هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گارە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و شەڕ لەو ناوچەیەدا بە چڕی بەردەوامیی هەیە.
سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورک تاوەکو ئێستا رایانگەیاند، بەرپرسێکی سەربازی بە ناوی هارون تورهان و سەربازێک کوژراون. هەپەگە تاوەکو ئێستا لەبارەی کوژرانی سەربازانی تورک لە گارە راگەیاندراوی بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان شەڕ لە ناوچەی سیانێی گارە بە قورسی و چڕی بەردەوامە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە لەبارەی ئەو هێرشە داگیرکەرییەوە رایگەیاندبوو:
"سوپای تورکی داگیرکەر لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ ی بەرەبەیانی ١٠ی شوبات لە ناوچەى گارە دەستی بە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان کرد. لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ تاوەکو کاتژمێر ٠٦:٠٠ ئەم بەیانییە، سنووری گوندەکانی گوندی گوزێ، مەیرۆکێ، سیانێ، چەمشەریتکێ، یەک مالێ و کانی سارکێی سەر بە ناوچەی گارە و دەشتی کافییە و دەشتی نەهلی لەلایەن فڕۆکەی چاودێری و شەڕەوە دەیانجار بۆردومانکران.
دەورووبەری گوندی چەمرۆبۆتکێ لە کاتژمێر ٠٤:٣٠ دا دوو جار و لە ئەم بەیانییەش جارێکیتر لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومانکرا.
کۆپتەرە کۆبراکان لە هەمان کاتدا دەورووبەری گوندەکانی یەک ماڵ و سیانێیان بۆردومانکرد.
هاوکات لەگەڵ بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان و کۆپتەرەکانی کۆبرادا، داگیرکەران خۆیان لە گوندی سیانێ دابەزاند. لەوێ لە نێوان هێزەکانمان و داگیرکەراندا شەڕ روویدا و شەڕەکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە. هێزەکانمان لە کۆپتەرە کۆبرا و سکورسکییەکانی داگیرکەرانیان دا، کۆپتەرەکان لە دوای لێدانی گەریلا لە ئاسمانی ناوچەکە دوورکەوتنەوە".
ژ.ت