قەرەسو: هێرشی شەڕی تایبەت دەکرێتە سەر هەدەپە
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسو ئەو مشتومڕانەی هەڵسەنگاند کە لە دوای هەڵبژاردنەوە لەسەر هەدەپە دەکرێن و رایگەیاند هەندێک قسە بەشێکن لە هێرشی شەڕی تایبەت.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسو ئەو مشتومڕانەی هەڵسەنگاند کە لە دوای هەڵبژاردنەوە لەسەر هەدەپە دەکرێن و رایگەیاند هەندێک قسە بەشێکن لە هێرشی شەڕی تایبەت.
دوای هەڵبژاردنی ٢٨ی ئایار مشتومڕەکان لەسەر هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، پێکهاتەکانی هاوپەیمانێتیەکە، هەدەپە و بزوتنەوەی ئازادی کورد بەردەوامن. ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسو لەهەڵسەنگاندنەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە ماوەکانی رباردوودا کەمپینی سرینەوە لە دژی هەدەپە زیادی کردووە و سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەوەی کە دەخوازرێت بە هێرشی شەڕی تایبەت هەدەپە لەناوببرێت و لاوازبکرێت.
قەرەسو ئەوەی خستەڕوو هەدەپە پێشتریش رەخنەی لێگیراوە و خۆی لە خۆیدا ئەو رەخنە و خۆرەخنەدانە وەک بزوێنەر و داینەمۆی بەرەوپێشچوون دەبینن و وتی، "بەڵام کاتێک دەڵێین هەدەپە بۆ شەڕی تایبەت تێناکۆشێت، ئەمە هێرشی شەڕی تایبەتە و ئانتی پڕۆپاگاندایە".
قەرەسو ئەوەشی خستەڕوو کە لە باکوری کوردستان هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی وەک هەدەپە لەناو هەلومەرجی یاساییدا داکۆکی لە تێکۆشانی گەلی کورد ناکات و وتی، "لەبەر ئەوە بە هەزاران ئەندامی ئەوان راپێچی زیندان کراون، رۆژانە گوشار دەخرێتە سەریان. بۆ ئەوەی دەست لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد هەڵبگرن ئەو شتانە دەکرێن. کاتێک ئەو راستیە لەئارادابێت، مرۆڤ بڵێت داکۆکی لە کوردان ناکات، ئەو قسەیە بە واتای بێویژدانییە. مرۆڤ ئەوە بهێنێتە بەرباس و متشومڕی لەسەر بکات، ئەوە نالۆژیکییە".
دەبوو هەدەپە رێژەی دەنگەکانی خۆی بۆ سەرووی رێژەی ساڵی ٢٠١٥ بەرزبکردایەوە
چاوپێکەوتنەکەی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسو بەم جۆرەیە:
گوشار و هێرش بۆ سەر هەدەپە لەئارادایە. هەروەها دیارە کە هێرشی جددی شەڕی تایبەت ئەنجام دەدرێن. بێگومان ئەو هێرشانە فرەلایەنن، بەلام بەر لەوەی بچینە سەر ئەو بابەتانە، دەمەوێت بپرسم، ئایا هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو نەبوو، ئەگەر سەرنەکەوت ئەو کاتە هۆکارەکانی ئەمە کامانەن؟
لەسەر ناوی هەدەپەوە نەچوونە ناو ئەم هەڵبژاردنەوە. ٢ ساڵە دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە رۆژەڤدایە. بڕیاردان لە بارەی داخستنیان خستە کاتی هەڵبژاردن. ئەگەر بەناوی هەدەپەوە بچوونایە ناو هەڵبژاردنەوە دایاندەخست. لە راستیدا نەدەکرا لەسەر ناوی حزبێک بەشداری هەڵبژاردن بکەن. هەربۆیە بەشداربوون لەسەر ناوی حزبێک لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنە. رەنگە کێشەکە بەهۆی ماوەیەکی زۆر مانەوە لە دۆخی ناڕوونی هاتە ئاراوە. هەربۆیە هەدەپە کە لەناو هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا لە سەر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردن بوو، هەڵسەنگاندنی بە شێوەی سەرکەوتوو یاخود ناسەرکەوتوو رەنگە کێشەی لێبکەوێتەوە. ئامانجی گرنگی هەبوون. ئامانجی ئەوە بوو کە زیاتر لە رێژەی دەنگەکانی ساڵی ٢٠١٥ دەنگ بەدەست بهێنێت. لە رووی خۆگەیاندن و دەستەبەر کردنی ئەو ئامانجەوە سەرکەتوو نەبوون. دەبوایە ئەو ئامانجەی بپێکایە. لەبەر ئەوەی بە هۆی گوشار و ستەمیشەوە نەیانتوانیبوو تێکۆشانی ئازادی کورد لاواز بکەن. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەش لەلێواری روخان بوو. لە وەها دۆخێکدا ئەگەر بە باشی بەرێکخستن بکرایە، بە باشی کاربکرایە دەیانتوانی بگەنە ئەنجام. بە گوێرەی هێزی هێڵی هەدەپە ئەمە دەڵێین. ئەگینا لە ژێر هێرشی بەم رادەیە دژواردا هیچ حزبێک نەیدەتوانی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. بەرخودانی ٨ ساڵەی هەدەپە بەڵگەیەکی بەرچاوە لە سەر بەهێزبوونی ئەو پارتە لە رووی ئایدۆلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە.
