سەکینە جانسز لە دێرسیم لەسەر گڵکۆکەی یادیکرایەوە
یەک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە سەکینە جانسز کە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆرکرا، لەسەر گڵکۆکەی لە دێرسیم یادی کرایەوە.
یەک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە سەکینە جانسز کە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆرکرا، لەسەر گڵکۆکەی لە دێرسیم یادی کرایەوە.
یەک لەو سێ ژنە شۆڕشگێڕەی ١٢ ساڵ بەر لەئێستا لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکدا لە پاریس تیرۆرکران، سەکینە جانسز لە گۆڕستانی ئاسری لە دێرسیم لەسەر گڵکۆکەی یادیکرایەوە.
ئەندامانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) بێریڤان باخچەلی، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) ئایتەن کۆردو و گوڵجان کاچماز ساییگیت، بەڕێوەبەرانی شار و ناوچەکانیش لەناویدا چەندین کەس بەشداربوون.
ژنان لە بەردەم گۆڕستان کۆبوونەوە و بە چەپکە گوڵەوە بەرو گڵکۆی سەکینە جانسز رێپێوانیان کرد.
یادکردنەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان دەستیپێکرد و دایکی ئاشتی مریەم توما قسەی کرد و لە کەسایەتی سەکینە جانسزدا یادی سەرجەم شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی بەرزڕاگرت.
مریەم تۆما وتی، "ئێمە نامانەوێت ژنان بکوژرێن. نامانەوێت دایکان بگرین. داوای ئاشتی و ئازادی دەکەین".
یادکردنەوەکە کە هاوکات بوو لە گەڵ ١٢هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی گیانبەختکردووانی کۆمەڵکوژی پاریسدا ئەنجامدرا، بە دانانی تاجەگوڵینە و داگیرساندنی مۆم لەسەر گڵکۆی سەکینە جانسز کۆتایی هات.