کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند: لە ٤٢ـەمین ساڵیادی بەرخۆدانی مەزنی ڕۆژووی مەرگی ١٤ی تەمموزداین کە بووە هۆی گۆڕینی چارەنووسی گەلی کورد. بەم بۆنەوە سڵاو لەو بڕیارە مەزن و بەرخۆدان و تێکۆشانە مێژووییە دەکەین کە بۆ شکۆ و ئازادیی ٤٢ ساڵ پێش لەسەر ئەو بنەمایە پەرەی سەند و گەیشتە ٤٣ـەمین ساڵی بەرخۆدانەوە. ئێمە بە ڕێز و حورمەتەوە ئافرێنەری ئەم بەرخۆدانە مەزنە محەمەد خەیری دورموش، کەماڵ پیر، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک بەبیر دێنینەوە. سەرەتا ڕۆژی شکۆی نەتەوەیی لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو هەڤاڵانمان و گەلی وڵاتپارێز و دۆستانی دیموکراسیمان پیرۆز دەکەین. لە ٤٣ـەمین ساڵی بەرخۆداندا، بە ڕۆحی سەرکەوتن و بەرخۆدانی فیدایی ١٤ی تەمموزەوە، درێژە بە هەڵمەتی جیهانی ئازادی کە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە دەدەین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین."
راگەیاندراوەکەی پەکەکە بەم شێوەیە: "وەک دەزانرێت بەرخۆدانی ڕۆژووی مەزنی مەرگ کە لە ١٤ی تەمموزی ١٩٨٢ لە لایەن زیندانیانی شۆڕشگێڕەوە لە دژی ڕژێمی فاشیستی- سەربازی ١٢ی ئەیلول لە زینداندا بەڕێوەچوو، ٤٢ ساڵ تێدەپەرێت. ئەو بەرخۆدانە مێژووییەی کە بە وتنی، "ئێمە بە پارتیمان و ئازادی گەلەکەمان گرێدراوین و دەیپارێزین" دەستی پێکرد، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا. لە کەسایەتی ڕژێمی فاشیستی- سەربازیی ١٢ی ئەیلولدا عەقڵیەت و سیاسەتی داگیرکاریی و کۆمەڵکوژی حکومەتی تورک هەڵوەشایەوە. لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستان بە درێژایی ئەو بڕیار و سەرکەوتنە مێژووییە پەرەی سەندووە و دەستکەوتی مەزنی خوڵقاندووە و ئەمڕۆ بووەتە هیوای مرۆڤایەتی. ئەم بناغەیە زۆرێک لە پێشهاتە شۆڕشگێڕییەکانی، لە شۆڕشی ژیانەوە تا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی، لە شۆڕشی فکریی مەزنەوە کە خۆی لە پارادایمی شارستانیەتی دیموکراتیکدا دەبینیتەوە تا شۆڕشی ئازادیی ڕۆژئاوا بە دوای خۆیدا خوڵقاندووە. کوردستان بە هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی ١٥ی تەباخ، گەریلای ئازادیی و هیزی پاراستنی خۆی دامەزراند و هێڵی ڕاستی تێکۆشانی بۆ ڕزگاری ستەملێکراوانی ئاشکرا کرد.
لە ١٤ی تەمووزدا لەسەر هێڵی بەرخۆدانی فیدایی تێکۆشان دەکەین و سەردەکەوین
لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکەدا جەخت لەسەر ئەم خاڵانە کراوەتەوە:
"ئێستا کە دەچینە ٤٣ـەمین ساڵی ئەم بەرخۆدانە مێژووییەوە، کاریگەریی زۆر ڕوون و بەهێزی ماوەتەوە. هێڵی بەرخۆدانی فیداییانی ١٤ی تەمووز لە تێکۆشانمان بۆ ئازادی و دیموکراسی لە هەر بوارێکدا بێت، ڕێگامان ڕوون دەکاتەوە. وەک هەمیشە و لە هەموو شوێنێک هێزی مەزنمان پێدەبەخشێت، وەکوو چرای ڕووناک بەردەوام و ڕووناکی تێکۆشانمانە. ئیمرالی هێڵی سەرکەوتنی هەڵمەتی ئازادیی جیهانیمان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد دژی سیستەمی ئەشکەنجە، گۆشەگیریی و کۆمەڵکوژیی دیاری دەکات. سەرچاوەی سەرەکی هێز و ڕاستیی ڕووناکی تێکۆشانمانە لە دژی ستەمی فاشیست لە زیندانەکان، بەرخۆدانی گەل لە بەرامبەر قەیومەکان، هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە لە دژی تیرۆری فاشیست، دەستدرێژی ڕەگەزپەرستی لە شەقامەکان و بەرخۆدانی ئازادیخوازانە لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان لە باشور و ڕۆژئاوا. ئێمە وەک بزووتنەوە و گەل لە ٤٣ـەمین ساڵدا بە درێژەدان بە هێڵی بەرخۆدانی فیدایی ١٤ی تەمموز تێکۆشان دەکەین و سەردەکەوین.