هەڵەیە ئەگەر کەموکورتی، بەدەستنەهێنانی ئەنجامی چاوەڕێکرا ببەسترێتەوە بە سیاسەتە بنچینەییەکانی هەدەپە. هێڵی هەدەپە و سیاسەتەکەی، رێژەی دەنگەکانی لە سەدا ٦.٥وەوە گەیاندە سەدا ١٣.٥. ئەو هێڵە سەرباری سیاسەتەکانی پاکتاوکاریش هێزی خۆی، کاریگەری خۆی دەپارێزێت. کەموکوڕی و ئەو ئەنجامانە دەخوازرا بەدەستبهێنرێن، پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی ئەو هێڵەوە هەیە.
ئێمە چەندین ساڵە رەخنە لە رێبازی رێکخستن و کار و گۆڕەپانی سیاسی دیموکراتیک دەگرین. رێبەر ئاپۆش بەر لە ٥ ی نیسان کاتێک بەرەوپێشبردنی چالاکییەکان و رێکخستنی گەلی لە کایەی سیاسی دیموکراتیک دەخستە بەر رەخنە، رەخنەی لە بێرێکخستنی و پاسیڤیزم دەگرت. بێگومان چینەکانی بورژوازی بچوک و چینی ناوەڕاست دەتوانن بەشداری لە تێکۆشانی ئازادیدا بکەن. بەڵام لە بەرامبەر گوشارەکان، ئەو هێزانە هۆشمەندی سیاسی، رێکخستنی و چالاکی خۆیان کردە مامەڵەی هێڵی چالاکی، رێکخستنی و سیاسیی گشتی. بەم جۆرە کارەکانی رێکخستن و چالاکییەکانیان لاواز کرد. لە لاوازبوونی چالاکی و رێکخستندا لە ساڵانی رباردوودا هەڵوێست و هۆشمەندی ئەو چینە پشکی زۆری بەردەکەوێت. بێگومان گوشارەکە دژوارە؛ ناکرێت بەنەبوو دابندرێت. بەڵام ئەگەر هۆشمەندی راست و دروست بێت، ئەو کاتە بە رێگە و رێبازی نوێ دەتوانرێت ئەو گوشارانە بێ کاریگەر بکرێن و بە بەرەوپێشبردنی رێکخستن دەتوانرا تێکۆشان بەهێز بکرێت.
ئاشکرا بوو کە نەیانتوانیوە وەڵامی هێرشە ئایدۆلۆژیەکان بدەنەوە
لە مشتومڕەکانی دوای هەڵبژاردنەوە دەردەکەوێت کە لە سەرخستنی کاری ئایدۆلۆژی و پەروەردەییدا کەموکورتی هەبووە. لەبەرامبەر هێرش و هەوڵە سیاسی، ئایدۆلۆژیکی و چەواشەکردنی مرۆڤەکان کە لەلایەن ئاکەپە-مەهەپە، میت و لایەنگرانی پەدەکەوە ئەنجام دەدرا، وەڵامێکی راست و دروست نەدرایەوە.
لە ژێر ناوی رەخنەگرتندا هێرشی دژوار کرایە سەر هێڵی سیاسی، ئایدۆلۆژی و فەلسەفەی دامەزراندنی هەدەپە، لە بەرامبەر ئەوەدا وەڵامێکی راست نەدرایەوە و ئەوەش کەموکورتی لە پەروەردەدا دەخاتەڕوو. ئەو کەموکوڕییە کە لە بەرامبەر هێرشی ئایدۆلۆژی نیشاندرا، وایکرد کە لە ناو کار و خەباتدا ئەو ئەنجامەی دەخوازرا، بەدەست نەیات.
