پژاک: خەڵک ریفراندۆم ئاسا وتیان "نا" بۆ کۆماری ئیسلامی

پژاک سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی دوێنێ و بایکۆتکردنی لەلایەن خەڵکەوە رایگەیاند، "ئەم شکستە پر ئابڕوچوونە بۆ رژێم مزگێنییەکە بۆ بەرەی ئازادیخوازان. ئەم حیماسەیەی لە سەروبەندی بەهاردا تۆمارکرا، هێمای گەشاوەبوون و سەوزتربوونی ساڵی بەردەممانە".

دوێنێ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی و ئەنجومەنی شارەزایان لە ئێران بەڕێوەچوو، کە لەلایەن خەڵک و زۆرێک لە کۆڕ و لایەنەکان لە ناوخۆ و دەرەوە بایکۆت کرابوو. بەپێی ئامار و زانیارییەکان دەرکەوت کەمترین رێژەی دەنگدەران چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و کاریگەری بایکۆت بە روونی دەرکەوت.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی بایکۆتی پرۆسەکە لەلایەن خەڵکەوە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە راگەیەندراوێکدا شرۆڤە ئەو بابەتەی کردووە.

راگەیەندراوەکەی پەژاک بەم جۆرەیە:

بۆ رای گشتی؛

شانۆگەری هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و خەڵکی ئێران مۆری رەتکردنەوە لە یەخەی سیستمێکدا کە جگە لە نەهامەتی و دژواری و تەنگوچەڵەمە هیچی دیکەی بۆ ئەوان پێنەبووە. بەشداری کەمی خەڵک لە هەڵبژاردن دەریخست کە خەڵک نەک هەر دەستیان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیستم دەرنەبڕیوە، بەڵکوو هەموو دەرچەیەک بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی خۆیان بەکاردەهێنن. گروپێکی یەکجار بچوک کە بە دڵنیاییەوە لەڕێگەی رێکارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە پەلکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان کراون، ئەوانیش نەیانتوانی هیچ کارتێکەریەکیان لە سەر دۆخی بایکۆت هەبێت. سیستم دەستەوداوێنی رێکارەکانی سەرلەنوێ رەوایەتیدان بە خۆی بووە، بەڵام خەڵکیش بە دژکردەوەی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، رەوایەتیان لە سیستم سەندەوە. ئەم سیستمە بە کردەوە نادیموکراتی، دژە ئازادی، دژە ژن و دژە خەڵکی خۆی کارنامەیەکی رەش و تاریکی بۆ خۆی تۆمارکردووە و سەرجەم پەیوەندییەکانی بە کۆمەڵگای گەلی (کۆمەڵگای ئەخلاقی- سیاسی) پچڕاندووە، خەڵکیش بە پەنابردن بۆ ئەو رێکارانەی بەدەستیانەوەیە رووبەڕووی بوونەوە و هەموو شانۆگەریەک دەگۆڕن بۆ داستان و حیماسەیەک لە دژی سیستم. سەرباری ئەوەی رژێمی کۆماری ئیلامی بە شێوەی بەربڵاو سەرجەم کەرستەکانی بەردەستی بەکارهێنا و سەرەڕای شانۆگەری کە بەگشتی ئەنجامێکی گاڵتەجاڕانەیان لێکەوتەوە، ئاستی بەشدار لە هەڵبژاردنەکەدا بە جۆرێک کەمووە کە مەگەر تەنیا دەزگای درۆو و چەواشەکاری پرۆپاگەندەیان لافی "بەشداری" لێبدەن و هەر خۆیان بیڵێن و هەرخۆشیان بڕوای پێبکەن! گەلانی ئێران، ژنان و گەنجان لە رێگەی بایکۆتەوە نیشانیاندا کە هەروەک چۆن لە حیماسەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرجەم پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێم پچڕاند، بەردەوامن لە پێداگری لە سەر هەڵوێستەکانیان و ئیرادەیەکی پتەویان هەیە تا ئەم بەربەستە مێژووییە تێپەڕێنن. ئەو بابەتە ئاماژە بۆکراوە هێمای ئەوەیە کە خەڵک تێگەیشتنی قووڵیان لە سیاسەت و کاروباری وڵاتەکەیان هەیە و وشیاری سیاسیان لە ئاستێکدایە کە بارەتقای فرت و فێڵەکانی دەسەڵات بێت و بتوانێت تێی پەڕێنێت. ئەمەش مایەی دڵخۆشیە. کۆمەڵگای وشیار و رێکخراو دەتوانێت سیاسەتی راست بە ئەنجام بگەیەنێت و لە هەناوی خۆیدا تێکۆشەرانی سیاسی راستەقینە پەروەردە بکات و رێکخراو و دامەزراوەکانی خۆی بونیاد بنێت.

