هەڵوێست بەرامبەر بە داگیرکاری
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک درێژەی هەیە، لایەنە سیاسەکانی باشووری کوردستان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییانەدا بێدەنگن. سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک؛ هەریەک لە فازڵ ئەحمەد محمد کارگێڕی مەڵبەندی حیزبی شیوعی گەرمیان و هۆشیار عبدولعزیز ڕۆژنامەنوسی میدیای حیزبی شیوعی لە گەرمیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.
'عەقڵێتی دەسەڵاتداری تورک ڕیشەیەکی قڕکەرانە و داگیرکارانەی هەیە'
کارگێڕی مەڵبەندی حیزبی شیوعی گەرمیان فازڵ ئەحمەد باسی لەوە کرد دەوڵەتی تورک چاوی لە داگیرکردنی خاکی وڵاتانی تر و بەتایبەت خاکی باشووری کوردستانە و وتی: " ئەو لەشکرکێشییانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاوساوێکی نیە، بە هەموو شێوەیەک ناڕەوا و نا مرۆڤانەیە، بۆیە بوونی پەکەکە پاساو نیە بۆ لە شکرکێشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، ئەوە ئەقڵێتی دەوڵەتی تورکە کە خۆی داگیرکەرە بەلای هەندێکەوە پەکەکە کراوە بیانوو بۆ هاتنی دەوڵەتی تورک بۆ ناوخاکی کوردستان، بەڵام لە بەعشیقە پەکەکە بوونی نیە و دەوڵەتی تورک بنکە و بارەگایی داناوە. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە دەوڵەتی تورک خۆی داگیرکەر و تێکدەرە."
'دەبێت گردبوونەوەی ناڕەزاییەتی دژی داگیرکارییەکان ئەنجام بدەین'
لە درێژەی قسەکانیدا فازل ئەحمەد باسی لەوە کرد بە تەنیا لاوازین و دەبێت یەکگرتووبین و وتی: " حیزبی شیوعی کوردستان هیچکات لایەنی نیشتیمان پەرەوەری بەرنەداوە، هەمووکات جەختی لە یەکڕیزی و پێکەوە بوونی لایەنە کوردییەکانە کردووە. بۆ پاراستنی خاکی کوردستان پێویستە چالاکی و گردبوونەوە ئەنجام بدڕێت دژ بەم داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک."
لە کۆتایی قسەکانیدا فازڵ ئەحمەد وتی: "پێویستە گەلی کورد هۆشیاربێتەوە ئێستا لە قۆناغێکی هەستیارداین، تاک بە تاکی کۆمەڵگا دەبێ خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بە هەڵوێست وەرگرتن دژ بە داگیرکاری."
'کێشە ناوخۆییەکان هۆکارە بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان'
هۆشیار عبدولعزیزی ڕۆژنامەنوسی حیزبی شیوعی باسی لە نەبوونی یەکڕیزی کورد کرد کە هۆکارە بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەرباشووری کوردستان و وتی: " پەرتەوازەی هەرێمی کوردستان بووە بە هۆکاری ئەوەی داگیرکەران لە شکرکێشی بکەن بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەوەیشی ڕێگربین لە هاتنی هەرهێزێکی داگیرکەر بۆ کوردستان دەبێت پێش هەموو شتێک لایەنەکانی کوردستان پێکەوە ئامادەبن و بەیەیەکگرتوویەوە ڕێگریبکەن. نەبوونی یەکگرتووی نێوان لایەنەکان بەمانای کێشەی ئیداری و سیاسی دێت."
'هاتنی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم بەبێ ئاگاداری عێراق و هەرێمی کوردستان نیە'
هەروەها هۆشیار عەبدولعەزیز ئاماژەی بەوەکرد هەبوونی پەکەکە تەنها بیانووە و ئامانجی دەوڵەتی تورک ڕوونە بۆ داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستانە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو:" باوەڕم وانیە کە هاتنی تورکیا بەبێ ئاگاداری دەسەڵاتداری عێراق و هەرێمی کوردستان بووبێت، هەرجۆرێک لە ڕێکەوتن کرابێت بەدڵنیاییەوە مەترسی و زیانەکەی بۆ هەرێمی کوردستانە."
لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشیار عەبدولعەزیز بانگەوازی لە لایەنە سیاسیەکان و گەل کرد و وتی: " پێویستە لایەنە سیاسیەکان و ڕۆژنامەنووسەکان، چالاکوانان ڕووبەڕووی هەموو لە شکرکێشی و داگیرکارییەک ببنەوە کە بۆ سەرخاکی کوردستان ئەنجام دەدرێت".