بێگومان پارتێکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیک، دەستنیشانکردنی کاندیدەکان تیایدا لە رێگەی بەشداری گەلەوە دەبێت. کەموکورتیەکی گەورەیە کە ئەو نەکرا. پێشتر هەندێک ئەوەیان دەکرد. دیارە کە ئەمجارە نەیانتوانی بیکەن. لەبەر ئەوەی بابەتی ئەوەی بە چ پارتێک بەشداری بکەن درەنگ یەکلا کرایەوە، لە بابەتی هاوپەیمانێتیەکاندا دواکەوتن هاتە ئاراوە و بە باشی بەڕێوەنەبرا، هەروەها بە هۆی بومەلەرزەشەوە نەیانتوانی ئەو شێوازە بەکاربهێنن. خۆی لە خۆیدا ئاگاداری ئەو کەموکورتیەن. سەرباری کەموکورتیەکان لە کوردستان بە بەراورد لەگەڵ پێشوو یەک پەرلەمانتاریش کەمی نەکردووە. ئەگەر لە بنچینەی هەدەپەدا بزوتنەوەی دیموکراتیکی کورد هەبێت، ئەو کاتە مامەڵەکردن و شێوازێکی نەرێنی لەناو ئەو بارودۆخەدا دەبێتە ناحەقی لەو مرۆڤانەی ئەنجامێکی بەم جۆرەیان بەدەستهێناوە. هەدەپە رایدەگەیەنێت کە لە سەر هێڵی کۆمەڵگای دیموکراتیک بزوتنەوەیەکی سیاسیە. ئەگەر بەم جۆرە بێت ئەو کاتە ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کۆمەڵگا بە رێکخستن بکات. ساڵانی رابردوو لەم بابەتەدا تەنگەتاویەک روویدا، گۆڕدرا بۆ پارتێکی کلاسیک کە خۆی بەسەر کۆمەڵگادا رێکخستن دەکات. بێگومان دەبێت ئەوە وەک هۆکاری بنچینەیی دابنرێت کە هزری هەدەپە بەشێوەیەکی دروست جێبەجێ نەکراوە و ئەو ئەنجامەی چاوەڕێدەکرا، بە دەستنەهاتووە.
نابێت تێکۆشان تەنیا لە ناو پەرلەماندا بێت
لەلایەکی دیکەوە بچووککردنەوە وسنووردارکردنی لەم ئاستەدا لە ناو پەرلەمان، هەروەها مامەڵەیەکی بەو جۆرە وەک ئەوەی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و تێکۆشانی دیموکراسی تورکیا لە بنەڕەتەوە لەوێ بکرێت، لە رووی ئایدۆلۆژی، سیاسی و رێکخستنەوە لادان و بەلارێداچوونە. ئیتر لە ئەوروپاش دیموکراسی وەک دیاریکردنی پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ نابیندرێت. هەربۆیە مامەڵەکردنێک کە تێکۆشان تەنیا لە پەرلەماندا دەبینێت و دیموکراتیکبوون لەوێ پێناسە دەکات، مایەی رەخنەگرتنە کە ئێمەش هاودەنگین لەگەڵ ئەو رەخنەیەدا. لە هزری هەدەپەدا دیموکراسی رادیکاڵ بوونی هەیە. ئەو کاتە دەبێت ئەوەی بنەڕەتیە ئەوەیە کە کۆمەڵگا لە بنچینەوە رێکبخرێت و تێکۆشانیش پشتی بەوە ببەستێت.
هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە سۆنگەی بیرکاری و ژمارەکانەوە زۆر قورسایی خراوەتەسەر، کاتێک بابەتەکە هەدەپە دەبێت روانین بە ژمارە و بیرکاری زۆر زیاتر دەبێت. ئایا مامەڵەیەکی بەم جۆرە راستە، بە داتای بیرکاری و ژمار تا چەند راستە کە هەڵسەنگاندن بۆ هەدەپە بکرێت؟
ئەنجامی ژمارەیی و بیرکاریش دەتوانرێت بابەتێکی هەڵسەنگاندن بێت. بەڵام دیارە کە بە بێ رەچاوکردنی هەلومەرجی ئێستا هەڵسەنگاندنێکی بەم جۆرە دەکرێت. ئاشکرایە کە هیچ هەڵسەنگاندنێکی ماتماتیکی ناتوانێت بەو جۆرە ئەنجامبدرێت کە دڵسۆزی گەلی کورد بۆ هەدەپە بەلاوازی نیشان بدات. گەلی کورد سەرباری گوشار و زۆرداریش درێژە بە دڵسۆزی و وەفاداری خۆی دەدات؛ لە دژی ئاکەپە-مەهەپە کە لە دژی کورد سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبات، هەڵوێستی خۆی بە روونی نیشاندا. ئاکەپە-مەهەپە ویستیان ئیرادەی ئازادیی گەلی کورد تێکبشکێنن. گەلی کورد وەک ئەوەی