کۆمەڵگا و گەلی وشیار، دژە ژەهری هەموو پاوانخوازی، نادادپەروەری، رەگەزپەرستی و ستەم و  نادادییەکە. ئەم گەلە وشیارەیە، کە سەرباری هەموو قوربانیدانەکان، دەزگای ستەم و خراپەکاری هەژاندووە و لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژوودا حیماسە ئاسا وانەی مێژوویی بە هەموان وتوەتەوە. یادەوەری و هۆشمەندی گشتی بەم جۆرە ئازادیخوازانە و یەکسان خوازانە پێکهاتووە و ئەمەش رەوتێکی کە هیچ هێزێکی ستەمکار و فریودەر ناتوانێت لەناوی ببات. تا ئەو کاتەی ئەم پێکهاتە و چوارچێوەی کۆمەڵگا بە زیندوویی بمێنێتەوە، فریو و چەواشەکاری هیچ بەرهەمێکی نابێت. تۆوی ستەم لە کێڵگەی وشیاری و ئازادی خوازی کۆمەڵگا هیچ بەختێکی بۆ شین بوون و رووانی درێژخایەن نییە. سروشتی کۆمەڵگایەکی وشیار رێگە بەوە نادات. ئەمە هەمان ئەو دۆخەیە کە مایەی دڵخۆشی و شادییە و دەبێت بە پیرۆز دابندرێت.

بێگومان تووشی چەندین گیرۆدەی چەندین ئاریشەی کۆمەڵایەتین، بە دڵنیاییەوە بەشێک لە کۆمەڵگا لە رووی ناچاریی یاخود ناوشیاری و هەندێکیش لە رووی بەرژەوەندی خوازی و گەندەڵیەوە دەستیان لە گەڵ رژێمی ئێران تێکەڵ کردووە. بەڵام رێژەی یەکجار کەمی ئەم توێژە لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا بینرا. لە پەنای ئەم بابەتانە، هەندێک پرسی ناوچەگەرایانە، کێبرکێی ساختەی ئیتنیکی و خێڵەکی و دەستە و تاقمگەری ئەو رێگایانەن کە رژێم قۆستوونیەتەوە بۆ ئەوەی بازاڕی هەڵبژاردن لە رێگەیانەوە گەرم بکات و ئەوە لە کارنامەی خۆیدا بنوسێتەوە و وەک هەندێک ئامار و ژمارە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بهێنێت، بەڵام رێژەی ئاماژە پێکراو یەکجار کەمبووە و بابەتەکە لای هەمووان روون و ئاشکرایە. بە دڵنیاییەوە هەروەک رژێم خۆیشی لە بانگەشەکاندا باسی لەوەدەکرد، کە ئەم هەڵبژاردنە ریفراندۆمە، خەڵک بە حیماسەیەکی ریفراندۆم ئاساوە هەمان ئەو "نا"یەیان بە کۆماری ئیسلامی وت، کە لە سەرهەڵدان و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پێیان وتبوو. ئەم هەڵبژاردنە شانۆگەری و نمایشیە بووە دەرفەتێک بۆ ئەوەی خەڵکی سەرتاسەری وڵاتەکە جارێکی دیکە داواکارییە رەواکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان بخەنەڕوو.

بەشدارینەکردنی خەڵک لە سەرتاسەری کوردستان و ناوچەکانی پەراوێز لە ئێران دەریخست کە فرت و فێڵ و رێکارەکانی گوشار و پەستان نەیتوانیوە خەڵک لە خواست و داواکاریەکانیان پاشگەز بکاتەوە. ئەمە ریفراندۆمێکە کە بە بێدەنگی و نەرۆیشتن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بەڕێوەچوو، لە هەمان کاتدا وەفادارییە بەرامبەر بەوانەی کە لە رێگای ئامانجە ئازادیخوازانەکانیان گیانیان لەدەستداوە. خەڵک ئامادەنەبوون دەستیان بە خوێنی کەسانێک کە لەپێناو ئەواندا گیانیان بەختکردبوو، سووربکەن و بە پەنجەیەکی لە خوێن هەڵکێشراو بەڵگەی پشتیوانی لە رژێم مۆر بکەن. ئەم شکستە پر لە ئابڕوچوونەی رژێم دەبێت وەک مزگێنیەک بۆ بەرەی ئازادیخوازی دابنرێت. مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە و ساڵی پڕپیت و بەرەکەت لە بەهارەکەیەوە. ئەم حیماسەیە کە سەروبەندی بەهاری ئەمساڵدا، نیشانەی گەشاوەبوون و سەوزبوونی ساڵەکەیە. بەهیوای کۆتاییهاتن بە سەرجەم ستەمەکان و گەیشتنی بەهاری گەلان لە وڵاتەکەمان..

بژی کۆمەڵگای باگا و وشیار!

نامرن ئەوانەی لە رێگەی ئامانجە گشتییەکاندا خۆیان بەختکرد!

یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن!".

هـ . ب