"قەیوم سیستەمی نایاسایی و دزییە"

ڕێکخستنی دەم پارتی مێردین دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ ڕێپێوانێکی ئەنجامدا و دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلی شەرمەزار کرد.

چالاکی ناڕەزایەتی دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە

ڕێکخستنی دەم پارتی مێردین دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ، ئەمڕۆش چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجامدا. جەماوەر لەبەردەم بینای پارتەکە کۆبوونەوە و تا پارکی کارایۆلاری بە بەرزکردنەوەی درووشم ڕێپێوانیان کرد، پاشان لە پارکەکە ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.

هاوسەرۆکی ڕێکخستنی دەبەپەی مێردین شەرەفەدین ئاسڵان ڕایگەیاند ئەو دەسەڵاتانەی دان بە ئیرادەی گەلدا نانێن شکست دەهێنن و هەر ئەمەش چارەنووسی ئاکەپەیە، دووپاتی کردەوە بۆ چارەسەری کێشەکان لە کوردستان و تورکیا پێویستە دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە و دەمودەست کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدرێت.

ئاسڵان جەختی کردەوە سەپاندنی قەیوم بێجگە لە وێرانکاری و تاڵان هیچ بۆ شارەکان ناهێنێت و گوتی "قەیوم سیستەمی نایاسایی و دزییە".

هاوسەرۆکی دەم پارتی مێردین نەجلا ئاجبوجا دووپاتی کردەوە، دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەل درێژە بە چالاکییەکان دەدەن.