لە هەموو دەرفەتێکدا نیشانی دەدات، لەم هەڵبژاردنەشدا نیشانیدا کە ناکرێت ئیرادەی ئازادی تێکبشکێندرێت و پێداگرە لەسەر ئازادی. گوشاری قورس لە سەر هەدەپە، زیندانیکردنی هەزاران ئەندامی هەدەپەش نەیتوانی ئیرادەی ژیانی ئازاد و هەبوونی گەلی کورد بشکێنێت. گەلی کورد بە پێداگری خۆی لە تێکۆشاندا ئەوەی خستەبەرچاو. بەر لە هەموو شت هەم بۆ گەل و هەمیش بۆ هەدەپە دەبێت ئەوە بوترێت؛ ئەگەر وێڕای ئەو هەموو گوشار و زۆردارییە بە سەر پێوە خۆیان دەگرن و شکست ناهێنن ئەوە دەرەنجامی تێکۆشانی دەیان ساڵەیە کە گۆڕیویەتی بۆ پۆڵا. کەمبوونەوەی چەند سەد هەزار دەنگ ناتوانێت ئەو راستیە بگۆڕێت. ناکرێت کە بەوەوە کەشێکی شکست یا خود ناسەرکەوتن بخوڵقێندرێت. ئەگەر ئەمە بکرێت، ئەو کاتە نیەتێکی خراپ هەیە. رەخنە دەبێت بگیرێت، رەخنەدان دەبێت بکرێت، بەڵام دەبێت لەسەر بنەمای راست و بەهێزکردن ئەنجام بدرێن. رەخنە و هەڵسەنگاندن نابێت بۆ لاوازکردن ببیندرێن.
دەبێت گفتوگۆ لەسەر ئاساییبوون و رەوابوونی هەڵبژاردن بکرێت
هەڵسەنگاندن تەنیا لەسەر هەندێک ژمارە، بە واتای قەبوڵکردنی هەڵبژاردنە بە شێوەیەکی ئاسایی. بەر لە هەموو شتێک دەبێت مرۆڤ بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە ئەو هەڵبژاردنە لە ناو هەلومەرجی ئاساییدا ئەنجام دراون یان نا. دواتر دەبێت هەڵسەنگاندن بکرێت. پاشان دەتوانرێت کەموکورتی هەڵبسەنگێندرێن. ئەگینا بە شێوەیەکی راستەوخۆ وەک ئەنجامی ناسەرکەوتوو هەڵبسەنگێندرێن، ئەو کاتە ئەو راستیەی هەیە بە شێوەیەکی جیاواز نیشان دەدرێن.
لەماوەکانی رابردوودا ئەوانەی هەدەپە هەڵدەسەنگێنن، هەموو کات لەسەر هەڵوێستی کوردان هەڵیدەسەنگێنن. زیاتر لە هەموان گەلی کورد دەزانێت کە هەڵبژاردن لە کوردستان لە چ هەلومەرجێکدا دەکرێت، وەک ئەوەی رامانگەیاند لە کوردستان ژمارەی پەرلەمانتارەکان کەمی نەکردووە، بەراستیش هەندێک هەڵکشان هاتووەتە ئاراوە. باسی کەمکردنەوەی هەندێک دەنگ دەکرێت. بێگومان دەبوایە هەدەپە و پارتی چەپی سەوز زیاتر سەرکەوتوو بوونایە. ناتوانین بۆ رەخنەی لەم جۆرە هیچ بڵێین. بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێک کەس هەوڵ دەدەن شکست و ناسەرکەوتن گەورە نیشان بدەن، ئێمە ویستمان ئەو شتانە دیاری بکەین.
لەناو گەلی کورددا دووجار هاوسەرۆکانی شارەوانی هەڵبژێردران و لەبەر ئەوەی قەیوم لەسەر شارەوانیەکان داندران، بووە هۆی ئەوەی کە جیتر گەل متمانەی بە سندوقی هەڵبژاردن نەمێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەو قەیومانە لەسەر بنەمای سیاسەتی ئاکەپە و مەهەپەدا گوشارەکانیان زیاد کرد. دەبێت ئەوانە نەبنە مایەی لاوازی و کەموکورتی هەدەپە.
هەڵوێستی گەلی کورد لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری زۆر روون بوو. لەبەر ئەوەی ئەردۆغان بیدۆڕێنێت، بە بێ دوودڵی دەنگیان دا. لە گەڕی دووەمدا بەهۆی پەیوەندی نێوان جەهەپە و ئۆمید ئۆزداغ نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس نەچوونە سەر سندوقەکان بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایات کە هەڵوێستی گەلی کورد جیاواز بووە. هۆکاری کەمبوونەوەی بەشداری لە گەڕی دووەمدا درکی پێدەکرێت. بەڵام دەزانرێت کە بە هۆکاری جیاوازیش گەل نەچوونە سەر سندوقەکان.
