بە دیمەن

"پەكەكە هەنگاوێكی مێژووی بۆ پڕۆسەی ئاشتی ناوە"

باهر مەحمود ئامەژەوەی بەوەدا ئەو هەنگاوەی پەكەكە و ڕێبەر ئاپۆ گرتوویەتیەبەر هەنگاوێكی گەورە و مێژووییە و لە پێناو ئاشتی هەرێمەکەدایە.

لەبارەی بڕیارە مێژوویەکەی پەکەکە، باهر مەحمود  شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی و نووسەر بۆ ئاژانسەکەمان ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) قسەی کرد و رایگەیاند کە پەکەکە بە خوێن و قوربانی خەبات وتێکۆشان و بەرخودانی کرد ئەمڕۆ بەم هەنگاوەی ئاشتی تاجی سەرکەوتن و خەبات و کوردایەتی و خوێنی شەهیدانی گشتی کۆکردەوە و بەم نزیکانە هەواڵی گەیشتن بە ئامانجی ٤٧ ساڵ خەبات دەبیستین.

'پەکەکە گەورەترین ڕۆلی لە مێژووی کوردا بینی'

باهر مەحمود  شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی و نووسەر، لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ساڵانی خەباتی پەکەکە تورکیای ناچارکرد کە ئەمڕۆ بڵێت کورد بوونی هەیە و لەسەر ئەم خاکە دەژی و ڕایگەیاند: "بێ گومان دوای ٤٧ ساڵ خەبات و قوربانیدان، شەهید بوون، بریندار بوون و ماڵوێرانی کە تورکیا بەسەر کوردی هێنا، ئەوەبوو پارتی کرێکاری کوردستان (پەکەکە) گەورەترین ڕۆلی لە مێژووی کوردا بینی لە باکوری کوردستان کە کوردی زیندوو کردەوە و کوردی ناساند، تورکیای ناچارکردن کە خەڵکی تورکیا هەست بکەن نەتەوەی کورد بوونی هەیە لە تورکیا، ئەو بڕیارەی پەکەکە پی هەستاوە لەژێر چاودێری ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزە چونکە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکە ڕوودەدات، ئیستاش پەکەکە زۆر ژیرانە ئەو بڕیارەی دا کە بڕیاری چەکدانان نییە چونکە ئێمە چەکی بیر و باوەڕمان هەیە، ئەمڕۆ خەباتی مەدەنی شێوەیەکی زۆر جوان و سەردەمیانەیە، خەباتی چەکداری کە کراوە کورد ناچارکراوە بەرەنگاری لەخۆی و بوونی خۆی بکات، بەڵام ئەمڕۆ ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی هاتۆتە پێش وا پێویست ئەکات کە ئەمجارە پەرە بە خەباتی مەدەنی بدات، هەروەها پەکەکە بەم بڕیارەی ئەو دەرگایەی بەڕووی حکومەتی فاشتسی تورک داخست کە هەر چالاکوانێک هەر ئازادیخواز و هەر دەنگێکی ئازاد هەبوایە تورکیا تۆمەتی پەکەکە بوونی دەدایە پاڵ".

'پەکەکە ئەمڕۆ چووە قۆناغێکی نوێوە'

باهر مەحمود لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا چیتر ناتوانێت بە بیانووی پەکەکە خاکی ئێمە داگیر بکات و و بۆردوومانی بکات و وتی: "ئەمڕۆ لەناو پەرلەمانی تورکیا گەورەترین شەڕ دەکڕێت کە شەڕی بیروڕا و داکۆکی کردن لە مافی کورد لەڕووی پەرلەمان و ڕاگەیاندنی ئازادەوەیە، بۆیە ئەمڕۆ خەباتی پەرلەمانی خەباتێکە کە کەس ناتوانێ نکۆڵی لێ بکات وە کەسیش ناتوانێت مەهانەی پێبگرێت، پەکەکە ئەمڕۆ چووە قۆناغێکی نوێوە کە ئیتر ئەو تەلیسمەی تێکشکاند کە لە جیهان ناویان نابوو تیرۆریست کە بەو بەهانەیە دەوڵەتی تورکیا منداڵ و ژنی کوردی شەهید دەکرد و گوندەکانی وێران دەکرد، یان دەوڵەتی تورک لەناو باشوری کوردستان تا قوولایی شارەکانی کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیانی بۆردوومان دەکرد و خەڵکی سڤیلی دەکردە ئامانج، ئیتر ئەمە نامینێت".

