قەرەسوو: تێکۆشانی گەلی کورد ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە-١

ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسوو دەستنیشانی کرد کە تێکۆشانی گەلی کورد ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا یەکلایی دەکاتەوە و وتی، " ئازادی و دیموکراتی لە تورکیا دەچەسپێت، ئەوەش بە هێزی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی دەبێت".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسوو لە میانی "بەرنامەی تایبەت"ی کەناڵی تەلەڤزیۆنی مەدیا خەبەر هەڵسەنگاندنی بۆ پرسە گەرمەکانی رۆژ کرد. قەرەسوو سەرنجی راکێشا بۆ سەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا و دەستنیشانی کرد کە تێکۆشانی گەلی کورد ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە.

هەڵسەنگاندنەکانی قەرەسوو بەم جۆرەن:

بەرلەوەی دۆخی رێبەرایەتی و کۆنفڕانسەکە هەڵبسەنگێنم، بە رێز و پێزانینەوە یادی هاوڕێمان راپەڕین ئامەد بەرز دەنرخێنم کە لە هاویندا شەهید بوو و لەم دواییەدا هەواڵی شەهیدبوونەکەی راگەیەندرا. لەناو خەبات دا هەڤاڵێکی زۆر بەرخمان بوو. هاوڕێیەک بوو کە لە دەوروبەرێکی وڵاتپارێزی ئامەدەوە بەشداری تێکۆشان ببوو. لە بنەماڵەی عەزیزئۆغڵوی فارقین بوو. بەراستیش مرۆڤێکی زۆر خاکی بوو. ئازاری کەسی نەدەدا، بەڵام مرۆڤکی بە پڕەنسیپ بوو، کرێکار بوو. لە ناو هەموو هەڤاڵانیدا جێگەی رێز وخۆشەویتی بوو. بە راستیش رەنجدەر بوو، بەردەوام لە چالاکیدابوو. لە راستیی رێبەرایەتی تێگەیشتبوو، لە پاڕادایمی رێبەرایەتی، پارتی و رێبەرایەتی، بڕوای بە هێڵی ئازادی ژن هەبوو و هەربۆئەوەش هەموو ساتەکانی ژیانی تەرخان کردبوو. بەشداری زۆر خەباتی کردبوو. لە هەموو کارێکدا سەرکەوتوو بوو. بەراستی زەحمەتی کێشا. هەرلەبەر ئەو هەوڵ و ماندووبوونەشی بۆ ئەندامێتی دیوانی کۆنگرەی گەل هەڵبژێردرا. دیوانی کۆنگرە دامەزراوەیەکی گرنگە. بەتایبەتی بۆ چەسپاندنی سیستمی کەجەکە، کۆمۆن و ئەنجومەنەکان هەوڵی دەدا. هەڤاڵێک بوو کە لەو بارەوە قاڵ ببووەوە. هەڤاڵ راپەڕین بەم جۆرە رەنجی کێشا. لەم تێکۆشانەدا رەنج و جێدەستی خۆی هەیە. بەم جۆرە هەرگیز لە ناو تێکۆشانماندا لەبیر ناکرێت. بە دڵنیاییەوە ئاواتەکانی دێنینەدی. هەوڵ دەدەین شایەنی ئەوان بین. نابێت ئاواتەکانیان نەیەنەدی. ئەگەر ئێمە هاوڕێی ئەوان بین، هەڤاڵی ئەوان بین و شەهیدی بەم جۆرە گەورەمان هەبێت، ئەو کاتە وەک بزوتنەوە، گەل دەبێت بۆ خاوەنداری لە شەهیدان ئێمە گەلی کورد ئازاد بکەن، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتیک بکەین و پاڕادایمی رێبەرایەتی بە تەواوی جیهاندا بڵاوبکەینەوە.