گفتوگۆی جدی و فراوان هەیە دەربارەی هەدەپە و پارتی چەپی سەوز، پێش هەموو شتێک لەپێناو تێگەیشتن لە گفتوگۆکان بەباشی، ئامانج و بیرکردنەوەی هەدەپە چیە؟
بناغەی ڕەخنەکان لەسەر هەدەپە، بەتایبەت لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و شاشەکان، مەبەست لێی لابردنی خاڵە لاوازەکانی هەدەپە و بەهێزکردنی نییە. دەیان ساڵە هێرشی ئایدۆلۆژی و سیاسی دژی تەڤگەری ئازادی کورستان هەیە. هەمدیسان هێرشەکان بوونەوە ڕۆژەڤ، بەهۆی لاوازی و سەرنەکەوتنی هەدەپەوە، بە دەرفەتیان زانی و هێرشەکانیان زیاتر کرد. ئەگەر ئەم ڕاستیە نەبینرێت، ناتوانرێ لە هێرش و پشێوییەکانی پاش هەڵبژاردن تێبگەن. هێرشە سەرەکییەکە لەسەر فەلسەفەی دامەزراندنی هەدەپە و بیرکردنەوەیەتی، بۆیە هێرش دەکەنە سەر ئەم فەلسەفەیە و پێشەنگەکانی.
ئاشکرایە فەلسەفە و بیرکردنەوەی دامەزراندنی هەدەپە پشت بەستووە بە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە نەتەوەی دیموکراتیک دژی دەوڵەت_نەتەوە، بۆیە دژی زیهنیەتی دەوڵەت، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک پێشنیاردەکات، لەسەر ئەم بناغەیە و بەگوێرەی واقیعی تورکیا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک پێشنیار دەکات.
ڕێبەر ئاپۆ هەنگاو بە هەنگاو دەریخست، چارەسەری دیموکراتیکی کێشەی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەبێت لەڕێگەی پارادایمی جڤاکی ئیکۆلۆژی دیموکراتیکی ئازادی ژنان بێت. سەرەتا ئاراستە فەلسەفی و ئایدۆلۆژییەکەی، پاشان هێڵی ڕێکخستن و خەبات، لەسەر ئەم بناغەیەش ڕوانگەی خۆی پێشخست دەربارەی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا پێشکەش دەکات. ئەو پارتانەی پێش هەدەپە هەبوون، لەسەر بناغەی پارادایمی نوێ دادەمەزران و هێڵە سیاسییەکانی لەسەر ئەم بناغەیە دادەڕشت.
بەبێ زانینی چۆنێتی دەرکەوتنی هەموو بزووتنەوە کوردییەکان و هێڵی سیاسی دیموکراتیک لە چوارپارچەی کوردستان، لە تەڤگەری سیاسی دیموکراتیکی کوردی و هەدەپە تێناگەین، کە دوایین نوێنەرێتی. لە ساڵی ١٩٨٤، شەڕی گەریلا لە باکوری کوردستان دەستیپێکرد. لەلایەک گەل پشتیوانی گەریلات کرد، لەلایەک بەوریاییەوە چاودێریان دەکردن. کاتێک زانیان گەریلا نابەزێت، پاش ساڵی ١٩٨٩، سەرهەڵدان دەستیپێکرد، لە بەرئەنجامی تێکۆشانی گەریلا لە نەوەدەکان، سەرهەڵدانی مەزن هەڵگیرسا. ئەمەش شۆڕشێکی دیموکراتیک بوو. پارتی گەلی ڕەنجدەر (HEP) و پارتەکانی دواتر، وەک تەڤگەری سیاسی دیموکراتیک لەم سەرهەڵدانە و شۆڕشی دیموکراتیک دەرکەوتن. تێگەیشتن لە هەدەپە و پارتەکانی دواتر بێ بینینی ئەم ڕاستییە مەحاڵە. دەڵێین تەڤگەری سیاسی دیموکراتیکی کوردستان، دەبێت ئەم ڕاستییە بزانین، لەسەر ئەم بناغەیە، نابێت کەس نرخاندن بکات بۆ تەڤگەرە سیاسییەکان و لە شوێنێکی جیاواز دایبنێن.
