سەڵاح ساڵەیی: "(میت)ی تورکیا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات"
سەڵاح ساڵەیی چاودێری سیاسی دەڵێت: "جێگای داخە و شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتێک کە لەباشوری کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی حزبی بازرگانی بەخوێن کورد و داهاتووی گەلی کوردەوە دەکات".
سەڵاح ساڵەیی چاودێری سیاسی دەڵێت: "جێگای داخە و شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتێک کە لەباشوری کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی حزبی بازرگانی بەخوێن کورد و داهاتووی گەلی کوردەوە دەکات".
مامۆستا سەلاح ساڵەیی چاودێری سیاسی، چالاکوانی مەدەنی و سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، دواین کۆمەڵکوژی تورکیا دژ بەگەلی عێراق و کاردانەوەکان، بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە، هەروەها بازرگانیکردنی پەدەکە بەخوێنی گەلی کورد لەبەرژەوەندی داگیرکەری تورکیا و مەترسی هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە و چەند پرسیکی دیکە قسەی کرد.
ماڵی کورد پەرتەوازەیە و خاوەن پرۆژە و خوێندنەوە بۆ داهاتوو نیە
سەڵاح ساڵەیی چاودێر و سیاسەتمدار، سەبارەت بەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی ڕوودەدەن لەناوچەکەدا و کاریگەری لەسەر دۆزی کورد وتی: "ئەو گۆڕانکارییەی لەناوچەکە بەڕێوەیە چاوەڕێ دەکرێت کێشەکان قول و ئاڵۆزتر بکاتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کە شەریش ڕووبدات ، کاریگەری ئەم گۆڕانکارییە لەئیستادا لەسەر کورد و کوردستان بە گەشبینی و نەرێنی نابینرێت چونکە لەئیستادا لە باشوری کوردستان ماڵی کورد خاوەن پرۆژە نیە و خوێندنەوەی بۆ داهاتوو نیە و نێو ماڵی کورد پەرتەوازە و ناتەبایە، ناکۆکی لایەنە کوردییەکان لەناوخۆیاندا بۆتە هۆی ئەوەی کە کورد زیان بگەینێت بە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەی خۆی، بۆیە کورد داهاتوویەکی گەشی نیە لەو گۆڕانکارییانەی کە لەناوچەکەدا ڕوو دەدەن".
عێراق هەستی بە مەترسی داگیرکارییەکانی تورکیا کرد
هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی توندی شەقام و حکومەتی عێراق دژ بە هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا لەناو خاکی باشوری کوردستان و عێراق، سەڵاح ساڵەیی چاودێری سیاسی دەشڵێت: "جولەکانی حکومەتی عێراق دژ بە تورکیا جیاواز لەساڵانی ڕابردوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی عێراق و عێڕاقییەکان ڕاستی مەترسی داگیرکاری تورکیا تێگەیشتن کە لەساڵی ٢٠٢٣ تورکیا دەیەوێت ویلایەتی موسڵ و شاری کەرکوک و چەند ناوچەیەکی عێراق داگیربکات، بەشێکی لایەنە شیعەکان ئەم مەترسییەی تورکیا بەجدی دەبینن، لەئیستاشدا ڕەوتی سەدر کە بەشێکی زۆری شەقامی عێراقی دژی هێرشەکانی تورکیا جوولاند چونکە خوێندنەوەیەکی باشیان بۆ دۆخەکە هەیە و هەست بە مەترسی داگیرکارییەکانی تورکیا دەکەن، لەساڵانی ڕابردوو بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە دەیان گوند خاپۆرکران و دەیان هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی هێرشەکانی تورکیا، بەڵام حکومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێکی نەبوو بەڵام ئەمڕۆ عێراق دەڕوانێتە بەرژەوەندییەکانی خۆی".
(میت)ی تورکیا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات
ئەو چاودێر و سیاسەتمەدارە تیشکی خستە سەر بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورک و دەزگای هەواڵگری میت و ئاشکرای کرد: "لە باشوری کوردستان دەیان بنکەی سەربازی و هەوڵگری دەوڵەتی تورکیا بوونی هەیە جگە لەسەدان کۆمپانیای تورکی، بەپی زانیارییەکان زیاتر لە٪٤٠ی ناوچەی بادینان لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێن، دەسەڵاتی کوردی لەهەرێمی کوردستان لەئیستادا هێچ ئیرادەیەکی نەماوە، بۆ نموونە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەشاری هەولێر لەکاتی چالاکی دژی هێرش و داگیرکاریی تورکیا گردبوونەویە ناڕەزایەتی لەلایەن چالاکوانان و ڕۆشنبیران ئەنجامدرا بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە چالاکوانان دەستگیرکران بەبیانوی ناڕەوا، لەبری ئەوەی حکومەت پشتگیری چالاکی دەرکردنی داگیرکەر بکات، هەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەوەن کە بە فەرمانی ئەردۆغان دەزگای (میت)ی تورکیا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات".
