پەژاک: شەهیدان باهۆز و ڕۆژهات نموونەی دڵسۆزی و پێداگریی لەسەر تێکۆشان بوون
کۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، یادی باهۆز سەرحەد و ڕۆژهات ئامەدی بەرزڕاگرت.
کۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، یادی باهۆز سەرحەد و ڕۆژهات ئامەدی بەرزڕاگرت.
کۆمیتەی شەهیدانی پەژاک، بەبۆنەی ٩ ی کانوونی یەکەم، دوانزهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی باهۆز سەرحەد و ڕۆژهات ئامەد، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و یادی ئەم شەهیدانەی بەرزڕاگرت.
لە ڕاگەیاندراوەکدا هاتووە: "٩ ی کانوونی یەکەم، هاوکاتە لەگەڵ دوانزەهەمین ساڵیادی دوو ڕۆڵەی تێکۆشەر و فیداکاری گەلی کورد، بە ناوەکانی فەرشید کاتورانی بە ناسناوی "باهۆز سەرحەد" و زەینەڵ کارابەنەک بە ناسناوی "ڕۆژهات ئامەد"، بەم بۆنەیەوە، یادی ئەم دوو ڕێبوارەی ڕێگەی حەقیقەت و ژیانی ئازادی و تەواوی شەهیدانی مانگی کانوونی دووەم بەرزڕادەگرین".
پەژاک لە ڕاگەیاندراوەکەیدا سەبارەت بە شەهیدبوونیان دەڵێت: "ساڵی ٢٠١٠، ئەوکاتەی هەڤاڵ ڕۆژهات لەگەڵ هەڤاڵ باهۆز لە ناوچەی کەلەڕەش سەر بە سەڵماس، سەرقاڵی ئەرک و بەرپرسیارێتییە شۆڕشگێڕی و مرۆڤایەتییەکانی خۆیان بوون، ڕووبەڕووی هێرشی بەکرێگیراوان و پاسەوانانی ڕژێمی فاشیست و داگیرکەری ئێران بوونەوە، لەو پێکدادانەدا، هەردوو جەنگاوەری ئاپۆیی پاش بەرخۆدان و نەبەردییەکی مەزن، شەهیدبوون".
درێژەی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەم جۆرەیە:
"٩ ی کانوونی یەکەم، هاوکاتە لەگەڵ دوانزەهەمین ساڵیادی دوو ڕۆڵەی تێکۆشەر و فیداکاری گەلی کورد، بە ناوەکانی فەرشید کاتورانی بە ناسناوی "باهۆز سەرحەد" و زەینەڵ کارابەنەک بە ناسناوی "ڕۆژهات ئامەد"، بەم بۆنەیەوە، یادی ئەم دوو ڕێبوارەی ڕێگەی حەقیقەت و ژیانی ئازادی و تەواوی شەهیدانی مانگی کانوونی دووەم بەرزڕادەگرین.
هەڤاڵ فەرشید کاتورانی بە ناسناوی "باهۆز سەرحەد" ساڵی ١٩٨٥ لە شاری سنە و لەنێو خانەوادەیەکی وڵاتپارێز چاوی بەدنیا هەڵهێنا. شەهید باهۆز، هەر لە تافی لاوێتییەوە درکی بەو کێشە و گرفتانە کرد کە بوونە ئاستەنگ لەبەردەم ژیانی ئازادی جڤاکدا و بەرئەنجامی سیاسەتی نامرۆڤانەی ڕژێمی داگیرکەری ئێران بوون. لە گەڕانی بەدوای ڕێگەیەک بۆ ئازادی گەل و وڵات، بە فیکری ڕێبەر ئاپۆ و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ئاشنابوو. لەپاڵ خوێندنەوە و وردبوونەوەی زیاتر لە فەلسەفەی ئازادیبەخشی ڕێبەرێتی، سەرقاڵی هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستنی گەنجان دەبێت. ساڵی ٢٠٠٧ بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان پەیوەندی بە ڕیزەکانی تەڤگەری ئاپۆییەوە دەکات. ئومێد و باوەڕی وی، تا دەهات پتەوتر و بەجۆشتر دەبوو. هەڤاڵ باهۆز گەنجێکی پاک و چالاک بوو، لە کاروانی تێکۆشاندا باوەڕێکی قووڵی بە هێز و ڕێکخستنی گەنجان هەبوو، بەم هۆیەوە پاش ماوەیەک لە وەرگرتنی پەروەردە و چالاکی لە چیا ئازادەکان، بە ئامانجی ڕۆشنکردنەوەی بیر و بەهێزکردنی ڕێکخستنی گەنجان، بە نیازپاکی و لەخۆبوردووییەوە، ڕوویکردە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەوێشدا تێکۆشان و چالاکیی گرنگ و کاریگەری وەک یادگاری هێشتەوە.