ئامانجی سەرەکیمان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە
ڕوونە کە لە ٤٣ـەمین ساڵی بەرخۆدانی مەزنەوە ئێمە لە هەڵمەتی ئازادی جیهانیدا ئامانجمان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. هەڵمەتەکە ٩ مانگی تەواو کردووە و پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بەرخۆدانی گەریلا قارەمانەکان، ژنان و گەنجانمان بە تێکۆشانەوە پێشەنگایەتی ئەم هەڵمەتە دەکەن. وەک بزووتنەوە و گەل، پلانی سەرەکیمان پەرەپێدانی کاریگەر و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی هەڵمەتی ئازادیی جیهانییە، کە ئامانجی ئازادی جەستەیی سەرۆک ئاپۆیە. لەم پێوەندییەدا هێڵی بەرخۆدانی فیدایی ١٤ی تەممووز ڕێگامان باشتر ڕوون دەکاتەوە. ئاشکرایە لە ٤٣یەمین ساڵی بەرخۆداندا درێژە بە هەڵمەتی ئازادیمان دەدەین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین.
ئێمە وەک بزووتنەوە و گەل، هەلمەتی ئازادی جیهانی کە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە، لە هەموو بوارەکاندا بە چالاکییە دەوڵەمەند و خوڵقێنەرانەکان بەرەو پێش دەبەین. لە ئیمرالی دۆخەکە زیاتر لە گۆشەگیری ڕەها لە ئارادایە و ٤٠ مانگە ڕێگە نەدراوە هیچ زانیاریەکە لە ڕێبەر ئاپۆ وەربگرین. بێگومان نیگەرانی زۆر جددیمان سەبارەت بە تەندروستی و سەلامەتی سەرۆک ئاپۆ هەیە. تیرۆری فاشیستی، ستەم و چەوساندنەوەی گەل لە لوتکەدایە. دەسەڵاتداری تەیب ئەردۆغان هەموو سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر هەوڵدان دژی پارتیمان و گەلەکەمان چڕکردووەتەوە. بەم ئامانجە لەگەڵ هەموو کەسێ کۆدەبێتەوە و هەموو دەرفەتەکانی تورکیا بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێنێت. عەفرین گرێ سپی و سەریکانی لە ژێر داگیرکاریدا هێشتووتەوە و ڕۆژانە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجام دەدات. جگە لەوەش بەردەوام هێرش دەکاتە سەر گەلی شەنگال و دەیەوێت بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پەدەکە ئازادی شەنگال لەناو ببات.
هێرشی داگیرکەری دژی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و باشووری کوردستانە
هێرشی هەمەلایەنەی سوپای فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ئەمڕۆ لەدژی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و باشووری کوردستانە. هێرشە داگیرکارییەکان کە لە ١٦ی نیسانەوە بۆ سەر هەرێمی مەتینا و ڕۆژئاوای زاپ زیادی کردووە، لە ٣ی تەمموزەوە گەیشتووەتە ئاستی هێرشی دابڕان و لکاندن بە تورکیاوە. لە بازنەی ئەم هێرشە داگیرکاری و لکاندنیانەدا، کە بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی پەدەکەوە دەکرێت، دەیان هەزار سەرباز و چەتە، زیاتر لە ٣٠٠ تانک و زرێپۆش ڕەوانەی هەرێمەکانی مەتینا و زاپ کراون. بەپێچەوانەی ئەو ڕێبازەی کە لە ڕابردوودا بۆ گرتنی شاخە بەرزەکان هەیبوو، ئێستا هەوڵدەدات گوند، شار و شارۆچکەکان بخاتە بن دەسەڵاتی خۆیەوە و لەسەر ئەم بنەمایە بە ئاشکرا دەستی بەسەر بەشێکی زۆری پارێزگای دهۆکدا گرتووە. هەوڵ دەدات دانیشتوانی گوندەکانی هەرێمەکانی مەتینا و زاپ بە سوتاندنی گوندەکانیان، دەستگیر و هەڕەشە کردن ئاوارە بکات.
