"سەرکەوتنی قۆناغی ئاشتی ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی ناوچەکە ئەبێت"
محەمەد نەسڕەدین، چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار ستایشی بڕیارەكەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی كرد و بە هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ هێنانەئارای ئاشتی دانا.
محەمەد نەسڕەدین، چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار ستایشی بڕیارەكەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی كرد و بە هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ هێنانەئارای ئاشتی دانا.
پارتی كرێكارنی كوردستان (پەكەكە) ئەنجامنامەی كۆنگرەی ١٢ـەمینی خۆی ئاشكرا كرد و تێكۆشانی چەكداری و هەموو ئەو كارانەی بەناوی پەكەكەوە ئەنجام دەدرێن كۆتایی پێهێنا، هەروەها كۆنگرەكە شەهیدبوونی عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوونی ڕاگەیاند.
محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات(ANF) ، سەبارەت بە ئەنجامدانی ١٢ـەمین کۆنگرەی پەکەکە و ڕاگەیاندنی گواستنەوەی چالاكییە سەربازییەكانی پەكەكە بۆ خەباتی سیاسی دوا و بە هەنگاوێكی باش وەسفی کرد و گووتی، ئەمە لە چوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، هەروەها ئاماژە بەوەش کرد کە خەباتی چەکداری گەلی کورد لە باکوری کوردستان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بووە، ئەمڕۆش پڕۆسەی نوێی پەکەکە بۆ ئاشتی خواستی نوێی گەلی کوردستانە.
'ئەرکی ئێمەیە پاڵپشتی ئەو هەنگاوانە بین'
مامۆستا محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند کە هەموو کاتێ کورد لەگەڵ ئەوەبووە کە چارەسەری کێشەکانی بە ئاشتی بکات و وتی: "پێویستە ئێمەی باشور پشتیوانی براکانمان بین لە باکوری کوردستان کە ئەمڕۆ ڕێگای ئاشتییان هەڵبژاردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خەباتی کورد لە باکوری کوردستان لەپێناو بەدی هێنانی مافی کورد بووە لەو بەشە گرنگەی کوردستان، کاتێک کە خەباتی چەکداری بۆ ئەمرۆ بووە، ئەمڕۆش خەباتی مەدەنی و خەباتی گفتوگۆ و دیالۆگ و ئاشتیش هەر بۆ ئەو ئامانج و مەبەستەیە کە بەدیهێنانی ماف و داخوازییەکانی کوردە لەو بەشە گرنگەی کوردستان، کەواتا ئەوەی لەسەر ئێمەیە پاڵپشتی ئەو هەنگاوانە بین، ڕێگاکانی خەبات ڕێگای جۆراوجۆرە کورد هەموو کاتێ لەگەڵ ئەوە بووە کە چارەسەری کێشەکانی بە ئاشتی بکات، ئەمڕۆ دەرفەتێک هەیە هەموو جیهان لەگەڵ ئەوەیە کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، ئەوەی لە باکوری کوردستان ڕووئەدات ئەرکی سەرشانی ئێمە پاڵپشتی کردنە و پێمان وایە کورد دەتوانێ لەوێ هەنگاو بنێت بۆ قۆناغێکی نوێ قۆناغی بە دەست هێنانی مافەکانمان لە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتیەوە."
'سەرکەوتنی ئەم قۆناغە ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی کوردستان ئەبێت'
محەمەد نەسڕەدین لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو قۆناغە ئەگەر سەر بگرێت ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبێت بە تایبەتی بۆ باشوری کوردستان و دەڵێت: "دیارە ئەم پرۆسەیەش دوای ٥٢ ساڵ لە خەبات پێویستە دوای ٥٢ ساڵ بە خۆداچوونەوە بکرێت بۆ ئەوەی ئایا هەر بەردەوام بین لەسەر ڕێکاری خەباتی چەکداری یان پێویستە ئێستا ئەمڕۆ کورد قۆناغی خەباتی لە قۆناغی چەکدارییەوە بۆ قۆناغی دیالۆگ و گفتوگۆ بگوازێتەوە، بۆیە ئەمە قۆناغێکی گرنگە نەک تەنها بۆ باکوری کوردستان، ئەگەر ئەو قۆناغە سەر بگرێت ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبێت، وە بۆ ناوچەکەش دەبێتە بناغەیەکی پتەو سەرەکی بۆ ئەوەی گەلان چیتر کێشەکان لە ڕێی ئاشتیەوە چارەسەر بکەن و بتوانن پێکەوە هەڵکەنەوە".
'بیانوویەکی تورکیا نییە بۆ مانەوە لە باشوری کوردستان'
هەروەها ئەو چاودێرە سیاسییە، سەرنجی بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە تورکیا چیتر هیچ بیانوویەکی نییە بۆ مانەوە لە باشوری کوردستان و وتی: "تائێستا تورکیا داگیرکارییەکی زۆری دەکرد لە باشوری کوردستان و سەرووی ١١٩٠ گوندی باشوری کوردستان لە بەردەم چۆڵ کردن بوون یان تەواو چۆڵ بوون بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا، کەواتا ئەمڕۆ بە دەستپێکردنی دیالۆگ و گفتوگۆ ئەو بیانووە نا تەندروست و نادادپەروەرەی کە تورکیا بەکاری دەهێنا بۆ داگیرکاری لە باشوری کوردستان ئەو بیانوەشی بەدەست نامینێ، وە دەرفەتێکی گەورە دەبێت ئەگەر لەم هەنگاوە سەرکەوتوو بین دەرفەت دەبێت بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانش ئێمە هەوڵبدەین بە دیالۆگ و ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەری کێشەکانمان بکەین".
