمن دەبێتەوە، بزووتنەوەی ئازادیی کوردستانە. بە داخستنی ڕێگاکانی بەرخۆدانی بزووتنەوەی ئازادیی کە لە تێکۆشاندان و ڕێگری لە گەیاندنی پێداویستیەکان و گەمارۆدانیان و لەبەرامبەردا یارمەتیدانی دوژمن، کارێکی مەترسیدارە و زیان بەگەلی کورد دەگەیەنێت. حکومەتی تورک دوژمنایەتییەکی ئاشکرا و دێرینەی دژ بە گەلی کورد هەیە. من لێرەوە دیسان داوا لە بنەماڵەی بارزانی دەکەم، ئێمە کوردستان بە یەکپارچە دەزانین. ئێمە کوردستانی باشور و ڕۆژهەڵات، باکور و ڕۆژئاوامان دروست نەکردووە، ئەمە کاری دوژمنانی گەلەکەمانە. واز لە خزمەتکردنی دوژمن بێنن. "دوژمن هیچ جیاوازییەک بۆ لەناوبردنی کوردان نابینێت."

"ئێوە ڕاسپاردەکانی مەلا مستەفا بارزانی-تان لە بیر کردووە"

حەسەن بەسری فرات وشەی مێژوویی"جاش" کە مەلا مستەفا بارزانی بۆ ئەوانەی لەگەڵ دوژمندا هاوکارییان دەکرد بەبیر هێنایەوە و وتی: "باشە ئەمە ڕاسپاردەی مەلا مستەفا نییە؟ ئەمڕۆ تەنانەت ئەو ڕاسپاردانەیش لەبەرچاو ناگرن. تەنانەت لەگەڵ دوژمنی دێرینەی گەلەکەتان یەکتانگرتووە  و میوانداری لێدەکەن. ئەگەر ئەوان کۆتایی بە پەکەکە بهێنن چیتان دەست دەکەوێت؟ پێویستە دەستبەجێ لەم هەڵەیە بگەڕێنەوە."