هەڵوێستی ٢٥ ساڵەی رێبەرایەتی شایەنی ئەوەیە کە بکرێتە رۆمان

رێبەرمان ٢٥ ساڵە بە دیلگیراوە. لە ٢٥ەمین ساڵداین. ٢٥ ساڵیش بە راستی بە شێوەیەکی ئەفسانەیی تێپەڕبوو. لە مێژووی جیهاندا، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، زیندانییەکی سیاسی دیکە کە بەم جۆرە ٢٥ ساڵی تێپەڕاندبێت، رێبەرێکی بەم جۆرە بوونی نییە. بەراستیش وەها هەڵوێستێکە کە دەبێت رۆمانی لەسەر بنوسرێت. دەتوانم ئەوە بڵێم: تا تێگەیشتن لەسەر هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ساز نەکرێت، درک بە راستی رێبەرایەتی ناکرێت. تێگەیشتن لەسەر کەسایەتی رێبەرایەتی ساز ناکرێت. بێگومان لە دەرەوەش تێکۆشانی رێبەرایەتی هەیە. بە دەیان ساڵ تێکۆشا، پارتی دامەزراند، تێکۆشانی گەریلای دەستپێکرد، گەریلای پێگەیاند. لە هێڵی ئازادی ژندا جەنگاوەری خوڵقاند. بەم جۆرە تێکۆشانێکی گرنگی پەیڕەو کرد. بوە پێشەنگی سەرهەڵدانی گەلەکەمان. ئەمانە بە دڵنیاییەوە ئەنجامی هەڵوێستی رێبەرایەتی، کاراکتەری رێبەرایەتی و هونەری رێبەرایەتی بوون. بەڵام وەک دەوترێت هەموو شت لە کاتی تەنگوچەڵەمە و دژواریدا دەردەکەوێت. ساتە دژوارەکان وادەکات کە کەسایەتی مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان بەدەربکەوێت. هەربۆیەش رێبەرایەتی ٢٥ ساڵ لە زینداندا نیشانیدا کە رێبەرێکی چۆنە بۆ گەل، ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕی چۆنە. لەو رووەوە ٢٥ ساڵی زۆر واتادار، شایەنی ئەوەیە کە لێوەی فێربین. دەتوانین بە ئاسانی ئەمە بڵێین. ئەو ٢٥ ساڵە دەبێتە نمونە. گەلی کوردیش ئەوە لە بیرناکات، بزوتنەوەکەشمان لەبیری ناکات. هەموومان هەوڵ دەدەین شایەنی ئەو هەڵوێستە بین.