هەدەپە بە تەنها پارتێکی کوردی نییە
هەدەپە واتە پەروەردەی جڤاکی دیموکراتیک، لە کوردستان لەسەر بناغەی شۆڕشی دیموکراتیک و چەمکی شۆڕش و دیموکراسی دامەزرا، کە تەڤگەری دیموکراتیک و شۆڕشگێڕی تورکیا و گردبوونەوەی سیاسی بۆ ئەم مەبەستانە پێکهێنا. کاتێک گفتوگۆ سەبارەت بە نرخاندنی هەدەپە دەکرێت، ئەگەر لەسەر ئەم بناغەیە بێت، ئەوە مانای تایبەتی دەبێت و قبووڵکراوە، خاڵە لاوازەکان کەم دەبێت و هەدەپە بەهێز دەکات.
هەدەپە تەنها پارتێکی کوردی نییە، بەڵکو پارتی هەموو هێزە دیموکراتیکە کوردی و تورکی و هەموو پێکهاتە ئیتنیکی و ئایینییە چەوساوەکانە، پارتی ژن و گەنجانە. لەم ڕووەوە، هەڵەیە وەک پارتێکی کوردی نرخاندنی بۆ بکرێت. هەدەپە چەندین پێکهاتە دەگرێتەخۆ، دەبەپە یەکێکە لەوانە، ئاشکرایە دەستەی جڤاکی هەدەپە بەزۆری لە تەڤگەری دیموکراتیکی کوردی پێکدێت، بۆیە زۆرینەی کوردە، ئامانجی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەری پرسی کوردە، چونکە پێشنیاری سەرەکی ئەم هێڵە سیاسییەوە ئەوەیە، بەبێ چارەسەری کێشەی کورد، تورکیا دیموکراتیزە نابیت، بۆیە چارەسەری کێشەی کورد پرەنسیپی سەرەکییەتی.
ئامانجی هەدەپە بەدیهاتنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە
لەمیانی تێکۆشانی ٥٠ ساڵە، کورد ڕێکخستنی سیاسی خۆیان بە ناسنامەی خۆیانەوە ڕێکخست، بونیادی سیاسی گرنگیان پێکهێنا، ڕێکخراوی سیاسی و جڤاکیان دامەزراند و پەرەسەندنی مەزنیان لە کایەی کەلتووری بەدیهێنا. ئێستە کوردەکان خاوەنی ڕێکخستنی جڤاکی و سیاسی و کەلتووری و سەربازی خۆیانن بە ناسنامەی خۆیانەوە. دەبێت ئەرکەکە لە ئێستەدا گۆڕینی هەموو پەرەسەندنەکانە بۆ دەسکەوتی بەرجەستە. لەماوەی ٥٠ ساڵی تێکۆشان، پەرەسەندنی بێ وێنە لە چەندین لاینەوە ڕوویدا، ئێستە ئەگەر هەر پەرەسەندن و دەسکەوتێک لە ٤ پارچەی کوردستان هەبێت، بەرهەمی ٥٠ ساڵەی تێکۆشانە و مۆرکی ئەم تێکۆشانەی پێوەیە.
لە باکوری کوردستان، چەندین دەسکەوتنی مەزن هەبوون. هەدەپە دەیەوێت ئەم دەسکەوتانە بۆ تورکیای دیموکراتیک و کوردستانی ئازاد بگۆڕێت بۆ دەسکەوتی بەرجەستە بە فیکر و تێکۆشانی خۆی. هەروەها هەوڵدەدات، پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بەدی بهێنێت، دژی تێگەی دەوڵەت_نەتەوە، چونکە ئەم تێگەیە گوزارشتە لە ستراتیژ و سیاسەتی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک، کاتێک پرسەکە پەیوەستە بە دەوڵەتی تورکەوە، نابێت کەس ئەوە لەبیر بکات سیاسەتە سەرەکییەکەی بریتییە لە کۆمەڵکوژی، لە ڕۆژی یەکەمەوە، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ گوتی کوردستان کۆڵۆنی کراوە، هەمان کات، گوتی دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژی دەکات. گوتی، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ناسیۆنالیزمی تورکی لە کوردستان بڵاوبکاتەوە، ئەم ڕاستییەی دەرخست. ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ئەم زانینە تێکۆشانێکی مەزنی دەستپێکرد و کردیە بناغەی مانەوەی گەلی کورد و بەدیهاتنی ئازادییەکەی، کاتێک نرخاندن دەکرێت بۆ ژیان و تێکۆشان و سیاسەتی ڕێبەر ئاپۆ، دەبێت ئەم ڕاستییە لەیاد نەکرێت.
دەبێت دەرکەوتنی هەدەپە لەم چوارچێوەیە ببینرێت، هەموو نرخاندنێک لەدەرەوەی ئەم چوارچێوەیە ڕاست نییە و لێدوانی دیماگۆگییە.
