مانگرتنی بەنۆرە کە بە ئامانجی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ئەو کە لە لایەن زیندانی سیاسییەوە دەستیپێکردووە، بەردەوامە. ئەو چالاکییەی کە لە ٢٧ی تشرینی دووەم لە چوارچێوەی هەڵمەتی"ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستیپێکرد، تا ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت.
ڕەزا پۆلات هاوسەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی لقی ئامەد، سەبارەت بە مانگرتنی زیندانەکان و گۆشەگیریی سەپێنراو بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، قسەی بۆ ئاژانسی فورات کرد.
داواکاری زیندانیان ڕەوایە
پۆڵات ئاماژەی بەوەشکرد، لە زیندانەکاندا چالاکیی مانگرتن بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ڕەهای سەر عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کوردە و وتی:"لە هەندێک زیندان کێشەی جددی هەیە، هەندێک لە زیندانییەکان بەهۆی دەستپێکردنی مانگرتنەوە خراونەتە ژووری تاکەکەسی و لێیان دراوە. داواکاریی زیندانیان ڕەوایە. مانگرتنەکانی ئەمڕۆی زیندانەکان بەو مانایەیە کە دەوڵەتی تورکیا و دامودەزگا ئیدارییەکانی یاسا بنەڕەتیەکان جێبەجێ بکەن. کاتێک سەیری مێژووی جیهان دەکەین، مانگرتن لە خواردن لە دژی دەسەڵاتداران بەهۆی پێشێلکاری یاسایی و ئەخلاقیەوە بووە، چ لەلایەن تاکەکان و چ بە شێوەیەکی جەماوەری."
لەسەر گەلی کورد 100 ساڵە سیاسەتێکی گۆشەگیری هەیە
پۆڵات ئاشکرای دەکات کە گۆشەگیریی توند لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو و دەڵێت:"گۆشەگیری لەسەر زمان، بوون، کولتوور و بارودۆخی جەستەیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە ڕۆژەڤدایە، لەبەر ئەم هۆکارەیە باس لە گۆشەگیرییەکی ١٠٠ ساڵە دەکەین کە بەسەر گەلی کورددا سەپێنراوە. لە دوای ساڵی ١٩٩٩ ئەم سیاسەتەی گۆشەگیرییە لە سەر کەسایەتی بەڕێز ئۆجالاندا دەستی پێکردووە. سەد ساڵە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زمان و کولتووری خۆی دابڕێنراوە، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و گۆشەگیریی بووەتەوە. ئەمڕۆش بەڕێز ئۆجالان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لە ڕووی جەستەییەوە گۆشەگیر دەکرێت."
دەسەڵات دەبێت ئەم داواکارییە لەبەرچاو بگرێت
پۆلات ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٥ـ بەملاوە بە هۆی سیاسەتی گوشار و زۆرەملێی دەوڵەت لەسەر چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان پەرەی سەندووە و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:"دەبێت دامەزراوە یاساییەکان، ئۆپۆزسیۆن و سیاسەتی دیموکراتیک، هەموویان بیر لەوە بکەنەوە. لەم پڕۆسەیەدا دەسەڵات هەوڵ دەدات بە سیاسەتی دادگاییکردن، زیندان، ئەشکەنجە و مردن هەمووان بێدەنگ بکات. پێویستە هەموو دامەزراوە ماف و یاساییەکان و بەتایبەت لە ئەرکەکانیاندا پێشەنگایەتی بکەن و لە نزیکەوە چاودێری مانگرتنی زیندانییەکان و داخوازی ڕەواکانیان بۆ ڕای گشتی بگۆازنەوە و بۆ جێبەجێکردنی مافەکانیان داوا لە دەسەڵات بکەن. بەو پێیە مانگرتنەکە تەنیا لە ڕوانگەی یاسایی و سیاسییەوە سنووردار نەمێنێ، پێویستە لە ڕوانگەی ئەخلاقییشەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. مانگرتن لە خواردن پەیامێکە بۆ دەسەڵات، بانگهێشتێکە بۆ سنوور و پێوەرە ئەخلاقییەکان. دەوڵەت دەبێت یاسا و ڕێساکانی پەیوەندیدار بەوە جێبەجێ بکات."