"قەیومەکان بە ئەنقەست بینا مێژووییەکان دەڕوخێنن"

مەسعود بۆر، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئیکۆلۆژی هەدەپە ڕایگەیاند، ئەو قەیومانەی دەستیان بەسەر شارەوانییەکانی هەدەپەدا گرتووە، بە ئەنقەست بینا مێژووییەکانی شاری وان دەڕوخێنن.

شارەوانی شاری وان کە لەلایەن ئاکەپەوە دەستی بەسەردا گیراوە، دەستی بە کاری نۆژەنکردنەوە لە قەڵای مێژوویی وان کرد، بەڵام مزگەوتی سلێمان شای لەناو قەڵاکەدا بەتەواوی لەناوبرد. شارەوانیەکە کە لەلایەن قەیومەوە بەڕێوەدەبرێت ئەو کارەی بە "نۆژەنکردنەوە" ناوبردووە. لەکاتێکدا شارەزایان ڕایانگەیاندووە، نابێت لە بینا مێژووییەکاندا نۆژەنکردنەوە ئەنجام بدرێت.

بە ھۆی ئەو کارە نۆژەنکردنەوانەی ساڵانێکە لە قەڵای وان بە بڕیاری قەیوم ئەنجام دەدرێن، قەڵاکە بەتەواوەتی لە ناسنامەی مێژوویی خۆی دوور خراوەتەوە، لە ئێستادا دەستپێکردنەوەی کاری نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوە لە قەڵاکەدا بووەتە جێگەی نیگەرانی. مزگەوتی مێژوویی سلێمان خان لە ناو قەڵای وان بە تەواوی خاپور کراوە و بڕیارە سەرلەنوێ دروست بکرێتەوە.

تەندەری بینای مزگەوتەکە دراوە بە کۆمپانیایەک بەناوی ئاسەل نۆژەنکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی ٢٠٠ ڕۆژدا و تا ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ تەواو بکرێت.

لەوبارەشەوە مەسعود بۆر، ھاووتەبێژی کۆمیسیۆنی ئیکۆلۆژی هەدەپە رایگەیاند، لە ڕاستیدا ئامانجی سەرەکی نۆژەنکردنەوە نییە، گوایە نۆژەندەکرێنەوە، بەڵام شوێنە مێژووییەکان بە ئەقڵییەتی گۆڕینی شارەکان لەناودەبرێن.

وتیشی: مێشکی کۆنکرێتی-بەرتیلی ئاکەپە لەسەر شوێنە مێژووییەکانیش بەردەوامە، مامەڵەیەکی ژیرانە نییە، بینا مێژووییەکان بەتەواوی خاپور بکرێن و سەرلەنوێ لە شوێنیان بینا دروستبکرێتەوە.

ڕوونیشیکردەوە، پێوەرەکانی نۆژەنکردنەوە دیاریکراون، پێویستە پڕۆژەکان بەپێی دۆخی ئێستای شوێنەوارە مێژووییەکان ئەنجام بدرێن. بە گوێرەی دۆخی ڕەسەنی خۆیان، دەبێت کەرەستە و شێوازەکان دیاری بکرێن و ببینرێن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت کە شوێنەواری مێژوویی کام سەردەمەن. لە قەڵای وان ئەو پێوەرانە ڕەچاو ناکرێن و دۆخی مێژوویی بە تەواوی لەناو دەبرێت. هەرچەندە چەندین جار ئەوەمان باس کردووە، بەڵام ھێشتا لەسەر هەڵەکانیان پێداگری دەکەن.

ژ.ن