ئەندێشەکانی رێبەرایەتی بە تەواوی جیهاندا بڵاو دەبنەوە

ئەو پاڕادایمەی رێبەرایەتی لە زیندان خوڵقاندی، بەر لەوەش هەبوو بەڵام لە زینداندا بەرجستەی کردەوە، یەکانگیری کرد. پاڕادایمی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادی پارێزی ژنی دەستنیشان کرد. هێڵی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی نەخشاند. لەسەر ئەو بنەمایە لە دژی سیستمی دەوڵەت پەرست، سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی دیاریکرد. نیشانیدا کە بەم جۆرە دەتوانرێت سۆسیالیزم پێکبهێندرێت، نەک بە دەوڵەت بەڵکوو بە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک. هێڵی ئازادی ژنی دەستنیشان کرد. ئەمە ئێستا لە سەرتاسەری جیهان بۆ بندەستان، گەلان، رەنجدەران دەبێتە هێڵی ئایدۆلۆژیک. وەک چۆن لە ساڵانی ١٨٠٠دا کاتێک سەرمایەداری سەریهەڵدا و سەرمایەداری کێبڕکێی ئازاد دەستیپێکرد مارکس و ئەنگڵس بوونە وەڵامدەری تێکۆشانی رەنجدەران و ژێردەستەکان، بۆ داهاتوو تیۆرییان دیاریکرد و ئەو تیۆریانە ١٥٠ ساڵە بوونە ئاستی تیوریکی بندەستان و رەنجدەران. بەر لە ١٥٠ ساڵ بوو، بەڵام بەر لە ١٥٠ ساڵ سەرمایەداری ئەوەندە بەرەوپێش نەچووبوو. زانستی تەکنەلۆجیا ئەوەندە بەرەوپێش نەچووبوو. تیۆری سۆسیالیزم یەکەمجار دەستنیشان دەکرا. هەربۆیە کەموکورتیشی هەبوون. ئەگینا مارکس و ئەنگڵس بە هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی تێڕوانینی خۆیان خستەڕوو و کاریگەرییان دانا. کاریگەرییان کردە سەر هەموومان، کاریگەرییان لەسەر تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ دانا. رێبەر ئاپۆش لە بەر کاریگەری ئەو هزری سۆسیالیزمەدا دەستی بە تێکۆشان کرد. بەڵام هەر پراتیکی تێکۆشانمان و هەم رووخانی ریال سۆسیالیزم و لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵسەنگاندنی بەرفراوانی کۆمەڵگا لەلایەن رێبەر ئاپۆوە، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەرفراوانی سەرمایەداری پاڕادایمێکی نوێی دەستنیشان کرد. ئەوەش ئەمڕۆ رێنیشاندەری مرۆڤەکانە. بەم جۆرە گەنجان، ژنان، سەرجەم مرۆڤایەتی، رەنجەران خاوەنداری لێدەکەن. کۆنفڕانسەکەی ئەفریقای باشووریش بەم جۆرە واتادار بوو.

رێبەرایەتی چارەسەری بۆ سەرجەم کێشەکانی مرۆڤایەتی دەدۆزێتەوە

لە ئەفریقای باشوور لە وڵاتی ماندێلا، هاوڕێیانی ماندێلا خاوەنداری لە رێبەرایەتی دەکەن، لە جیهاندا رێبەر ئاپۆ و ماندێلا لەیەکدەچن. راستە، لایەنی هاوبەشیان زۆرە. ماندێلاش تێکۆشانێکی گەورەی بەڕێوەبرد. ئەویش بۆ ماوەی ساڵانی دوور و درێژ لە زینداندا راگیرا. وەک رێبەرایەتی هەندێک زیاتر لە زینداندا مایەوە. بەم  جۆرە بووە پێشەنگی ئازادی گەلەکەی. بەڵام دەبێت ئەوەش بوترێت. دۆخی رێبەر ئاپۆ جیاوازترە. رێبەرێکی بەو جۆرە نییە کە تەنیا بۆ گەلەکەی خۆی، بۆ ئازادی گەلەکەی خۆی تێبکۆشێت، ئەو رێبەرێکی بەو جۆرەیە کە هەوڵ دەدات بۆ تەواوی کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەری بدۆزێتەوە. بۆ ژنان، گەنجان، چەوساوەکان و بۆ هەموو کەس... هەروەها بیرۆکەکانی پەیوەستن بە پرسی تاڵانکردنی ژینگە. رێبەرایەتی بەم جۆرە دەبێتە رێبەری مرۆڤایەتی. لە هەموو شوێنێک لە پێناو رێبەرایەتیدا کۆنفڕانس ساز دەکرێن. هەوڵ دەدرێت کە لە هزری رێبەرایەتی تێبگەن. هەرکە تێگەیشتن لەبارەی هزری رێبەرایەتییەوە هاتە ئاراوە رێگەکانی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ پرسەکانی جیهانیش ئاسانتر دەبن. دەتوانم بە ئاسانی ئەمە بڵێم. لە سەدەی ٢١ی دا چەرخ و رەوڕەوەی مێژوو خێراتر دەگەڕێت. لەبەر ئەوەی رێبەرایەتی بناغەی تیۆریکی ئایدۆلۆیای دیموکراسی و ئازادی لەبەردەم مرۆڤایەتی داناوە. دوای ئەوە ئەمە دەستنیشانکرا، بێگومان چەرخی ئازادی، دیموکراسی، تێکۆشانی سۆسیالیزمی مرۆڤایەتی خێاتر هەڵدەسوڕێت، باشتر بەرەوپێش دەچێت. لە ساڵانی داهاتوودا ئەوە دەبینین. بەم بۆنەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ و هەڵوێستی بەرخودان لەوێ دەکەین و رایدەگەیەنین کە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پاڕادایمەی کە ئەو دەستنیشانی کردووە، بۆ ئازادی وڵاتەکەمان، دیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەوپێشچوونی تێکۆشانی ئازادی و مرۆڤایەتی ئێمە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان بەجێدەگەیەنین.

