پژاك: رژێمی ئێران و دەوڵەتی تورك دەیانەوێت سەرهەڵدان و راپەڕینی گەلانی ئێران سەركۆت بكەن

پژاك سەبارەت بە گۆڕانكاریە سیاسیەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و كوردستان شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لەبەشێكی هەڵسەنگاندنەكانیدا رایدەگەیەنێت؛ بەدەست پێكردنی راپەڕینی ئازادیخوازانە و بێ وێنەی گەلانی ئێران بەناڕەزایەتی لەدژی تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی، سەرهەڵدان لەهەژدەهەمین رۆژیدا بەئێرادە و پێداگریەكی مەزنترەوە بەرێوە دەچێت. چینی نوێ خاوەنداریکردن لە شۆڕشی شەقام پشتڕاستیان كردەوە كە چینی سەرهەڵدان و شۆڕشن و دەتوانن، بزوتنەوەی نوێ"ژن، ژیان، ئازادی" بەجوانی بگەیەننە سەركەوتن. ناڕەزایەتی و مانگرتنەكان بەیەكگرتوویی و یەكێتی هەموو گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان چووەتە قۆناخێكی سەرهەڵدانی سەرتاسەریەوە و هەموو كەس لەبەردەم شۆڕشێكی راستەقینەدان. دەبێت بەپەڕۆشەوە ئەوە بزانین كە ئەو سەرهەڵدانەی لەرۆژهەڵاتی كورستان دەستی پێكردوە و بووەتە ماڵی هەموو گەلانی ئێران، بەشێك لە"بزوتنەوەی جیهانی دوور لە فاشیزمە" كە لەسەر بنەمای سیمبۆلی پڕ لە واتای"ئازادی ژنان و یەكێتی گەلان"بووەتە سەرتاسەری.

لەبەشێكی تری هەڵسەنگاندنەكانی پژاكدا هاتووە؛ بەهۆی ئەوەی كە لەسەرەتای سەرهەڵدانەوە بەپێشەنگایەتی ژنان و یەكێتی گەلان ڕۆڵی خۆیان لەسەر جەستەی سەرهەڵدانەكان نەخشاند. هەبوونی رژێمی فاشیستی ئێرانی هەژاندوە. رژێمی سەركۆتكار و دسپۆتیش دەستی بەكۆشت و بڕی ئازادیخوازان لەشەقامەكان كردوە و لەدژی شۆڕشی ئازادی و دیموكراتیك دەجۆڵێتەوە. لەشوێنی وەڵامدانەوە بەداواكاریە رەواكانی گەلان و ژنان، بەلۆژیكی فاشیستی و بەرێگەی ترس و تۆقاندن بۆ سەركۆتێكی بێ بەزییانەی گرتووەتە بەر.

لەبەشێكی تر هەڵسەنگاندنەكانی پژاكدا هاتووە؛ ئاستی بەرفراوانی دۆژمنی دامەزراوەكانی حكومەت لەوانە؛ دامەزراوەكانی"پەرلەمان و حكومەت  و سیستەمی دادوەری" و رێبەرایەتی پەیامی سەركۆتی خۆێناوی سەرهەڵدانی بەگوێ كۆمەڵگە و هەموو چین و توێژەكاندا. قسەكانی خامنەیی لەسێیەمین هەفتەدا لەبارەی سەرهەڵدانەكان، نیازی بێ شەرت و مەرجی رژێمی فاشیستی بۆ بەردەوامی دۆژمنی لەدژی گەلانی ئێران پشتڕاست كردەوە كە ئەمەش نیشانەی لاوازی و بێ چارەبوونە لەبەرامبەر كۆمەڵگە. ئەم هەڵسوكەوتە فاشیستیە، بێ رێزیكردن و تەحقیری سەرهەڵدێران ناتوانێت راپەڕینی راستەقینی گەلان و ژنان بەربەست بكات. ئێدی درۆ كردن لەسەر راپەڕینی گەلان بەخراپەكاری و گرێدانیان بەدەستی دەرەكی و هێزە بیانیەكان ئاشكرا بووە و ناتوانێت راپەڕینی هەڵقووڵاوی گەل لاواز بكات.

لەئێستادا ئێدی راپەڕینی ژنان و گەلان بەناڕەزایەتی مەدەنی"سڤیل" قۆناخی ناڕەزایەتی بڕیووە و بەتێپەڕبوون بە رێ و رێبازی مانگرتن دەربازی قۆناخی سەرهەڵدانی سەرتاسەری بووە. رەنگە هەڵوێستی زۆر بوێرانەی ژمارەیەك لەهۆنەرمەندان، سینماكاران، وەرزشكاران و كەسایەتیە ناسراوەكان لەسەرانسەری ئێران و جیهان، بەشێوەیەكی بەهێز شەپۆلی سەرهەڵدانەكانی بەهێزتر كردوە. ئەم ئاستە لەسەرهەڵدان تا ئێستا لەماوەی چل و سێ ساڵی رابردوو رووی نەداوە.

