سڕی ساکیک سەبارەت بە گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کرد عەبدوڵا ئۆجالان، رێپێوانی ئازادی و هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئادار قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
پەرلەمانتار سڕی ساکیک ئەوەی خستەڕوو کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەم لە دژی یاساکانی ناوخۆی تورکیا و هەمیش لە دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە و بەم جۆرە دوا: "ئێمە دەڵێین گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان نایاساییە، نا ویژدانییە، نا مرۆڤانەیە و نا ئیسلامییە. واتە سیاسەتێک کە جگە لە پێداگری لە سەر چەقبەستن و بە بنبەست گەیاندن هیچ پاساو و واتایەکی دیکەی نییە. حکومەت کە لە کاتی دانوتسانەکاندا ئیمراڵی کردبووە رێگەی کانی، ئێستاش وەک هێمایەکی بە بنبەست گەیشتن، دەرگاکانی ئیمراڵی داخستووە. ئەو دۆخە لە رووی داهاتووی گەلان و ئیرادەی پێکەوەژیانەوە لە وڵاتەکە ناکرێت بەردەوام بێت.
ئەو پێشوازیە گەورەیەی کە خەڵک بۆ رێپێوانی ئازادی نیشانیاندا داواکاری و خواستی ئەوان بۆ چارەسەری و ئاشتی نیشان دەدات. هەروەها چالاکیەکانی مانگرتن لە خواردن و ئێشکگریی دادپەروەری کە لەپێناو کۆتاییهێنان بە سیاسەتی گۆشەگیری و رەتکردنەوەی سیاسەتی بە بنبەستگەیاندن، بەڕێوەچوون. گەلی کورد و هەموو ئەو پێکهاتانەی داکۆکی لە دیموکراسی و ئاشتی دەکەن دەیانەووێت سیاسەتی گۆشەگیری کۆتایی پێبهێندرێت و دەست بە پەیجوری و گەڕان بە دوای چارەسەریەکی هەمیشەیی بکرێت".
'ئێمە سیاسەتی رێگەی سێهەم درێژەپێدەدەین'
سڕی ساکیک جەختی کردەوە، کە ئەوان وەک دەم پارتی بەردەوام دەبن لە سەر گرتنەبەر سیاسەتی هێڵی سێهەم کە سیاسەتی یەکسان خوازانە و ئاشتیانەیە لە سەر بنەمای دیموکراسی و دوور لە سیاسەتی نەژادپەرستانەیە. باسی لەوەشکرد، ژیانی ئێمە بە ناو خوێن و ئازاردا تێپەڕیوە، ناچارین کە ئایندەیەکی ئارام و دوور لە شەڕ بۆ منداڵانی ئەم وڵاتە بونیادبنێین، رێگەی ئافراندنی ئەوەش دیموکراسی، ئاشتی، یەکسانی و دادپەروەریە. بۆیە ئێمە درێژە بە سیاسەتی رێگەی سێهەم دەدەین".
'بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە گۆشەگیریدایە'
لە درێژەی قسەکانیدا سڕی ساکیک ئەوەی خستەڕوو کە پرسی کورد گەیشتووەتە ئاستێکی جیهانی و بەم جۆرە بەردەوامبوو: "هەڵبەتە دەبێت قۆناغێکی نوێ لەسەر چارەسەری دیموکراتیک بێتە ئاراوە، بەڵام لەئێستادا دۆخێکی بەو جۆرە لەئارادا نییە. داواکارییەکان شتێکن و بڕیاری دەوڵەت شتێکی دیکەیە. ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک کە خواستی بەدیموکراتیکبوون بێت لە ئارادا نییە. زیندانیانی نەخۆش لە ژووری تاکەکەسیدا رادەگیرین و ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیان لە بەردەم مردن جێهێڵدراون. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ژێر گۆشەگیریدایە و ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی تورکیایە. ئێمە، بنەماڵە و پارێزەران داواکاریمان پێسکەش کردووە، بەڵام سەرجەمیان بێ وەڵام هێڵراونەتەوە. کاتێک دەوڵەت یاساکانی خۆیشی جێبەجێ ناکات مرۆڤ ناتوانێت باس لە هیچ پرۆسە و قۆناغێکی نوێ بکات. بەڵام بۆ چارەسەری پرسی کورد کردنەوە کەناڵی دیالۆگ پێویستە".
'لەم هەڵبژاردنەدا کەموکورتیەکانمان تێدەپەڕێنین'
ساکیک لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانیش وتی، "دوای هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار گرنگترین شت بۆ ئێمە ١ی نیسان رۆژی ئاشتییە. لە رۆژی دوای هەڵبژاردندا ئێمە دەمانەوێت ئەو زیانەی لە هەڵبژاردنی گشتیدا بەرمان کەوت قەرەبووی بکەینەوە و کەموکورتیەکان تێپەڕێنین و کۆتایی بە رژێمی قەیوم بهێنین، کەشێک بێنینە کایەوە کە لەم خاکەدا ئاشتی بچەسپێنێت و دیموکراسی بێنێتە کایەوە. لەبەر ئەوەی ٨ ساڵە لە جوگرافیای کوردان، ئیردەی هەڵبژێردراوی کوردان زەوت کراوە و لەناوبراوە، گرنگە ئێمە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا بە سەرکەوتوویی بێینە دەرەوە. ئەو سەرکەوتنەی لەو هەڵبژاردنانە بەدەستدەهێنرێت، دەریدەخات کە گەلی کورد درێژە بە هێزی تێکۆشانی خۆی دەدات".
هـ . ب