هێڵی ئازادی ژن دۆخێکی نوێیە

ئاستی هەنووکەیی تێکۆشانی ئازادیی ژن گرنگە و ژنان، شەهیدانی ژنان کە رەنجیان لەم تێکۆشانەدا کێشاوە هەرهەموویان بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنمەوە. بەتایبەتی لە رووی تێکۆشانیمانەوە هاوڕێیانی ژن کە لە پاریس لە دوو کۆمەڵکوژیدا شەهیدبوون بە رێز و پێزانینەوە یاددەکەمەوە. بێگومان لە جیهاندا پێشتریش رێکخراو هەبوو کە لە پێناو مافی ژناندا تێدەکۆشان، بزوتنەوەکانی فیمینیستی هەبوون، دەستکەوتیان هەبوو، ئاستێکی هزرییان هەبوو. نابێت نکۆڵی لەوە بکرێت. بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین، وەک پێشتر باسم کرد، ئەو هێڵی ئازادییەی کە رێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کرد دۆخێکی نوێیە. ئاسۆیەکی نوێی لەبەردەم ژناندا کردەوە. بوارێکی بەو جۆرەی رەخساند کە تێکۆشانی ئازادی ژن زۆر بە خێرایی پێشبکەوێت. دەتوانین ئەوە بڵێین. ئەگەر جیهان بگۆڕدرێت، ئازادبکرێت، بە دیموکراسی بکرێت ئەوە بە ئازادی ژن دەستەبەر دەبێت. ئەوە بە بەشداربوونی ژن بە شێوەیەکی چالاک لە تێکۆشاندا مەیسەر و دەستەبەر دەبێت. تا ژن ئازاد نەبێت هیچ کێشەیەک لەناو کۆمەڵگادا چارەسەر نابێت. کێشەکان لەوێ دژوارن. کاتێک هێڵی ئازادی ژن بەرەوپێشچوو. لە هێڵی ئازادی ژندا تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بەرەوپێشچوو، کۆمەڵگا لە رۆحی ئازادی ژندا لەسەر بنەمای بەهاکانی ئازادیی ژن دامەزرا، ئەو کاتە مرۆڤایەتی دەتوانێت ببێتە خاوەنی ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد. نیوەی کۆمەڵگا ژنە. لە راستیدا راستیەکی بەم جۆرەیە کە نەک هەر کاریگەری دەکاتە سەر نیوەی کۆمەڵگا، کاریگەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگا دادەنێت. کۆمەڵگای نیۆلیتیک بە پێشەنگایەتی ژنان سازبوو. ژیان و رەنجی ژن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زۆر گرنگە. دایکە، هاوسەرە، خوشکە. منداڵ بەخێودەکات. هەربۆیە نابێت مرۆڤ بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ پرسی ژندا بکات. دەبێت زۆر بە گرنگ لێی بڕوانێت. یەک لە کەموکورتیەکانی ریال سۆسیالیزمیش ئەوە بوو. بەڵێ، پرس  وکێشەی ژنانی بە گرنگ دادەنا، بەڵام دەبوایە زیاتر گرنگی پێبدایە. ئەگەر بەم جۆرەی بکردایە، ریال سۆسیالیزم کۆتایی پێنەدەهات، دەیتوانی رێگەیەکی چارەسەری بدۆزێتەوە.

