ساڵیحە ئایدەنیز: تا گۆشەگیری دەشکێت، هەموو ڕۆژێک و لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان دەکەین

ساڵیحە ئایدەنیز، هاوسەرۆکی دەبەپە، لە کۆنفرانسی پارتەکەیدا لە ئامەد ڕایگەیاند:"تا گۆشەگیری نەشکێت و عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەکرێت، ئێمە هەموو ڕۆژێک و لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان دەکەین."

کۆنفرانسی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان لە ئامەد بە دروستکردنی لێژنەیەک دەستیپێکرد.

لێژنەکە مافی قسەکردنی یەکەمی بە هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکە ساڵیحە ئایدەنیز دا. ئایدەنیز ناوی پێشەنگەکانی تێکۆشانی گەلی کوردی یەک بە یەک ناوبرد و ڕایگەیاند، کە گەلی کورد ١٠٠ ساڵە تێکۆشان دەکات و لەمەودوا بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان.

چارەسەری کۆنفدرالیزمی دیمۆکراتیکە

لە درێژەی قسەکانیدا ئایدەنز ئاماژەی بەوە کرد کە چارەسەری کۆنفدرالیزمی دیموکراتیکە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی:" چارەسەر لای بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. بۆیە گۆشەگیری زۆر قورس دەکەن. ئێمە دەزانین کە گۆشەگیری ٢٥ ساڵە بەردەوامە. کاتێک دەوڵەتە هەژموونەکان دەیانەوێت قەیرانەکە قووڵتر بکەنەوە، گۆشەگیری درێژ دەکەنەوە. ئێمە دەزانین گۆشەگیری لە دژی مرۆڤایەتی تاوانە. بەتەنها بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان گۆشەگیر نەکراوە. گەل و زیندانەکان و گەلی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە گۆشەگیریدان."

زۆرجار قسەکانی ئایدەنیز بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەبڕدرا. ئایدەنز سەرنجی بۆ هەڵمەتی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشا.

تا گۆشەگیری نەشکێت، لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان دەکەین

ئایدەنیز وتی: تا گۆشەگیری کۆتایی دێت و عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد دەکرێت، ئێمە لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان دەکەین. ئێمە دەزانین کە ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە مانای ئازادی مرۆڤ، ژن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت. یان ئازادی یان ئازادی."

ساڵیحە ئایدەنیز لە وتارەکەیدا جەختی لە گرنگی مۆدێلی هاوسەرۆکی کردەوە و وتی:

  "لە ئازادی ژن دەترسن. لە ڕێکخستنی ژنان و پێگەی ژنان دەترسن. بۆیە کاتێک دەیانەوێت پەیامێک بە کۆمەڵگا بدەن، لەسەر ژنان دەیدەن. ئەمڕۆ دەیان هاوڕێ هاوسەرۆکمان لە زینداندان. ئێمەش دەڵێین دەستبەرداری هاوسەرۆکی نابین. ئئمە بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە ناکەین. ئەم مۆدێلە ئەمڕۆ لە جینوار هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێدەکرێت. ئێوە قەد ناتوانن دەنگی 'ژن، ژیان، ئازادی' بخنکێنن."

دوای وتارەکەی ئایدەنیز دروشمی "ڕێگەمان  بێریتان، ڕێبەرمان ئۆجالان" لە هۆلەکە دەوترایەوە.