شارەزایەکی یاسای نێودەوڵەتی: تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان، تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات
بڕیار شوانی شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی: "لە هەموو قۆناغەکانی تاوانی جەنگ پێویستە ئەرشیف و داتا لەسەر تاوانەکانی تورکیا دژ بە گەلی کورد کۆبکرێتەوە".
بڕیار شوانی شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی: "لە هەموو قۆناغەکانی تاوانی جەنگ پێویستە ئەرشیف و داتا لەسەر تاوانەکانی تورکیا دژ بە گەلی کورد کۆبکرێتەوە".
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ بڕیار رەئفەت ئەحمەد ناسراو بە بڕیار شوانی، کە ناوبراو چالاکوانی مەدەنی و شارەزای یاسایی نێودەوڵەتییە و خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە یاسای گشتی – دەستور، سەبارەت بەو تاوانە جەنگیانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژ بە گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
' تورکیا تاوانی جەنگ دژی رۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدات'
بڕیار شوانی ڕاوێژکاری یاسایی و شارەزا لە یاسایی نێودەوڵەتی، باسی تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیای کرد کە لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات، و ووتی: "بەپی یاسای نێودەوڵەتی هەر ووڵاتێک هێرش بکاتە سەر ووڵاتێکی دیکە ئەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەمە بەتاوانی جەنگی و تاوانی دژ مرۆڤایەتی هەژماردەکرێت، هەریەکە لە تورکیا و سوریا ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین هەر هێرش و تاوانێک ووڵاتێک دژی ووڵاتێکی دیکە بەهەر بیانوێەک ئەنجامی بدات قەدەغەیە، بەتایبەتی ئەگەر لەناو ووڵاتەکە هێرش بکرێتەسەر ژێرخانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بەتاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ووڵاتێکی دیکە ئەو هێرشە ئەنجامبدات بۆسەر ژێرخانی خزمەتگوزاری و پێداویستی سەرەتایی هاووڵاتیان ئەوە تاوانەکە گەورەترە".
ئەوەی ئەمرۆ لە غەزە ڕوودەدات ١٠ ساڵە لە رۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات
بڕیار شوانی باسی لەو بێ دەنگییە نێودەوڵتییەش کرد کە لەئاست تاوانەکانی دژ بە رۆژئاوای کوردستان بێ دەنگن و ڕایگەیاند: "ئەبینین لەم رۆژانەدا فۆکسەکان و چاوەکان لەسەر بابەتی غەزەیە، بەڵام ئەوەی لە رۆژئاوا ڕوودەدات و کەس باسی ناکات کە چەندین ساڵە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، کۆمکاری عەرەبی و ووڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاو و گوێ لێ داخستووە و بێ دەنگن لەئاستی، ئەوەی ئەمرۆ لە غەزە دەکرێت لە کوردستان بە گشتی و بەتایبەتیش ١٠ ساڵە لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت".
فرمێسکی تیمساحی بۆ غەزە دەرژێنن و بێ دەنگەن لەئاست تاوانەکانی دژ بە رۆژئاوای کوردستان
هەروەها ئەو شارەزایەی یاسای نێودەوڵەتییە، باسی دوو ڕووی جیهان کرد لە تاوانەکانی دژی رۆژئاوای کوردستان دەکرێت بەراورد بە ڕووداوەکانی غەزە و ووتی: "بەداخەوە رۆژانە دەبینین ئەم دوو ڕوویی و گریانە تیمساحیەی کە بۆ غەززە دەکرێت بەڵام لەئاست تاوانەکانی دژ بە رۆژئاوای کوردستان هەمووان بێ دەنگیان هەڵبژاردووە بە کۆمکاری عەرەبیشەوە کە سوریا ئەندامە تیدا، ئەوەی کە دژی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیا ئەنجام دەدرێت بەپی یاسایی نێودەوڵەتی تاوانێکی زۆر گەورەیە".
'پێویستە تاوانەکانی تورکیا دژ بە گەلی کورد بە ئەرشیف بکرێت'
ناوبراو وەکو شارەزایەتی یاسای نێودەوڵەتی، باسی لە گرنگی بە دۆکیومەنتکردنی تاوانەکانی جەنگ کرد کە دژ بە رۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات و پێشنیاری کرد کە: "لە هەموو قۆناغەکانی تاوانی جەنگ پێویستە ئەرشیف و داتا لەسەر تاوانەکانی تورکیا دژ بە گەلی کورد و رۆژئاوای کوردستان کۆبکرێتەوە، لە ساڵی ١٩٨٨ کاتێک رژێمی پێشووی بەعس بەسەرکردایەتی سەدام حوسێن تاوانێکی گەورەی بەرامبەر گەلی کورد کرد لە باشوری کوردستان، لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ توانیمان ئەو ئەرشیف و داتایانەی تەیبەت بەو تاوانە بگەینینە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وە لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای ڕووخانی رژێمی بەعس ئەم تاوانانە بەیاسا کرا و لەدەستور باس کرا".
لە دادگای نێودەوڵەتی دژی دەسەڵاتی تورک بەکاری بهینن
بڕیاری شوانی باسی لە چۆنیەتی سزادانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کرد بەهۆی ئەو تاوانە جەنگیانەی کە دژ بە گەلی کورد ئەنجامی دەدات و ئاشکرای کرد: "ئەم تاوانانەنی ئیستا تورکیا ئەنجامی دەدات، رۆژئاوای کوردستان دەتوانێت بەدوو قۆناغ کاری لەسەر بکات یەکەمیان هەموو کارێکی توندڕەوەی تیرۆرست کە دژی رۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدرێت بە ئەریشف بکرێت و داتاکانیان بپارێزن بۆئەوەی رۆژێک لە رۆژان لەدادگا نێودەوڵەتیەکان بەرامبەر دەسەڵاتدارانی تورک بەکاریبهێنن".
دەبێت حکومەتی سوریا دژی تورکیا سکاڵا تۆمار بکات
لە درێژەی قسەکانیدا بڕیار شوانی، چالاکوانی مەدەنی و شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی ووتیشی: "قۆناغی دووەم لەڕێگەی حکومەتی سوریاوە سکاڵا لەسەر تاوانە جەنگییەکانی تورکیا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان تۆمار بکرێت، چونکە لە کۆتایدا رۆژئاوای کوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریایە، هەروەها کوردانی رۆژئاوای کوردستان هاوکارێکی باشبوون لە لەناوبردنی داعش لە سوریا کە ئەمەش لەبەرژەوەندی گشتی حکومەتی سوریا بووە".