١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەكە بەدەستوری راستەوخۆی مەسعود مستەفا بارزانی"سەرۆكی گشتی هێزە چەكدارەكان"ی پێشمەرگە لەساڵی ٢٠١٤" بەبێ تەقاندنی فیشەكێك لەكۆڵان و شەقامەكانی شەنگاڵ، ئێزیدیەكانیان بەتەنیا هێشتەوە و تەنانەت پێیانیان رانەگەیاندبوون تاكو گیانی خۆیان رزگار نەكەن.
هێزەكانی پاراستنی گەل"هەپەگە"، یەكینەكانی پاراستنی گەل"یەپەگە" و یەكینەكانی پاراستنی ژنان"یەپەژە"، چۆن چۆنی ئێزیدیەكان لەكۆمەڵكۆژی پاراست و دەرگاكانی رۆژئاوایان بەروویاندا كردەوە و رێڕەوی مرۆڤیان بەچە نرخێك كردەوە؟
ماوەی پێش هێرشی داعش بۆ سەر شەنگاڵ، هێزەكانی پەدەكە بەبیانۆی ئەوەی كە ئێمە لێرەین و پاراستنی ئێوە دەكەین، خەڵكەكەیان بێ چەك كرد.
ئێزیدی بەگشتی لەدوو هەرێم لەعێراق نیشتەجێن كە یەكێك لەوانە، شارۆچكەی شێخان لەباكوری موسل و ئەوی دیكە شاری شەنگاڵ لەسنوری عێراق ـ سوریەیە و ژمارەیان بەلانی كەمەوە ٥٠٠ تا ٧٠٠ هەزار كەس دەبن.
ئێزیدیەكان بەشێوەیەكی بەردەوام رووبەرووی كۆشت و بڕ و زۆڵم و ستەم دەبنەوە. بەگوێرەی بەڵگە مێژوویەكان ٧٣ جار رووبەرووی كۆمەڵكۆژی و لەناوبردن بوونەتەوە كە ئەوان بۆ خۆیان ئەو كۆمەڵكۆژیانە وەكو"فەرمان"بەناو دەكەن.
هەر دوایی ئەو فەرمانە بوو كە چەتەكانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشیان كردە سەر شەنگاڵ و دەوروبەری و هەزاران ژنی ئێزێدیان بەناوی كەنیزەك بردە موسل و سوریە و خەڵكی شەنگاڵیان كۆچبەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كران.
بەیانی رۆژی سێ ئابی ٢٠١٤ دوای ئەوەی كە پێشمەرگەكانی پەدەكە قەناعەتیان لەلای درۆست بوو كە داعش پەلاماری شەنگاڵ دەدات، سنگەرەكانی پێشەوەیان چۆڵكرد و تا نزیكەی كاتژمێر دەی شەو لەهەموو هەرێمەكە كشانەوە.
دوابەدوای ئەوە هێزەكانی بارزانی هەرێمەكەیان چۆڵ كرد، داعشیش بەبێ هیچ بەرەنگاریەك سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان تێپەڕ كرد و گەیشتنە شەنگاڵ.
ئەم هێرشەی داعش بەشێوەیەكی كۆت و پڕ پێكهات كە خەڵكی ئێزیدی نەیانتوانی لەشارەكە دەركەون و ژمارەیەكی كەم لەخەڵك كە چەك و چۆڵیان پێ بوو كەوتنە پاراستنەوە. ژمارەیەكیان بەدیلگیران و بەلانی كەمەوە نزیكەی ٤٠٠ هەزار كەسیش بەرەو چیای شەنگاڵ هەڵهاتن.
هێزەكانی گەریلا بەپەلە خۆیانیان گەیاندە ئێزیدیەكان و ویستیان بەرەو ناوەندی شەنگاڵ پێشڕەوی بكەن، بەڵام هێزەكانی بارزانی رێگریان لێدەكەن و دوابەدوای هەوڵدانێكی زۆر، خۆیان گەیاندە چیای شەنگاڵ و رێڕەوێك بۆ ئێزیدیەكان دەكەنەوە تا خۆیان بگەیەننە چیای شەنگاڵ.
هاوكات لەگەڵ گەریلاكانی هەپەگە، هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە لەرۆژئاواوە خۆیانیان گەیاندە چیای شەنگاڵ و شانبەشانی هێزەكانی گەریلا رێگریان لەهێرشەكانی چەتەكانی داعش گرت بۆ سەر چیای شەنگاڵ.
بەخوێنی ٣٦٣ گەریلا و شەرڤان ئێزیدی لەكۆمەڵكۆژی رزگار كران
لەو رۆژانەدا ئەگەر هێزەكانی هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە نەبووبان، رەنگە ئەو چوارسەد هەزار ئێزیدیەی پەنایان بردبووە بەر چیای شەنگاڵ، كۆمەڵكۆژ كرابان و چیاكە بەخوێنیان رەنگین بووبایە.
لەماوەی هەشت رۆژ بەرخۆدان و پاراستن لەئێزیدیەكان لەچیای شەنگاڵ، گەریلاكانی هەپەگە و یەژئا ستار و تێكۆشەرانی یەپەگە و یەپەژە توانیان رێڕەوێك بۆ گەیاندنی ئێزیدیەكان لەچیای شەنگاڵەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان بكەنەوە.
لەكاتی كردنەوەی ئەو رێڕەوە مرۆڤییە و لەبەرامبەر بەهێرشەكانی داعش، لەهێزەكانی گەریلا و شەرڤانانی رۆژئاوا زیاتر لە ٣٧ گەریلا و شەرڤان شەهید بوون.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی راگەیاندنی یەبەشە داویانە بەئاژانسی هەواڵی فۆراتنیوز؛ لەداستانی بەرخۆدان و پاراستنی ئێزیدیەكاندا، ٣٦٣ گەیلا و شەرڤانی یەپەگە و یەپەژە و یەبەشە و یەژەشە شەهید بوونە.
بەگوێرەی رێكخراوە عێراقیەكان لە هەشتا شوێن خەڵك كۆمەڵكۆژ كراون و تەنیا لە چەند رۆژدا دووهەزار و ٢٩٣ كەس كۆمەڵكۆژ كراون.
بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ شەش هەزار و ٣٧٣ كەس رفێندراون كە سێ هەزار و ٥٠٤ یان ژنن و دوو هەزار و ٨٦٩یان پیاون و ٢٢٠ كەسیش بێ سەروشوێنن.
تا ئێستا چارەنووسی دووهەزار و ٨٨٠ كەس نادیارە كە هەزار و ٣٠٤ كەسیان ژنن و هەزار و ٥٧٦ كەسیشیان پیاون.
ژمارەی ئەو منداڵانەی باوكیان لەدەستداوە، ١٧٥٩ منداڵن و ژمارەی ئەو منداڵانەی كە دایكیان لەدەستداوە ٤٠٧ كەسن. هاوكات ٢٧٤٥ منداڵیش دایك و باوكیان لەدەستداوە.
هاوكات ٣١٠ هەزار ئێزیدی لەشوینی باو و باپیرانیان ئاوارە بوون و سەد هەزار كەسیش چوونەتە دەرەوەی كۆچبەری وڵاتان بوون. هەروەها، ٢٧٤٥ منداڵیش بوونەتە قۆربانی ئەم كۆمەڵكۆژیە وەحشیانە.
هـ . ب