هێرشی داگیرکاری و لکاندنی کە لەلایەن هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە-پەدەکە-داعشەوە ئەنجام دەدرێت، مەترسییەکی گەورەیە
بۆ ئەوەی ئەم کردەوانە لە ڕای گشتی ناوخۆیی و دەرەوە بە نهێنی بشارنەوە، هەواڵی ڕۆژنامەکان بڵاو ناکەنەو و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ وەک "پەکەکە هەموو شوێنێکی عێراق دەسووتێنێ و ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات"، ڕاستییەکان چەواشە دەکەن. بەداخەوە تورکیا و ڕای گشتی جیهانیش کاریگەری ئەو درۆ و چەواشەکارییانەیان لەسەرە و لە بەرامبەر داگیرکردن و لکاندنی ناوچەیەک چەند هێندەی غەززە لەلایەن کۆماری فاشیست و کۆمەڵکوژیی تورکەوە بێدەنگن. حکوومەتی ئێستای عێراق لەبەرامبەر گوشارەکان و هەندێک بەرژەوەندی ئابوری چۆکی دانا و نەیتوانی هەڵوێستێکی پێویست و شکۆمەندانە نیشان بدات لە ڕاگرتنی داگیرکاری حکومەتی تورک. دەسەڵاتدارانی پەدەکە کە لە بنەماڵەی بارزانی پێکهاتوون، وڵات بۆ بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەی خۆیان دەفرۆشن و گەیشتوونەتە لوتکەی هاوکاری و خیانەت. دەیانەوێت هەموو حیزب و هۆزەکانی کوردستان ئەوانەی لەگەڵ بارزانی نەبن لەناو ببەن. لەسەر بنەمای ئەمەش بەشێکی زۆری باشووری کوردستانیان بە حکومەتی تورک فرۆشتووە و پێشبینی دەکرێت هەموو ئەو ناوچانە ببێتە پارێزگایەکی تورکیا.
گەریلاکان بەبێ ئەوەی پێگەکانیان بەجێبهێڵن قارەمانانە بەرخۆدان دەکەن
هێرشی داگیرکاریی و دابڕین کە بە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە-پەدەکە-داعش، بەڕێوە دەچێت جددی و مەترسیدارە. هەروەک چۆن لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا، هەوڵی کۆمەڵکوژی گەلی کورد درا، لە جەنگی جیهانی سێیەمیشدا دەیانەوێت بەم شێوەیە بگەیەنرێتە ئەنجام. ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی کوردستان هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستێکی چالاکمان بەرامبەر ئەم مەترسییە گرتەبەر و هەرچەندە تەنیا بووین، بەڵام شەڕ و تێکۆشانمان کرد. گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار بەردەوام بەرخۆدانێکی بەرزی مرۆڤانەیان نیشانداوە و قارەمانانە بە بەدیلی زۆرەوە ڕووبەڕووی هێرشە داگیرکارییەکان بوونەتەوە و بەرامبەر بۆمبی کیمیایی، ئەتۆمی تاکتیکی بەرخۆدانیان کردووە. ئێستاش ڕووبەڕووی ئەو هێرشە داگیرکاری و دابڕاندنە دەبنەوە کە لە ٣ی تەمموزەوە دەستی پێکردووە، بە بێ ئەوەی هیچ پێگەیەکیان بەجێبهێڵن بۆ ئازادی کورد و کوردستان بەرەنگاری دوژمن دەبنەوە. وە ئەم کارەش تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی خۆیانەوە کردووە. ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ڕۆژانە ئاماری شەڕەکان وەک خۆی پێشکەش بە رای گشتی دەکات. هەموو شتێک بە ڕوونی دیارە. گەریلای ئازادی کوردستان بە بەرخۆدانی بێ وێنەی خۆی بە پێشکەشکردنی شەهید بەرگری لە کوردستان دەکات و ڕێگە بە داگیرکاری و لکاندنی بە تورکیاوە نادات.