هەربۆیە سەرقاڵبوون بە پرسی ژنان، بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی ئازادی ژنان و پشتیوانی لەوە بۆ ئازادی هەموو کەس پێویستە. بۆ هەموو کەس، بۆ کۆمەڵگا و تەواوی مرۆڤایەتی. جگە لەوە رێگەی چارەسەری بوونی نییە. ئیتر ئەوە درکی پێدەکرێت. مرۆڤایەتی لەو راستیە تێدەگات. ژنان خۆیان لە قۆڵاییەوە هەستی پێدەکەن. ئەوانیش تێدەگەن کە تا ژن ئازاد نەبێت، جیهان ئازاد نابێت. بۆ فکر و ئایدۆلۆژیا بەتایبەتیش لە رووی چەپگرییەوە دەڵێم. ئەگینا خۆی مەیلی راستڕەوی لەخۆیدا دژی راستی ژنانە. لەبەر ئەوەی هزری ئەوان لە ئازادی ژنەوە نزیک نییە، لەبەر ئەوەی مێشکی پیاو باڵادەستە، ئەستەمە کە ئەوانە چارەسەری بۆ کێشەکانی جیهان بدۆزنەوە. پارتە راستڕەوەکان، دەسەڵاتدارییە راستڕەوەکان هەرگیز ناتوانن بۆ کێشەکانی جیهان ببنە چارەسەری. لە ژێر کاریگەری باڵادەستی پیاودان. تا مێشکیان لە باڵادەستی پیاو دانەبڕێندرێت، ناتوانن بۆ کێشەکانی مرۆڤ چارەسەری بدۆزنەوە. لەو رووەوە بزوتنەوەکەمان تێکۆشانێکی گرنگ بەڕێوەدەبات. رێبەرایەتیمان لە راستیدا هەوڵی گرنگیدا. دەبێت هەموو کەس لە هێڵی ئازادی رێبەر ئاپۆ تێبگات. بە بێ ئەوەی بکەوێتە ناو ناڕوونیەوە دەبێت هەموو کەس لە هێڵی ئازادی ژن، رزگاری ژن کە رێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە تێبگات. کاتێک لە رێبەرایەتی گەیشتن، تێکۆشانی ئازادی ژن لە سەرتاسەری جیهان بەرەوپێشچوونی گەورە دەخوڵقێنێت. بەم بۆنەوە لەو بڕوایەدام کە ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە ساڵێکی گرنگی تێکۆشان، ساڵی تێکۆشانی ژن دەبێت. خۆی لە ئەوروپاش کۆنفڕانسی ژن هەبوو. بەراستیش گرنگ بوو. هەوڵەکانی بزوتنەوەی ژنان لە جیهاندا بۆ تێگەیشتن لە هێڵی رێبەرایەتی، هێڵی رێبەرایەتی پەیوەست بە ژنان لە لەوێدا دەستنیشان کرا، زۆر گرنگ بوو. لە جیهانیشدا ئێستا بەرەوپێش دەچێت. لە جیهاندا زۆر رێکخراوی ژنان رێبازی ئەندێشەکانی رێبەرایەتی دەگرنەبەر. ئێمە لەو بڕوایەداین کە هزری رێبەر ئاپۆ هەرکە لە رووی ئایدۆلۆژی، تیۆریکەوە بەرەوپێش بچێت، تێکۆشانی پراتیکی و کرداریش کاریگەرتر دەبێت. هیچ هێزێک ناتوانێت بەر بە هێڵی ئازادی ژن بگرێت، ناتوانێت بەر بە تێکۆشانی ئازادی ژن بگرێت.