هەڤاڵ زەینەڵ کارابەنەک بە ناسناوی "ڕۆژهات ئامەد" ساڵی ١٩٧٢ لە دەڤەری لجێی شاری ئامەد لە باکووری کوردستان لە دایکبووە. لە ماوەی خوێندنی زانکۆدا بە بیر و فەلسەفەی ڕێبەری ئاپۆ ئاشنا دەبێت و لە ساڵی ١٩٩٣ بەشداری تەڤگەری ئازادی گەلی کورد دەبێت. شەهید ڕۆژهات شوێنکەوتەی حەقیقەت وگەنجێکی ڕۆشنبیر، پابەند و شۆڕشگێڕ بوو، هەموو تەمەنی خۆی لە پێناو تێکۆشان بۆ ئازادی خاک و سەربەرزی جڤاک تەرخان کرد. بەردەوامی و تێکۆشانی لە شەڕدا لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی بوو، لەگەڵ خۆشەویستی بۆ گەل و خزمەتکردنی، ساڵانێک لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان، لە ئامەد، قەندیل و دێرسیمەوە هەتا سەڵماس، شاهۆ و ئیلام، بە تێگەیشتنەوە ڕووبەڕووی تەڵە و پیلانەکانی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان دەبووەوە. سەرەڕای ئەوەی دووجار لە بەرەکانی شەڕدا بریندار بوو، بەردەوام بەڕۆحێکی ماندوو نەناسانەوە، تا دواساتەکانی شەهیدبوونی پێداگری لەسەر بناغەی تێکۆشان و بەرخۆدان کرد.
ساڵی ٢٠١٠، ئەوکاتەی هەڤاڵ ڕۆژهات لەگەڵ هەڤاڵ باهۆز لە ناوچەی کەلەڕەش سەر بە سەڵماس، سەرقاڵی ئەرک و بەرپرسیارێتییە شۆڕشگێڕی و مرۆڤایەتییەکانی خۆیان بوون، ڕووبەڕووی هێرشی بەکرێگیراوان و پاسەوانانی ڕژێمی فاشیست و داگیرکەری ئێران بوونەوە، لەو پێکدادانەدا، هەردوو جەنگاوەری ئاپۆیی پاش بەرخۆدان و نەبەردییەکی مەزن، شەهیدبوون.
لە کۆتاییدا جارێکی تر وێڕای ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری شەهیدان فەرشید کاتورانی بە ناسناوی "باهوز سەرحەد" و زەینەڵ کارابەنەک بە ناسناوی "ڕۆژهات ئامەد"، سەرجەم شەهیدانی ڕێبازی ئازادی و دیموکراسی یاد دەکەینەوە. بەڵێن دەدەن بە پشت بەستن بە میرات و پێشەنگایەتی ئەوان، لە تێکۆشان بۆ بنیاتنانی جڤاکی ئازاد و دیموکراتیک، لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین و بەردەوام دەبین. هەروەها بانگەواز لە هەموو چین و توێژ، وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕانی گەلەکەمان بەتایبەتی ژنان و گەنجان دەکەین، بە بەشداری لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئاپۆیی، بەباشترین شێوە یاد و بیرەوەری شەهیدان زیندوو بهێڵنەوە و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.
کۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)
٨/١٢/٢٠٢٣
ناسنامەی شەهیدەکان بەم جۆرەیە:
ناو: فەرشید کاتورانی
ناسناو: باهۆز سەرحەد
ناوی دایک: ئاهو
ناوی باوک: عەتائوللە
کات و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٨٥- سنە
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٩/١٢/٢٠١٠ – سەڵماس.
**********
ناو: زەینەڵ کارابەنەک
ناسناو: ڕۆژهات ئامەد
ناوی دایک: نەفیسە
ناوی باوک: خەلیل
کات و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٧٢- لجێ
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٩/١٢/٢٠١٠ – سەڵماس".