ساڵح ئیزدین: پادێ روخساری سیاسی شنگاڵ بوو

ساڵح ئیزدین، ئەندامی کەنەکە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پادێ، ڕایگەیاند، کە پادێ ڕووخساری سیاسی شنگاڵ بوو و وتی: "یەکەمجارە پارتیەک پێش ئەوەی ئاگادار بکرێتەوە دادەخرێت".

ساڵح ئێزدین، ئەندامی کەنەکە و لە هەمان کاتدا ئەندامی مەکتەب سیاسی پادێ لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ناڕەزایی خۆی دەربڕی و وتی: "دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، حزبەکەمان لە عێراق دەستی بە کاری سیاسی کردووە. ئەو کات بە ناوی پادێ نەبوو، بەڵام وەک بزووتنەوەیەک لەسەر ئاستی عێراق کاری دەکرد و فەرمی بوو. دوای فەرمانی ساڵی ٢٠١٤، ئیتر بزووتنەوەیەکی سیاسی وەک وەڵامێک بۆ کۆمەڵگاکەمان وڵامدەر نەبوو، بۆیە خۆی گۆڕی و بەپێی یاسا و دەستووری عێراق بوو بە حزب و دەستی بەکار کرد.

هەروەها ساڵح ئێزدین ڕایگەیاند، حزبەکەیان هەرگیز بە پێچەوانەی دەستووری عێراق هەڵسوکەوتی نەکردووە و وتی: "لەو ساڵانەی کە پادێ وەک حیزب کاری کردووە، ٣ جار بە چاودێری حیزبە عێراقییەکان کۆنگرەی بەستووە و بە شێوەیەکی یاسایی کۆبوونەوەی یاسایی بەڕێوەبردووە و ئەندامانی خۆی هەڵبژاردووە. هەروەها ٣جار لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا به شداری کردووە، ٢جار بۆ پەرلەمان و جارێکیش بۆ ئەنجومەنی پارێزگا."

لە درێژەی قسەکانیدا ساڵح ئیزدی وتی: "ئێمە وەک حزبێکی سیاسی بەسەر هیچ لایەنێکی دیکە نەبووین، ڕەنگە لەبەر ئەوەی ئەڵێن ئێمە سەر بە پەکەکە بین یان پشتیوانیان لێدەکەین، حزبەکەمانیان داخستووە. بەڵام ئەمە تەنیا بیانووێکە، داخستنی پادێ لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ڕوویداوە. عێراقیش داواکارییەکەی قبوڵ کرد و ئەردۆغان بە سەرکەوتن سەیری کرد."

زۆر کەس بەناوی ئێزدییەکانەوە چوونەتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام هیچ کامیان هیچ کارێکیان بۆ کۆمەڵگای ئێزیدی نەکردووە. بەتایبەت ئەوانەی بە ناوی پەدەکەوە ڕۆیشتوون، ئێمە وەک پێکهاتەی ئێزیدی هەستمان بەو پێویستیە کردووە کە دەبێت حزبی خۆمان هەبێت هەتا لە پەرلەمانی بەغدا کار بۆ گەلی ئێزیدی بکرێت. بەڵام بەردەوام لە لایەن هەندێک حزبەوە بۆ ئێمە بەربەست دروست دەکرێت. یەکێک لەو پلانانە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم بوو و دەیانویست لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە کۆمەڵگای ئێزیدی پارچە بکەن، بەڵام بەرخۆدانی گەلەکەمان سەرکەوت و پلانەکەی کازمی و پەدەکە و دەوڵەتی تورک هەڵوەشێنرایەوە.

ئەندامی کەنەکە و ئەندامی مەکتەب سیاسی پادێ، ساڵح ئیزدین ڕایگەیاند، هەرچەندەش لە دژیان بڕیار بدرێت، بەڵام ئەوان درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن و وتی: "بەڵام بڕیارێکی وەها لە ١٠یەمین ساڵەی فەرمانی سەر شنگاڵدا، بێ ڕێزی بوو بە کۆمەڵگاکەمان. ئەگەر حکومەت داواکارییەکانمان قبوڵ نەکات، ئێمە تانە لە دادگاکانی مافی مرۆڤ دەدەین. لەو ڕۆژەوە دەوڵەتی عێراقەوە دامەزراوە تا ئێستا کۆمەڵگای ئێزیدی وەک هاووڵاتی خۆیان قبوڵ نەکردووە. ئێمەش مافی ئەوەمان هەیە لە ڕێگەی جیاوازەوە داوای مافە ڕەواکانی خۆمان بکەین."