بومەلەرزە کاریگەری قورس لە سەر ژیانی سیاسی دادەنێت

بەراستی بومەلەرزە بووە مایەی ئازاری زۆر قورس. بەسەدان هەزار مرۆڤ ژیانیان لەدەستدا. رەنگە دەیان هەزار مرۆڤ لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندابن. بە حەفارە، بۆڵدۆزەر لەگەڵ داروپەردووی خانووە روخاوەکاندا فڕێیان دەدەن. دۆخێکی بەم جۆرە لەئارادایە. دۆخێکی زۆر جدییە.

لەبەر ئەوە جارێکی دیکە هیوادەخوازم کە قوربانیانی بومەلەرزەکە بکەونە بەر بەزەیی و لێبوردەیی پەروەردگار، سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان، لە گەلانمان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.

 دۆخێکی زۆر کارەساتبارە. بومەلەرزەیەکی ئاسایی نییە. زۆر هەڵەیە کە ئەوە وەک بومەلەرزەیەکی ئاسایی دابندرێت. دەبێت هۆکارەکانی مردنی ئەو هەموو مرۆڤە بە بەرفراوانی لێکۆڵینەوەی لێبکرێت. دەبێت روونبکرێتەوە. هەروەها دەبێت ئێش و تراژیدیاکەش بە بەهێزی نیشان بدرێت. دەکرێت ببێتە بابەتی دەیان رۆمان و فیلمی سینەمایی. ئەوە بومەلەرزەیەکی ئاسایی نییە. بومەلەرزەکەی ٣٩کانی ئەرزینجان نییە، ئەوەی مارمارەش نییە، بومەلەرزەی دیکەش نییە. وەک هیچ بومەلەرزەیەک نییە لە جیهاندا. بەسەدان هەزار کەس بە هۆی بەڕێوەبەرییەکی نابەرپرسیارەوە لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا مانەوە. گیانیان لەدەستدا. ئاشکرایە. هیچ شتێک لەبەرچاونەگیراوە. هیچ رێکارێک بوونی نییە. دەڵێت 'تورکیا وڵاتی منە'. دەڵێت 'بەم جۆرە و بەو جۆرەم'.

لە چیللی و مەکسیک بەر لە ئێستا بوومەلەرزە روویاندابوو. رێوشوێنیان وەرگرتبوو. ئێستاس لە چیللی و مەکسیک بومەلەرزە روودەدەن. ژمارەیەکی یەکجار کەم مرۆڤ دەمرن. هەربۆیە ئەو بوومەلەرەیە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ئەو هەموو مرۆڤە، بە دڵنیایەوە دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و ئەنجامی بەرفراوانی لێبدەست بهێنرێن. کاریگەری دەکاتە سەر دۆخی سیاسی تورکیا. کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی کۆمەڵگا. کاریگەری دەکاتە سەر کۆی کایەکانی ژیان. کاریگەر لە سەر کولتور دەکات. ئازاری لەوە گەورەتر بوونی نییە. رووداوە قورس و گەورەکان لە مێژوودا ناسنامە و کەسایەتی گەلان و کۆمەڵگاکان دیاری دەکەن. تێکۆشانی گەورە دیاری دەکەن. ئازاری گەورە دیاری دەکەن. کۆمەڵگا بەم جۆرە دادەمەزرێت، کولتور بەم جۆرە دەخوڵقێت. ئیدیۆم بەم جۆرە دروست دەبن. هەربۆیە ئەو بومەلەرزەیەش ئاسایی نییە. کەس ناتوانێت بڵێت بوو، روویدا و تەواو بوو. ئەنجامەکانی زۆر گرنگ بوون. زۆر قورسن. دەبێت مرۆڤ هەستی پێبکات. هەست بەمرۆڤەکانی ئەوێ بکەن. ئەوانەی هەستی پێناکەن ناکرێت مرۆڤ بن. چ ئازارێکیان بینیوە؟ لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا دەیان هەزار مرۆڤ چۆن بەدەم ئازارچەشتنەوە مردن؟ ئەوانەی بە زیندوویی مانەوە لە سەرمادا چییان بەسەردا هات؟ هەربۆیە دەبێت ئەو بومەلەرزەیە بەم جۆرە هەڵبسەنگێندرێت و لێی تێبگەن. راستییەکە کە دەبێت مرۆڤ زیاتر لە سەر راوەستە بکات.