مانگرتنی كرێكاران، مامۆستایان، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان و خوێندنگاكان بوونەتە شێوەیەك لە سەرهەڵدان و سەرهەڵدانەكانیان دەوڵەمەندتر كردوە. بەم بۆنەوە ریشەداربوون، جددی بوون و بەرفراوانی سەرهەڵدان، پشتیوانی ئازادیخوازانی جیهانی بۆ لای خۆی راكێشاوە. بزوتنەوەی"ژن، ژیان، ئازادی" بەپێشەنگایەتی گەلی كورد هەرچوار بەشی كوردستان و گەلانی ئێران، رێگای گۆڕانكاری مێژوویی لەرۆژهەڵاتی ناوین كردۆتەوە و كاریگەری لەسەر ئاستی جیهانی داناوە.

پژاك دەشڵێت؛ دەبێت هەموو لایەك ئاگادار بن كە رژێمی فاشیستی ئێران بۆ سەركۆتێكی بێ بەزییانەی ئەم سەرهەڵدانە دەستی بە رێكارگەلێك لەناوخۆ و دەرەوە و بەرفراوان كردوە. سیناریۆگەلێكی درۆست كردوە تاوەکو بە سەركۆتکردن لەناوەوە بەشێوەیەك هاوشێوەی شەڕەكان لەبەرامبەر ژنان، گەلان و كۆمەڵگە هەڵسوكەوت بكات و لەدەرەوەی سنورەكان هەم بە هێرش بۆ سەر حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرەیەكی شەڕ نیشان بدات و بەمشێوەیەش بیانۆیەك بۆ كۆشت و بڕەكانی رژێم بدۆزێتەوە و بەرەوای بەناو بكات. بۆیەش كۆشتی بێ بەزەییانە لە بەلووچستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بە بەرنامەیەكی لەپێش ئامادەكراو ئەنجامیدا. لەكاتێكدا رەوشی سەرهەڵدان ئەم جارە جیاوازە لەجاران و بە ئاسانیش سەركۆت ناكرێت.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان ئەوەشی راگەیاندوە؛ هەرچۆن دەوڵەتی داگیركەری تورك هەست بەمەترسی لەلایەن گەلی ئازادیخوازی كوردەوە دەكات، شوێنەكانی تری كوردستان لەعەفرینەوە بگرە تا قەندیل دەكاتە ئامانجی هێرشە داگیركاریەكانی، ئەمڕۆكەش رژێمی ئێران بەهاوكاری و هاوئاهەنگی ئەنقەرە هەمان رێگەی گرتووەتە بەر. هێرشی سوپای داگیركەری دەوڵەتی تورك بەهاوكاری سوپای پاسدارانی فاشیستی ئێران، لەبەرامبەر سەنگەرەكانی پارتەكەمان"پەژاك" لەهەرێمەكانی ئاسۆس و پێنجوێن ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە بڕیاری فاشیست بۆ هەوڵێكی شەڕخوازانە بەرفراوانتر لەسنورەكانی خۆی لەئاستی رۆژهەڵاتی ناوینە. هەرچەندە دۆژمنیایەی نێوان ئێران و تورك قووڵە و لەئاستی سەربازی و سیاسی مەترسیداردان، بەڵام لە دۆژمنایەتی لەگەڵ گەلی كورد و شكاندن و بەربەستكردنی سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، بە هاوكاری و بە بەرنامە كار دەكەن. بە ئاشكرا هێرشی دەوڵەتی تورك بەهەرێمەكانی ئاسۆس و پێنجوێن و تیرۆری"ناگەهان ئاكارسەل" لەشاری سلێمانی لەو كاتەی كە هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای ئیستخباراتی تورك لەشاری هەولێرە، نیشانەی ئەوەیە کە سەرقاڵی ووتووێژن بۆ بەرفراوانكردنی شەڕ و خیانەت لەدژی بزوتنەوەی ئاپۆیی. ئەمەش پەیامێكی دۆژمنكارانەی ئاشكرایە بۆ هەمو گەلی كورد بۆ بەردەوامی بە سیاسەتی كۆمەڵكۆژی جەستەیی و کەلتوری. بۆیەش پرسی كورد، جیاوازە لەپرسی گەلانی بەلووچ، عەرەب، ئازەری و گیلەك، پرسێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی و جیهانیە و سەرهەڵدانی ئەمڕۆكەی گەلانی ئێران بەبێ چارەسەركردنی ئەم پرسە ناگاتە ئەنجامێكی كۆتایی.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان کۆتایی هەڵسەنگاندنی بارۆدوخی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و سەرهەڵدان و راپەڕینی گەلان لەئێراندا دەڵێت؛ بێگۆمان وەكو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پەژاك" بەشێوەیەكی بەهێز پشتیوانی خۆمان لە سەرهەڵدانی گەلان رادەگەیەنین و پشتگیری لەبەرەی دژی فاشیزم دەکەین و لەم باوەڕیەشداین كە بەناڕەزایەتیەكان لەسێیەمین هەفتەی خۆیدا كە بەشێوەی سەرهەڵدانە، بەدەست پێكردنی مانگرتنی سەرتاسەری دەتوانرێت سەرهەڵدانەکە بەهێزتر بێ و رژێمی دەسەڵاتداری فاشیست لەبەرامبەر هێزی گەلان تووشی شەلەل بكات. داواكاری یەكێتی و یەكگرتوویی گەلان و بەشداربوونی بەرفراوان و مێژوویی ژنان بەدەر لەشەڕ و خوێنڕشتنە."

ف.ق