سودانی لە شەنگالە

سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی ڕۆشتە شەنگال. هەر لەسەردانەکەیدا سودانی سەردانی لیوای ٢٠ی سوپایی عێراقیکرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی دوای ئەوەی ئەمڕۆ گەیشتە نەینەوا و لە لایەن پارێزگاری نەینەواوە عەبدولقادر دەخیل پێشوازی لێکرا، لەگەڵ شاندی یاوەریدا بۆ جاری یەکەم ڕۆشتە شەنگال.

هەر لەسەردانەکەیدا سودانی ڕۆشتە بارەگای لیوای ٢٠ی سوپای عێراق و دەستی بە چاوپێکەوتنەکانی کرد. لەو چاوپێکەوتنەدا جگە لە تیمی ڕۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێگە بە هیچ تیمێکی ڕاگەیاندن نەدرا بەشداری ڕوماڵکردنی کۆبوونەوەکە بکات. بەپێی زانیارییەکان دەستگیراوە بەسەر ئامێری تەکنیکی هەندێ لە ڕاگەیاندنەکان، لەبەر ئەو دۆخەیی دروستبووە، هیچ زانیاریەک لەبارەیی چیەتی کۆبوونەوەکەی سودانیەوە بڵاونەکراوەتەوە.

هەروەها ڕێگە نەدراوە بە کەسایەتی، عەشایەر و نوێنەرانی جڤاکی ئێزیدی و گەلی عەرەبی شەنگال بەشداری کۆبوونەوەکەی سودانی ببن، ئەم هەڵویستەش بوو بەجێگەی ڕەخنە و هەڵوێستەی خەڵکی شەنگال.

بە گوێرەی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، سودانی بۆ کردنەوەی پرۆژەی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری ڕۆشتۆتە دەشتی نەینەوا.

ئەم سەردانی سودانی لەکاتێکدایە، لە دوای ئەو کاولکارییەی فەرمانی ٢٠١٤دا بەسەر شەنگالدا هێنرا، تا ئێستا هیچ پرۆژەیەکی جدی لە لایەن حکومەتەی بەغدادەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال ئەنجام نەدراوە.

هەروەها دوای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، ڕۆژەڤی سەرەکی سەرلەنوێ دیارکردنی ئیدارەی شەنگالە، کە گەلی شەنگال بە هیوایە ئیدارەی نوێی بەبێ ئیرادەی شەنگال دانەمزرێت. بابەتی هەرە گرنگی بۆ گەلی شەنگال ئەوەیە سودانی سەرۆک وەزیران دەربارەی ئیدارەی نوێی شەنگال، بۆ گەڕاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال لە جێگەیی بەڵین و پەیمانەکانی خۆیدا بێت.