کوردەکان بە دیموکراسی دەتوانن لە قڕکردن دەربازبن
کوردستان دەوڵەتێکی کۆڵۆنیکراو نییە دوورە دەست و لەودیوی دەریاکانەوە، کاتێک مرۆڤ ئەم ڕاستییە دەبینێت، ئیتر ئەو سیاسەتانەی قڕکەرانی کورد پەیڕەوی دەکەن ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر کوردستان. لەم ڕووەوە، دیموکراتیزەکردنی تورکیا ڕاستەوخۆ بۆ کورد گرنگە، بۆچوونەکان دەربارەی پشتگوێ خستنی چەسپاندنی دیموکراسی لە تورکیا بێ نرخن، وشەی بەتاڵ و دیماگۆگین، یان قسەی نێو کافێکانن. بەپێچەوانەوە، دیموکراتیزەکردنی تورکیا بایەخی ڕاستەوخۆی هەیە بۆمان. بۆیە ئەرکی گەورەمان لەئەستۆیە. کوردەکان لەڕێگەی تێکۆشان و سەرهەڵدانەوە، بوونە ڕاستییەکی دیموکراتیک لە تورکیا، بوونە پاڵنەری دیموکراسی لە تورکیا. هەدەپە لەسەر ئەم بناغەیە گەشەی کرد. ئەمە بناغەی ئازادی کوردستانە. ئەگەر سیاسەتی قڕکردن لەسەر بناغەی دیموکراسی قەدەغە نەکرێت، ئازادی گەلی کورد مەحاڵە. دەوڵەتی تورک قڕکردنی دژە دیموکراتی جێبەجێ دەکات، بۆیە کورد لەڕێگەی دیموکراسییەوە لە قڕکردن دەربازدەبن و ئازاد دەبن. لەم ڕووەوە، دیموکراتیزەکردنی تورکیا و کورد، بەدیهێنانی ژیانی ئازاد و دیموکراسی لەسەر بناغەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، تەواو پێکەوە بەستراوە.
فیکر و سیاسەتی هەدەپە ڕووی لەم ئامانجەیە، ئەمە هۆکاری فشاری سەر هەدەپە و دەستگیرکردنی هەزاران ئەندام و لایەنگرێتی، چونکە هەدەپە سیاسەتی سەد ساڵەی دەوڵەتی تورک پووچەڵ دەکاتەوە. سیاسەتی سەرەکی ئەم دەوڵەتە، ڕێگرییە لە دیموکراتیزەکردنی تورکیا و سەرکوتی کورد، هەدەپە وەک هەنگاو و سەرهەڵدانێک دژی ئەم سیاسەتە دەبینرێت، وەک دوژمنێک دەبینرێت.
تا هەدەپە بگاتە ئامانجەکانی، پێویستە گەلی کورد بگاتە بەهێزترین هێزی ڕێکخستن، دەبێت هەموو هێزە دیموکراتەکانی تورکیا و جڤاکە ئیتنیکی و ئایینی و ڕێکخراوە جڤاکییە دیموکراتیکەکان بەشداربن و ببنە گەورەترین هێزی سیاسی و کاریگەرترین هێز لە سیاسەتی تورکیادا. ئەگەر ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەکان دەربارەی هەدەپە لەم چوارچێوەیە بن، ئەوا لۆژیکییە. وەک ڕەخنە لە هەدەپە دەبینرێت. ئەگەر هەدەپە لەم فەلسەفە و سیاسەتە دووربکەوێتەوە، ئەمە خواستی هێزەکانی دژی هەدەپەیە، ئەوانەی دەیانەوێت هەدەپە لەناوببەن.
حەتمەن کاتێک نرخاندن بۆ بیرکردنەوەی هەدەپە دەکرێت، پرسی ڕێگەی سێیەم زۆر گرنگە، دەگوترێت هەدەپە لە ڕێگەی سێیەم لایداوە، بۆچوونی ئێوە چییە...؟
بێگومان ڕێگەی هەدەپە، ڕێگەی سێیەمە. واتە هەڵوێستی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە دەرەوەی ئایین و نەژادپەرستی ئاکەپە و مەهەپەیە، لەدەرەوەی ناسیۆنالیزمی کەمالیستی جەهەپەیە. نازانین بۆچی دەڵێن لەڕێگەی سێیەم لایداوە. لە تێکۆشانی سیاسییدا، بەردەوام تاکتیک هەیە. ئەمە لادان نییە لە هێڵی ئایدۆلۆژی. هەدەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داوای کرد دەنگ بە خۆی بدرێت، خەڵک دەزانن دەنگیان بە چی داوە. لە هەڵبژاردن کاتێک دەنگی نەدا بە کاندیدی خۆی و پشتیوانی کاندیدێکی تری کرد، مانای لادان نییە لە ڕێگەی سێیەم. بێگومان هەبوونی ڕێگە و هێڵی ئایدۆلۆژی کاریگەر بۆ هەدەپە گرنگە. ڕەخنەی گرنگ هەن. بەڵام هەندێک دەڵێن هەدەپە لە ڕێگەی سێیەم لایداوە و دەیانەوێت بەمە لە فەلسەفەی دامەزراندن و بیرکردنەوەی دووری بخەنەوە.
