سەربازانی تورکی داگیرکەر هەڵیانکوتایە سەر گوندی ئەلمالی لە ناوچەی چەرمێ لە پارێزگای چەولیک لە باکووری کوردستان. لەو هەڵکوتانەدا حاسێ ئادی بەلی تەمەن (٧٥) ساڵ و مستەفا ئادی بەلی تەمەن (٨٥) ساڵی هاوسەری، لەلایەن سەربازانەوە لێیاندرا و دەستیان کەلەپچە کرا. لە دوای ئەوەی لە ماڵەکەى خۆیان بە زۆر برانە دەرەوە، ماڵەکەیان ڕووخاندن.
بەپێی زانیارییەکان بەڕێوەبەرایەتیى دۆخی لەناکاو و رووداوەکان (ئافاد - AFAD) و وەزیری گەشەپێدانی شارستانی، ئەو خانووانە دەڕوخێنن، کە لە بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٩دا زیانیان پێگەیشتووە و لە لە شوێنیاندا خانوو دروست دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ خانوویەک بۆ ئەو کەسانە دروست نەکراوە و ئەوانەی ماڵەکانیان ڕوخێنراوە بەپێی توانای خۆیان هەوڵ دەدەن خانوویەک بۆ خۆیان بکەنەوە.
حاسێ و مستەفا ئەدی بەلی هاوژینی یەکترن و لەبەر ئەوەی نەیاندەویست ماڵەکەیان چۆڵ بکەن و بڕوخێنرێت و بێ لانە بکرێن، سەربازانی تورک بە شێوەیەکی دڕندانە و توندوتیژانە هەڵیانکوتایە سەر گوندەکە و ماڵی ئادی بەلی و لێیاندا و کەلەپەچیان کردن و لە دوای کەلەپچەکردنەکەش توندوتیژییان لەگەڵ ئەنجامدان.
هاووڵاتییانی گوندەکە لەسەر ئەو ڕووداوە کاردانەوە و ناڕەزایەتیان نیشان دا، بەڵام سەربازانی تورک لە بەرامبەردا بە هەڕەشە و توندوتیژی دەستیان بەسەر تەلەفونەکانی هاووڵاتییانی گوندەکەدا گرت.
میر یەکتا ئادی بەلی کوڕی حاسێ و مستەفا ڕایگەیاند، سکاڵا لەسەر ڕووداوەکە تۆمار دەکات. میر یەکتا وتیشی: "دایکم نەخۆشیی ئەلزایمەر (لەبیرچوونەوە)ی هەیە و خانوەکەمان بە پێی نەخۆشییەکەى ئەو دروست کردبوو و رێکخرابوو، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەوان لە ماڵەکەیان کرد و توندوتیژیشیان لەگەڵ کرد و لێشیاندا.
ژ.ت