'لەم پرۆسەی ئاشتییە کورد براوەیە'

ئەو چاودێری سیاسییە، سەرنجی خستەسەر دۆخی تورکیا و ڕایگەیاند کە پێویستە تورکیا هێزەکانی لە ناوچەکانی دەرەوەی سنوورەکانی بکشێنێتەوە و وتی: "پێویستە ئێمە باس لەوە نەکەین کە پەکەکە چی کرد و چی لێدەێت، بەڵکو دەبێت باس لەوە بکەین دوای ڕاگەیاندنی ئەم قۆناغە چی بەسەر تورکیا دێت لەناوخۆی خۆیدا کە تورکیا بە دەوڵەتی قوول ناودەبرێت کە کۆمەڵێک کەسایەتی تورکی فاشست و ڕەگەزپەرستی تیدا، دەبێت تورکیا لە ناوچەکانی دەرەوەی سنوری تورکیا بکشێتەوە، لەم پرۆسەی ئاشتییە کورد براوەیە چونکە کورد چەکی شەڕی داناوە بەڵام چەکی بیروباوەڕی پییە، وە ئەمڕۆ کورد لە ناوچەکە ژمارەیە بۆ نموونە لە رۆژئاوای کوردستان هێزێکی چەکداری گەورەو تۆکمەی دروست کردووە کە چاوی هەموو جیهانی لەسەرە، ئامانجی پەکەکە ئەوەبوو کە دۆزی کورد بەرەوە پێش بچێت، دوای ڕاگەیاندنی ئەم پرۆسەیە ئەو مافە لە تورکیا سەندرایەوە کە بە کۆمەڵێک ڕێکخراو و گروپی تیرۆرستی دژایەتی کورد بکات، چیتر تورکیا ناتوانێت دەستوەردان لە دۆزی رۆژئاوای کوردستان بکات و دەرفەت دەبێت رۆژئاوای کوردستان وەکو باشوری کوردستان ببێتە هەرێم و خاوەن قەوارەی سیاسی سەربەخۆ".

'بەم نزیکانە هەوڵی خۆش دەبیستین کە ئامانجی ٤٧ ساڵ خەبات دێتەدی'

باهر مەحمود  شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی و نووسەر لە کۆتاییدا ڕایگەیاند پەکەکە ئەمڕۆ تاجی سەرکەوتنی لەسەرکردووە کە بە ساڵانێک ماندووبوون بنیاتی ناوە و ڕایگەیاند: "ئۆجەلان پیاوی ژیرەو پیاوی سەردەمەو سیاسەت و ئاشتییە، لەدوا رۆژدا هەموو گەلی کورد پێویستە سوپاسگوزاری ئەوم هەنگاوەی بەڕێز ئۆجەلان بین، چاوەڕێ بکەین لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکان دەردەکەوێت، لەئیستادا ڕاگەیاندنەکان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و خاوەن بڕیارەکان چاویان بریوەتە تورکیا تا چەند ڕاستگۆیە لەگەڵ ئەم واقعە، تا چەند ڕاستگۆیە لەگەڵ ئەوەی کە ئاشتی و دیموکراتی بەرقەرار بێت، تا چەند ڕاستگۆیە لەگەڵ ئەوەی کە تورکیا ئەمڕۆ لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان وەک دەوڵەتێکی مەدەنی دەرکەوێت،  بۆیە ئەمڕۆ ئەوەی پەکەکە لە ماوەی ٤٧ ساڵ بە خوێن و قوربانی خەباتی و تێکۆشان وبەرخودانی بۆ کرد، ئەمڕۆ بەم هەنگاوەی هەر هەمووی تاجی سەرکەوتن و تاجی خەبات و کوردایەتی و خوێنی شەهیدانی گشتی لەم هەنگاوە کۆکردەوەو بەم نزیکانە ئەو هەواڵە خۆشانە دەبیستین کە دەگاتە ئەو ئامانجەی کە ٤٧ ساڵە خەباتی بۆ ئەکرد".