شاندی نێونەتەوەیی لە دژی گۆشەگیری سەردانی دامەزراوە میدیاییەکانی کرد

ئەندامانی شاندی نێونەتەوەیی مافناسان کە لە دژی گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە سەردانێک لە تورکیا و باکوری کوردستانن، لە ئامەد لەگەڵ رێکخراوە میدیایەکانی دەفەگە و مەگەکە کۆبوونەوە.

شاندی نێونەتەوەیی مافنانسان لە دژی گۆشەگیری، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان سەردانی تورکیای کردووە و دوای ئیستەنبوڵ دوێنێ چووە ئامەد. شاندەکە دوێنێ سەردانی چەندین دەزگا و رێکخراوی مەدەنی و پارتی سیاسی کرد و ئەمڕۆش لە هۆتێلێکی شارەکە لەگەڵ هاوسەرۆکی کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی دیجلە فورات (دەفەگە) سەردار ئاڵتان، سەرۆکی کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی ژنی مێزۆپۆتامیان (مەگەکە) رۆزا مەتینا و ئەندامانی ئەو دوو کۆمەڵەیەی میدیاکاران کۆبوونەوە.

هاوسەرۆکی گشتیی دەفەگە سەردار ئاڵتان سەبارەت بە کارەکانی کۆمەڵەکەیان زانیاری بۆ شاندەکە خستەڕوو و لەبارەی ئەو کێشانەی رۆژنامەوانانی ژن بەروروویان دەبێتەوە وتی، "کاتێک باس لە تورکیا دەکرێت، لە سەرەتاوە گوشار بۆ سەر رۆژنامەوانان بە بیر مرۆڤ دێتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەو کێشانەش چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە. ئەو کێشانەی بەهۆی بێ قەوارەهێشتنەوە کوردان و گوشار لە سەریان دەخوڵقێندرێت، کاریگەری دەکاتە سەر ئازادی ئەندێشە و رادەربرین. وەک راگەیاندنی ئازاد ئێمە خۆمان بە بەرپرسیار دەبینین کە کێشەکانی پرسی کورد بۆ رای گشتی بڵاوبکەینەوە. کاتێک راستیەکان دەگوازینەوە رووبەڕووی گوشار و توندوتیژی دەبینەوە. لەئێستادا ٤٤ رۆژنامەوان لە زیندانن. بەڵام سەرەڕای هەموو جۆرە گوشارەکانیش هەڤاڵانمان هەوڵ دەدەن درێژە بە کارەکانیان بدەن، راگەیاندنی ئازاد خۆی لە سەر پێ راگرتووە و بەردەوامە لە نوسین و بڵاوکردنەوە".

دواتریش راپۆرتی ساڵانەی پێشێلکاری کە کۆمەڵەکە ئامادەی کردبوو رادەستی شاندەکە کرا.

سەرۆکی مەگەکە رۆزا مەتیناش ئەوەی خستەڕوو کە هەوڵ دەدەن ببنە دەنگی هەموو رۆژنامەوانانی ژنی جیهان. مەتینا بەم جۆرە بەردەوامبوو لە قسەکانی: "مانگانە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رژنامەوانانی ژن بڵاودەکەینەوە. لەئێستادا ١٠ ژنە رۆژنامەنووس لە زیندانن. کاتێک لە کوردستان رۆژنامەوانی ژن بیت، گوشارەکانی سەر تۆ دوو هێندە زیاترن. لە دژی رەگەزپەرستی لە میدیا، ئێمە مەگەکەمان وەک جێگرەوەیەک دامەزراند. زیاتر گرنگی و قورسایی کارەکانمان تایبەتە بە ژنانی رۆژنامەنووس و لەو بارەوە وۆرکشۆپ دەکەینەوە. هەروەها لە رووی یاساییشەوە پشتیوانی لە ژنان دەکەین".

دوای کۆبوونەوەکە، شاندەکە بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دیجلە موفتیئۆغڵو هاوسەرۆکی دەفەگە سەردانی دادگای ئامەدیان کرد.

هـ . ب