هەدەپە تاکتیکێکی پیادە کرد بۆ بەزاندنی ئاکەپە و مەهەپە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ساڵی ٢٠١٩، ئەنجامی گرنگی هەبوو. بۆ ئەوە نەبوو جەهەپە براوە بێت، لەپێناو خۆی ئەمەی کرد. ئەگەر وەها نەبیت، ئاکەپە لەپێشتر بەهێزتر دەبوون و جدیتر هێرشیان دەکردە سەر کور. هەدەپە هەڵوێستی دیموکراتیخوازانەی دەرخست، زۆرێک لە ناوەند و لایەنگرانی دیموکراسی لە تورکیا پشتیوانیان لە هەدەپە کرد. ئەمە دەرچوون نییە لە ڕێگەی سێیەم. ئەگەر ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنانەی دوایی شکستی بهێنایە، بناغەی ئۆبژێکتیڤ بۆ گۆڕانی دیموکراتیک دەهاتە دی. ئەم سیاسەتە هەڵە نەبوو، بەڵام سەرنەکەوت. ئەوانەی دەڵێن ئەگەر کاندیدێک لە گەڕی یەکەم هەڵبژێرایە، ئەردۆگان لە گەڕی دووەم دەدۆڕا. ئەمە ئایدیایەکە، ناکرێت بڵێین بەڕاست وایە. کاتێک دەڕوانینە ئەنجامەکە، دەتوانین بڵیین، دەکرا باشتر بوایە. زۆرینەی ئەوانەی دەڵێن ڕێگەی سێیەم بەدی نەهێنراوە، هەر ئەوان دەڵێن بۆ دەنگ دراوە بە کلیچدار ئۆغلۆ. ئەم لێدوانانە بۆ لەناوبردنی هەدەپەیە. ئەوانەی دەڵێن، ئەگەر لە گەڕی یەکەم کاندیدێک هەبوایە، ئەردۆگان دەدۆڕا، نازانین چەندێک قسەکانیان ڕاست دەکەوێتەوە.
بەڵام پاش هەڵبژاردن کەشوهەوایەک هەبوو، تێیدا ئەگەر هەدەپە کاندیدی هەبوایە، زۆرینەی ئەوانەی دەیانویست ئاکەپە و مەهەپە بڕۆن، لۆمەی هەدەپەیان دەکرد، هەر ئەمانە ڕەخنەی ئەم هەڵوێستەشیان دەکرد.
هەدەپە _ پارتی چەپی سەوز، کەی لە ڕێگەی سێیەم دەردەچێت؟ ئەگەر بانگەواز لە گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتیکەکان نەکات، ئەگەر بازنەکەی گەورە نەکات و هەر وەک پارتێکی کوردی بمێنێتەوە، ئیتر پێگەکەی وەک ڕێگەی سێیەم دەدۆڕێنێت، چونکە ڕێگەی سێیەمی نێوان دوو بلۆکەکەی تورکیا بانگەواز لە هەموو بەشێکی تورکیا دەکات.
بێگومان ڕێگەی سێیەم لەوانیتر زیاتر، شوێنی تاکتیک دەکەوێت و تاکتیک دادەهێنیت و هاوپەیمانی پێکدەهێنێت، خۆی دەکاتە ڕێگەی سێیەم، دەتوانێت وەها بکات بەبێ دەرچوون لە هێڵە سیاسی و فەلسەفییەکەی و هزری دامەزرێنەرانی.
ئەگەر ئەردۆگان بدۆڕایە، هەدەپە هۆکار دەبوو، هەدەپە و کورد لە گەڕی یەکەم و دووەمدا کاری خۆیان کرد، جەهەپە و مێزی شەشقۆڵی هۆکاری سەرەکی نەدۆڕانی ئەردۆگان بوون.
ئەوانەی دەڵێن هەدەپە لە ڕێگەی سێیەم دەرچووە، لە ڕێگەی سێیەم تێنەگەیشتوون. ئەوانەی سیاسەتی بەزاندنی ئاکەپە و مەهەپە بە دەرچوون لە ڕێگەی سێیەم دادەنێن، دەیانەوێت بڵێن، نابێت هەدەپە و کورد سیاسەت بکەن.
درێژەی هەیە..