'پێکەوە ژیانی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی ولات ئەپارێزێت'
هەروەها ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، کە وڵاتێک کێشەی هەبوو لە نێوان پێکهاتەو نەتەوە جیاوازەکانی ئەوە دەرفەت دەدات بەدەستی دەرەکی کە بتوانێ ئەو وڵاتە کاول بکات و وتی: "ئەو گۆڕانکارییانەی لەم ناوچەیە ڕوویداوە بە تایبەتی لە سوریاو لوبنان و لە هەندێک ناوچەی دیکە، پێمان دەلێت کە هەر وڵاتێک کە کێشەی هەبوو لە نێوان پێکهاتەکانی و نەتەوە جیاوازەکانی و چارەسەری نەدۆزێتەوە ئەوە دەرفەت دەدات بەدەستی دەرەکی کە بتوانێ ئەو وڵاتە کاول بکات یان ئەو وڵاتە هەڵوەشێنێتەوە، یەکێک لەو کاریگەرانەی کە وای لە دەوڵەتی تورکیا کرد کە دەستی ئاشتی درێژ بکات وە لەژێر فشاری ئەوەی کە هەموو زلهێزەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەیانەوێ گەلانی ناوچەکە بە ئاشتی بژێن، تورکیاش مەترسی ئەوەی لەسەر بووە کە پێیوایە بەردەوام بوونی ئەم کێشەی دەرفەت دەدات بەوەی کە تورکیا بەرەو وڵاتێکی لاواز بڕوا هەتا ئاستی دابەشبوونی تورکیا کار لەسەری بکرێت، لەبەر ئەوەی گۆڕانکاری ناوچەکان پێمان دەڵێت هەر وڵاتێک ئەگەر لەسەر بنەمای "هاوڵاتی یەکسان و وڵات بۆ هەمووان" دروست نەبێت دەرفەت دەدات بەدەستی دەرەکی بۆئەوەی بتوانن کاری تێبکەن و ئەو وڵاتە هەڵوەشێنن، بۆیە بە پرۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە داواکارییەکان و مافی هەموو گەلان لە تورکیا دەرفەت و دەستی ئەو لایەنانەش دوور دەبێت لەوەی کەوا هەوڵبدەن بۆئەوەی تورکیاش بە دەردی هەندێ وڵاتی دیکە بەرێت لەبەرئەوەی بوونی کێشەی نەتەوەیی و بوونی کێشەی ئایینی و مەزهەبی لە هەر وڵاتێکدا دەرفەتی گەورە دەدات بە هەر زلهێزێک کە بتوانی ئەو وڵاتە بەش بەش بکات".
'ئاشتی بەرهەمی خەباتی ٥٢ ساڵی پەکەکەیە'
محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی، جەختی لەوەکردەوە کە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەرئەنجامی کار و خەباتی ٥٢ ساڵەی پەکەکەیە و خوێنی هەزاران شەهیدە و ڕایگەیاندووە: "دیارە ٥٢ ساڵ خەبات و دەیان هەزار شەهید تەنها لە پێناو ئەوە بوو کە ئەمڕۆ ئەگەر ئەم ئاشتییە سەربگرێت و بگەین بە مافەکانمان و براکانمان بگەن بە مافەکانیان لەو بەشەی گرنگەی کوردستان، ئەمە بەرهەمی خەباتی ٥٢ ساڵی چەکداری و دەیان هەزار شەهید بووە لەو پێناوە، کەواتا کاتێک کە کورد خەباتی چەکداری هەڵدەبژێرێت ئەو هەموو قوربانییەی دەیدا لەپێناو ئەوەیە کە لە کۆتایدا بگات بە مافە ڕەواکانی، بۆیە هەر دەستکەوتێک لەمەودوا لە باکوری کوردستان بەدەست بێت بەرهەمی خەباتی ٥٢ ساڵە لە خەباتی چەکداری و بەرهەمی خوێنی دەیان هەزار شەهیدە کە لەو پێناوەدا شەهیدبوونە، بۆیە من پێم وایە ئەبێت هەموومان ئەوە لەبەرچاو بگرین کە هەر دەستکەوتێک هەبێت بەرهەمی ئەو خەباتەیە و هەر دەستکەوتێک هەبێت بەرهەمی خوێنی ئەو شەهیدانەیە کە لە ماوەی ٥٢ ساڵدا لەو پێناوە گیانیان بەخشی".
'بیانووی بوونی تورکیا لە کوردستاندا نەماوە'
محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار باسی لەوەشکرد، پڕۆسە ئاشتی رێگرە لەبەردەم دەوڵەتی تورکیا کە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات و دەڵێت: "بە حوکمی ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەستی لە هەموو بەشەکانی کوردستانە وەرداوە بە تایبەتی لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، بیانووی تورکیا بۆ داگیرکاری لەو دوو بەشە گرنگەی کوردستان بوونی چەکدارانی پەکەکە بوو کە ئێستا دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و دەرفەتی گەیشتن بە ڕێگا چارەی ئاشتی لە باکوری کوردستان ڕێگر دەبێت لەوەی تورکیا هیچ بیانوویەکی بمێنێت بۆ دەستوەردان چ لە ڕۆژئاوای کوردستان و چ لە باشوری کوردستانیش".