بەم بۆنەوە سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا قارەمانەکان دەکەین و پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لێ دەکەین. لە کەسایەتی هەڤاڵان جانفیدا سۆرۆ و جانفیدا عەفرین یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بە ڕێز و حورمەت و منەتبارییەوە دەکەینەوە. بەڵێ گەریلاکانی پەکەکە بەرخۆدان دەکەن و تا کۆتایی بەرەنگاری داگیرکاریی دەبنەوە. ڕێبازی ئەم بەرخۆدانەش ڕێبازی سەرکەوتن و بەرخۆدانی فیداییانەی ١٤ی تەمموزە. بەڵام نابێت تەنها بە بەرخۆدانی گەریلاوە سنووردار بمێنێ. پێویستە گەل و دۆستانی دیموکراتمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەدا هێز بەم بەرخۆدانە بدەن و بەرخۆدانی گەل هاوتەریب لەگەڵ بەرخۆدانی گەریلا پێشکەوێت. بەتایبەتی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، بە بینینی ئەو مەترسییەی کە ڕووبەڕووی بونەتەوە، پێویستە بە پێشەنگایەتی گەنجان، ژنان و ڕۆشنبیران دژی داگیرکاری و لکاندنی بوەستنەوە و ڕاپەڕن. هەروەها پێویستە گەلانی تورکیا ژنان، گەنجان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانیش ببینن کە هێرشی داگیرکاری لە ڕاستیدا گەل و داهاتووی تورکیا دەکاتە ئامانج و لە دژی دیکتاتۆری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە زیاتر تێبکۆشن.
لە ڕاستیدا ئەو هێرشانەی کە باس کران، مانای ئەوە نییە کە داگیرکەران زۆر بەهێزن. بەپێچەوانەوە، هەم فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە و هەم تاکڕەوی پەدەکە لاوازترین ساتەکانی مێژووی خۆیان ئەزموون دەکەن. بەڵام هەوڵ دەدەن بەم هێرشانە تەمەنیان درێژ بکەنەو. ماوەی هەشت ساڵە بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا هێرش دەکەن، نەیانتوانیوە هیچ شوێنێکی ئەمن بۆ خۆیان دروستبکەن. بۆیە دەکرێت دژی داگیرکاری و لکاندنی باسکراو بوەستینەوە. داگیرکاری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە و تاکڕەویی پەدەکە لەو خوێنەی کە ڕژاندویانە، دەخنکێن.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەمڕۆ ڕۆژی تێکۆشانە، ڕۆژی بەرخۆدان و سەرکەوتنە بەدرێژکردنەوەی هێڵی بەرخۆدانی ١٤ی تەمموز لە دژی هێرشەکانی ئاکەپە-مەهەپە-پەدەکە-داعش. ڕۆژی ڕاگرتنی داگیرکاری و خیانەتی فاشیست و کۆمەڵکوژییە، ڕۆژی پاراستن و ئازادی کوردستانە. ئەمڕۆ ڕۆژی بەشداربوونە لە بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان. هەروەها وەک وڵاتپارێزی کورد و ڕای گشتی دێموکراتیک، وەرن با لە هەموو بوارەکاندا دەست بە تێکۆشان و دژی هێرش و داگیرکارییەکان بەرخۆدان بکەین. وەرن یەکڕیزی وڵاتپارێزی کورد، لە دژی هاوکاری و خیانەت بنیات بنێین. وەرن با هەموو ڕێکخراوە کوردییەکان لەدژی چەوسانەوەی دەسەڵاتداران، فێوداڵی و مۆنیستی، هاوپەیمانییەکی سیاسی دیموکراتیک دروست بکەین. وەرن با بە باش ناسینی دوژمن و دۆستەکانمان بزانین چۆن لەگەڵ دۆستەکانمان دانیشین و چۆن لە دژی دوژمنانمان شمشێر بکێشین. وەرن با ئازادیی کوردستان و یەکێتی دیموکراتیکی تورکیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بنیات بنێین."