سزادانی چالاکوانی بادینان بە فەرمانی تورکیا بوو
ناوبراو هۆشداری لە خراپی دۆخەکەدا و داواشی کرد فشارەکان لەدژی داگیرکاری تورکیا بەردەوام بن و وتی: "پێشتریش بینیمان کە چالاکوانانی بادینان لەسەر هەڵوێستی نەتەوەییان بەزۆرترین تومەت لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە فەرمانی زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە، حکومەتی تورکیا بەهۆی داگیرکاری و هێرشەکانی چارەنووسی باشوری کوردستان بەرەو چارەنووسێکی خراپ دەبات، ئەگەر لەئیستادا حکومەتی عێراق لەسەر هەڵوێستەکانی دژی هێرشەکانی تورکیا بەردەوام جەختبکاتەوە لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەستکەوتێکی گرنگە بۆ کورد تا تورکیا نەتوانێت بەئارەزووی خۆی بێت کۆمەلکوژی لە تەواوی شار و شارۆچەکانی باشوری کوردستان ئەنجام بدات، ڕووداوەکان بەخراپی بەسەر دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەشکێتەوە".
لەباشور عەقڵیەتێک هەیە، کە لەبەرژەوەندی داگیرکەری تورکیا پەکەکە تۆمەتبار دەکات
ئەو چاودێرە باسی لە عەقڵیەتی نۆکەرانی تورکیا کرد و وتی: "بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بوو کە ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەوڵەتی فاشستی تورکیاوە ئەنجامدراوە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان عەقڵیەتێک هەیە کە هەوڵدەدات پاساو بۆ هێرشەکانی تورکیا بێنێتەوە و هەموو هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا بخاتە ئەستۆی (پەکەکە)ەوە، هەمووان دەزانن کە پەکەکە هیچ کات مەترسی نەبووە لەسەر هاوڵاتیان بەپێچەوانەوە بەردەوام پەکەکە بەرخۆدانی کردووە لەپێناو خزمەتکردنی گەلدا، دەوڵەتی تورکیا بۆ ناشرینکردنی خەبات و تێکۆشانی ڕەوای بزاڤی نەتەوەیی کورد هەوڵدەدات تومەتی کۆمەڵکوژی گەشتیارە عێراقییەکان بکاتە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام هەموو لێکۆڵینەوە سەربازییەکانی عێراق بۆ جیهان سەلماندیان کە تورکیا ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجامداوە و کۆمەڵکوژییەکە بەخراپیش لەسەر تورکیا شکاوەتەوە".
شەرمە بۆ دەسەڵاتێک کە بازرگانی بەخوێن و داهاتووی گەلی کورد دەکات
هەروەها سەبارەت بە هاوکاریکردنی تورکیا لەلایەن حزبی دەسەڵاتەوە لە باشوری کوردستانەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا: "بەداخەوە لەئیستادا کێشەی گەورەی گەلی کورد لەهەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بێ ئیرادەیی دەسەڵات ڕێگە نادات هاوڵاتیان، چالاکوان و رۆشنبیران دژی هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا بێنەسەر سەرشەقام و ئاڵای تورکیا بهێننە خوارەوە، ئەمەش جێگای داخە و شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتێک کە لەباشوری کوردستان بازرگانی بەخوێنی کورد و داهاتووی گەلی کورد دەکات، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە ئەردۆغان خراپترە، چونکە تورک داگیرکەرە هەموو ستەمێکی لێ چاوەڕوان دەکرێ، بەڵام دەسەڵاتی کوردی هەرێمی کوردستان تەنها لەپێناو دەسەڵاتی حزبی بەردەوامی دەدات بە ستەم و زۆرداری بەرامبەر گەلەکەی، دەسەڵاتیش بەردەوام نابێت و گەلیش وەڵامی توندی خۆی دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان".
سەرەڕای هاوکاریکردنی، یەکەم کاری دەوڵەتی تورکیا لەنابردنی پەدەکە دەبێت
هەروەها ئەو چاودێرە تیشکی خستەسەر مەترسی بەردەوامی پاڵپشتیکردن لە بوونی سەربازگەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە ئەگەری جێبەجێکردنی کاری کردەیی بۆ دەرکردنی بنکە و سەربازگەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا لە تەواوی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "پشتیوانیکردنی بوونی تورکیا لە عێراق لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە کۆسپی دروستکردووە. دەرکردنی سوپای تورکیا لەلایەن عێراقەوە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حزبی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بەپاساو و بیانوی بێ بنەما هەوڵدەدەن شەرعیەت بدەن بە داگیرکارییەکانی تورکیا، پێشبینی دەکەم لەماوەی داهاتوو تانک و زریۆشی و سەربازی تورک لەناوەندی هەولێر بڵاوەیان پێبکرێت، تەنها لەپێناو بەرژەوەندی حزبی، ئەم مەترسییەش زۆر جدییە، تورکیا تەنها هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات بەبێ جیاوازی حزبی، لەکاتی داگیرکردنی باشوری کوردستان تورکیا یەک هەنگاوی لەناوبردنی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە)یە چونکە بەمەترسی لەسەر خۆی دەیبینێت".
پێویستە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بەلاوەبنێن
لە کۆتایدا سەڵاح ساڵەیی چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار دەشڵێت" تورکیا ئەو هێز و ئیرادەیەی نیە بەتەنها بتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات بەبێ هاوکاری لایەنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. کاتێک خوێندنەوەمان بۆ داهاتوو هەبێت و بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بەلاوەبنێین ئەو کات داگیرکەری تورک ئیرادەی نابێت سووکایەتی بە ئیرادەی نەتەوەی کورد بکات لەهەر چوارپارچەی کوردستان".
ف.ق