'رێپێوانی گەورەی ئازادی' کە لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد لە وان و قەرسەوە دەستیپێکردووە، بەردەوامە. پەرلەمانتاری دەم پارتی وەزیر جۆشکون پارلاک لەو بارەوە رایگەیاند، گەلی کورد داوای شکاندن و شەرمەزارکردنی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات و وتی، " ئێمە داواکارییەکانی گەل جێبەجێ دەکەین و تا سەرکەوتن درێژە بە چالاکیەکانمان دەدەین".
'وڵاتەکە بە سیستمی گۆشەگیری بەڕێوەدەبرێت'
پارلاک سەبارەت بە رێپێوانی گەورەی ئازادی و گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتی، "دوای ئەوەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی رادەستی تورکیا کرایەوە و لە زیندانی ئیمراڵی راگیرا، لەو کاتەوە لە گۆشەگیری تونددایە. هەم مافە یاساییەکانی و هەمیش مافەکانی مرۆڤ راگیراون. گۆشەگیری لە ٨ ساڵی رابردوودا زیاتر دژواربووە. تەنانەت دان بە مافە بنچینەییەکانی دەستوری کودەتاشدا نانێن و بەم جۆرە دەستوری هەمیشەییشیان نەهێشتووە. وڵاتەکە بە رژێمی گۆشەگیری بەڕێوەدەبرێت. لە دژی ئەو گۆشەگیریەی لە زیندانەکان دەستی پێکردووە و بە هەموو کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەوە، لە هەموو زیندانەکان بە تایبەتی لە ئیمراڵی بەرخودانی گەورە لە ئارادایە. گۆشەگیری بەو واتایەیە کە گەلی کورد بێ رێبەر بکەن، مافە دیموکراتیکەکانی ئەوان بە فەرمی نەناسن. داواکارییەکانی گەلی کورد بۆ ئاشتی، بە شەڕ وەڵام دەدەنەوە. لەبەر ئەوەی ئەو پارادایمەی رێبەری گەلی کورد هێناویەتیە ئاراوە پێشەنگایەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەو گۆشەگیرییە دژوارە بەڕێوەدەبرێت".
'ئۆجالان لە سەر ئاستی جیهان کاراکتەرێکی گرنگە'
پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان وەزیر جۆشکون پارلاک لە درێژەی قسەکانی وتی، "ئێمە نوێنەری گەلین و گەیاندنی داواکارییەکانی گەل بۆ گۆڕەپانی سیاسی ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەیە. گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام رۆژەڤی سەرەکی گەلەکەمان بووە، ئامانجی رێپێوانەکەمان مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کوردە. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان نەک هەربۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، بەڵکوو بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕ و قەیرانانەی بوونە مایەی مردنی سەدان هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشەنگایەتی بۆ چارەسەری دیموکراتیک دەکات. لە بەر ئەو ئەندێشانە نەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو لە سەر ئاستی جیهانیش کاراکتەرێکی گرنگە".
'ئامانجەکەمان بەدەستدەهێنین'
پارلاک ئەوەی خستەڕوو، کە رێپێوانەکانی ئازادی سەردەکەون و وتی، "رێپێوانی ئازادی و هەموو چالاکی و خۆپیشاندانەکانمان ئاسایی نین، بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئامانج، بەڕێوەدەچن. وەک دەزانرێت ماوەی سێ مانگە لە زیندانەکان مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەچێت و ئێشکگریی دادپەروەری دایکانی ئاشتی بەردەوامە. ئامانجمان ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کوردە بە رێگەی دیموکراتیک. لەو بڕوایەداین کە هەنگاو بە هەنگاو دەگەینە ئەو دوو ئامانجە بنچینەییەمان. تا بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەمان لە هەموو گۆڕەپانێکدا و بەهەموو جۆرێک درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین".
هـ . ب