شاندی پەرلەمانتارانی بەریتانیا_یەکێتیی ئەوروپا لە کوردستانن

شاندی پەرلەمانتارانی بەریتانیا_یەکێتیی ئەوروپا لە کوردستان دەستیان بە زنجیرە کۆبوونەوە دیپلۆماسیەکان کرد. دواتر شاندەکە ڕوودەکاتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

شاندی پەرلەمانتارانی بەریتانیا_یەکێتیی ئەوروپا کە لە ١٤ کەس پێکدێت، دوێنێ لە بەریتانیاوە بەڕێ کەوتن، دەستیان کرد بە زنجیرە کۆبوونەوە دیپلۆماسیەکان لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا، کە لەلایەن نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)ـی بەریتانیا و ناوەندی (for Kurdish Progress) ڕێکخرا.

شاندەکە پێکهاتووە لە پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران مات ڤیکەرز، پارتی کرێکاران لۆرد دەیڤید و لۆرد جۆن مان، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، لوکاس سیۆر، ئەندامی شارەوانی شاری لەندەن ئونمەش دێسی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوەی عەرەب – ئینگلیزی (Council for Arab-British Understanding) کریس دۆیل، نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا، هۆفمان و کریس شیلەر.

لە یەکەم ڕۆژدا لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی ئەنجامدرا. ڕاگەیەندرا کە ئەوان پشتگیری لە دەستپێشخەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن بۆ ئاشتی و داوا لە هەموو لایەک لە ئەوروپا و بەریتانیا کرا کە پشتیوانی ئەم پرۆسەیە بکەن.

سبەی شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) مەسعوود بارزانی کۆدەبێتەوە. شاندەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ڕۆژئاوا دەکات و لەگەڵ فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی و هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئیلهام ئەحمەد و بەرپرسانی دیکە کۆدەبنەوە.