قەرەسو: خۆسەری مافی ئێزدیەکانە، ئەوەی گرنگە ئەمەیە
قەرەسو رایگەیاند، ئەوەی بەسەر ئێزدیەکاندا دەسەپێنرێت نۆکەریە، بۆیە کۆمەڵگای ئێزدی بە توندی لە دژی رێکەوتنی هەوڵێر-بەغدا وەستایەوە و وتی:"خۆسەری مافی ئێزدیەکانە، ئەوەی گرنگیشە تەنها ئەمەیە."
قەرەسو رایگەیاند، ئەوەی بەسەر ئێزدیەکاندا دەسەپێنرێت نۆکەریە، بۆیە کۆمەڵگای ئێزدی بە توندی لە دژی رێکەوتنی هەوڵێر-بەغدا وەستایەوە و وتی:"خۆسەری مافی ئێزدیەکانە، ئەوەی گرنگیشە تەنها ئەمەیە."
مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە بەرنامەی ئولکەدەن-ی تەلەفیزیۆنی مەدیا هابەردا، تیشکی خستە سەر دوایین بارودۆخی شەنگال.
قەرەسو جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک هێزی گەریلا لە شەنگال بوونیان نەماوە، بە شێوەیەکی فەرمی لە شەنگال کشاونەتەوە و تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە ئێستا شەنگال لە لایەن یەبەشەوە دەپارێزرێت و لە لایەن کۆمەڵگای ئێزدیەوە بەڕێوە دەبرێت.
قەرەسو رایگەیاند، یەبەشە و بەڕێوەبەریی خۆسەر، لەگەڵ ئیدارەی بەغدا پەیوەندیەکی فەرمیان هەیە و وتی، مافی خۆبەڕێوەبردن و خۆپاراستن وەکو شیری دایک بۆ ئێزدیەکان حەڵالە.
مستەفا قەرەسو وتیشی:"لە بارەی شەنگالەوە تەنها داواکاریەکمان هەیە و دەڵێین، دەبێت شەنگال خۆسەر بێت و هێزی پاراستنیان هەبێت."
قەرەسو هەروەها رایگەیاند، لە سەرتاسەری جیهان پێکهاتەکانی لەم چەشنە کە خاوەنی ناسنامەی جیاوازن، وەکو خۆسەر تەماشا دەکرێن و وتی:"ئەم شێوازە لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکای لاتین و لە سەرتاسەری جیهان بوونی هەیە. ئایا ئێزدیەکان بە نیازن دەوڵەت بونیاد بنێن؟ نەخێر. تەنها دەڵێن، ئێمە خۆمان بەڕێوە دەبەین. ئایا داواکاریەک لەمە سروشتیتر یان رەواتر هەیە؟ ئێمە ئەوەی لە بارەی رەوشی شەنگالەوە دەڵێین، تەنها ئەمەیە."
قەرەسو جەختی کردەوە، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە تەنها خۆسەریە، ئەوە گرنگ نیە کێ بەڕێوەی دەبات و وتی:"تەنها با ئێزدیەکان خۆسەر بن، کێ دەیەوێت بەڕێوەی ببات ئەوا کێشە نیە. تەنها با خۆسەریەکەیان بناسرێت و بتوانن خۆیان بپارێزن و خۆیان بەڕێوە ببەن."
قەرەسو لە بارەی ئەو پلان و پرۆژانەی بەسەر شەنگالدا دەسەپێنرێت، رەخنەی توندی گرت و وتی:"ئەوەی جێگای قبوڵکردن نیە و ئێزدیەکانیش لە دژی وەستاونەتەوە، رەتکردنەوەی خۆسەریە. دەیانەوێت ئێزدیەکان بکەن بە سەرباز و کارمەند و نۆکەری خۆیان. بەم شێوەیە نابێت، دەبێت ئێزدیەکان خۆیان، خۆیان بەڕێوە ببنەن، خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆبان بدەن."
لەم چوارچێوەیەدا قەرەسو تیشکی خستە سەر رێکەوتنەکەی نێوان پەدەکە و بەڕێوەبەرانی بەغدا لە بارەی شەنگالەوە و بەم شێوەیە دوا:
"بێگومان ئێمەش لە دژی ئەو رێکەوتنەین. ئەو کاتەی ئەم رێکەوتنە ئیمزا کرا، ئایا بۆچوونی ئێزدیەکانیش وەرگیرا؟ تامەزرۆین بزانین ئایا کێیە نوێنەری ئێزدیەکان لەو رێکەوتنەدا، عێراقە یان پەدەکە؟ ئایا نەدەبوو لەم بارەیەوە پرسیار لە ئێزدیەکانیش کرابا یان شاندێکی ئێزدیەکانیش لەوێ ئامادە بوایا؟ لایەنی موخاتیب لێرەدا ئێزیدەکانن و ئەگەر دانوستانێکیش هەبێت، دەبێت لەگەڵ ئێزدیەکاندا بکرێت، نەک عێراق لەگەڵ پەدەکەدا. ئێزدیەکان جارێکی تر بینیان کە وەکو مرۆڤ حسابیان بۆ ناکەن، بۆیە ناڕەزایەتیان دەربڕی و لەم رووەوە خاوەن مافن. ئێزدیەکان لەم رووەوە داواکاریەکی رەوایان هەیە و ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت هەموو جیهان پشتیوانی لەم داواکاریانەیان بکات. ئەوەی پێویستە پەدەکە لێرەدا بیکات، ناساندنی خۆسەری شەنگالە. دەبێت ئێزدیەکان خۆسەر بن و خۆیان، خۆیان بپارێزن. با سەر بەوان نەبن، کاتێک خۆسەر بوون، دەبن بە خاوەنی هەموو مافەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عیڕاق و حکومەتی هەرێمی کوردستان."
ز.ش