رێکخراوی جاسەنە: بڕیارەکەى دادگای پێداچوونەوە هەوڵێكی دیكەیە بۆ خنكاندنی ئازادی

رێکخراوی جاسانە، کە داکۆکی لە ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری دەکات لەبارەی پەسەندکردنی سزای دادگای بەرایی هەولێر بەسەر رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادیناندا رایگەیاند، بڕیارەکەى دادگای پیاداچوونەوە ئامانجێكی سیاسی هەیە ‌و هەوڵێكی دیكەیە بۆ خنكاندنی ئازادی.

رێکخراوی جاسانە لە راگەیاندراوەکەیدا بڕیارەکەى دادگای پیاداچوونەوەى هەولێری لە دژی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان ئیدانە کردووە و رایگەیاندووە، "سەرجەم جاڕنامە‌ و رێكەوتننامە جیهانی ‌و نێودەوڵەتی ‌و هەرێمایەتیەكان ‌و دەستووری عیراق ‌و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، بە ماددە ‌و بڕگەی تایبەت جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە هەموو كەسێك مافی پەیڕەوكردنی ئازادی رادەربڕن‌ و گوزارشتكردنی هەیە."

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ گوێدانە پرەنسیپەكانی ئازدای‌ و مافەكانی مرۆڤ، هەنگاوە ستەمكارییەكانیان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیاترو زیاتر دەبێت‌و ئەویش بە دەستگیركردن‌و لە زیندان توندكردن ‌و سەپاندنی حوكمی ناڕەوا بەسەریاندا کە دوورە لە هەموو یاسا و رێسا ناوخۆیی ‌و نێودەوڵەتیەكان".

ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرەئەنجام دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ گوێدانی فشارە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەكان، لەڕێی دادگاكانەوە، حوكمدانی ناداپەوەرانە ‌و ستەمكارانەیان خۆیان بەسەر بەندكراوانی ئازادیخوازی بادیناندا دووپاتکردەوە. ئەمەش گومانەكانی لەسەر نا دیموكراسیەت و هەوڵەكانی سنورداركردنی ئازادی ڕادەربرین و لە هەرێم تۆختركردووە".

لە راگەیاندراوەکەى جاسەنەدا باسی ئەوەشکراوە، "ئەم هەنگاوەی دادگاكانی هەرێمی كوردستان، بە ئامانجێكی سیاسی‌و هەوڵێكی دیكە بۆ خنكاندنی ئازادی‌و بەرتەسککردنەوەی ئەو پەراوێزە دیموکراسییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەر بۆیە داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ‌و ئازادی رادەربڕین دەكەین، لەبەرامبەر ئەم بڕیارە ستەمكارانە‌و نادادپەروەرانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەرهەق بە ئازادیخوازان بێدەنگ نەبن‌و فشاری لێبڕاوانە بكەن بۆ ئازادكردنی حوكمدراوانی بادینان".

ژ.ت