بەبێ ئەوەی شەرم بکەن رێگریی لە خۆبەخشەکان دەکەن

بۆچی (دەسەڵات) ئەوەندە هێرش دەکات؟ بەراستیش دوای رۆژێک بە توڕەییەکی زۆرەوە هێرشیان کرد. لەبەر ئەوەی لێکەوتەی زۆر دژواری بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو دامەزراوانەی دەوڵەت، حکومەت یاخود رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکانیان پێدەوترێت، هەموویان رووخان. تاوانەکانیان بینران. بینرا کە بوونە هۆکاری چی. بینرا کە بەهۆی ئەوانەوە بوومەلەرزە چ لێکەوتەیەکی دژواری هەبووە. کۆمەڵگاش بینی، گەلیش بینی و جیهانیش بینی. بۆ پەردەپۆشکردنی ئەوە هێرشیان ئەنجامدا. بۆ ئەوەی راستی سیاسەتەکانی خۆیان بشارنەوە هێرشیان کردە سەر هەموو کەس. سوکایەتیان کرد. لەبەر ئەوە کردیان. مرۆڤەکان رۆژی سەرەتا چییان دەگوت؟ دەوڵەت لێرەبوونی نییە، کەس نایات. جنێویان دەدا. بەتەواوەتی توڕەبوون. دواتر وتیان لە کاتی خۆیدا نەهاتین، چەند رۆژ دواکەوتین. چەند رۆژی چی؟ بەڵێ، دوای ٣-٤ رۆژ چوون. ئافاد دوای ٣-٤ رۆژ چوو. چۆن چوو، ئەوەش رۆیشتن نەبوو. بەهەزاران وێرانە هەبوون تەنیا چوونە سەر ٣-٤ دانە. نەچوونە گوندەکانیش. لە هەر شارێک تەنیا چوونە سەر ١٠ بینا. ئاخۆ ئەو رۆیشتن بوو؟ لە راستیدا نەچوون. رۆیشتنی ئەوان دوای سێ چوار رۆژیش کەمە. ئەوە ئاشکرایە. ئەوەی چوو کۆمەڵگا بوو. رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بوون. لە کوردستانەوە هەدەپە چوو، کۆمەڵگای بە رێکخستن کراو چوو، ئەندازیاران چوون، ژنان چوون، گەنجان چوون. لە رۆژئاوای تورکیاشەوە گەنجان، خۆبەخشان چوون. بەبێ ئەوەی تەریق ببنەوە شەرم بکەن کاری گەیاندنی هاریکارییان ئاستەنگ کرد. ئەگەر ئەو گەلە نەچووبایە، گەنجان، ژنان، خۆبەخشان، شارەوانی گەورە شارەکانی تورکیا نەچوونایە، کارەساتەکە گەورەتر دەبوو. ناچار دەبوون کە مردنی سەدان هەزار کەس قەبوڵ بکەن. پێشتریش وتم، ئەگەر پاڵپشتی کۆمەڵگا نەبوایە، ئەو گەلە ئەم حکومەتەی دەردەکرد، ئەگەر بچوبایە. ئەوەی لەو دۆخەدا گەلی رزگار کرد ئەوانە بوون کە لە رۆژی یەکەمەوە چوون. گەل هەم هاوکاری گەیان، هەمیش لێقەوماوانی لە ژێر وێرانەکاندا دەرهێنا، هەمیش لە سەرما و برسێتی پاراستیانن. رۆژەکانی یەکەم گەل رزگاری کردن.

هـ . ب

درێژەی هەیە..