سوپای عێراق بە توندووتیژی وەڵامی داواکارییەکانی دانیشتوانی سنونی دایەوە

خەڵکی ناوچەی سنونی شەنگال بە مەبەستی داواکاری خزمەتگوزاری تەندرووستی لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی سنونی کۆبوونەوە، بەڵام سوپای عێراق بە گولـلەبارانکردن وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی دایەوە.

لە ناوچەی سنونی شەنگال سەرەڕای هەبوونی نەخۆشخانەی گشتی، بەڵام نەخۆشخانەکە نە دکتۆر، نە کارمەندی تەندرووستی و ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری هەیە.

دانیشتووانی سنونی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە کە کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکە جێهێشتووە، توڕە و بێزارن لە دۆخەکە، بۆیە بە مەبەستی دابینکردنی داواکارییەکانیان، دوێنێ ئێوارە لە بەردەم نەخۆشخانەی سنونی گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان نیشان دا.

یەک لە داواکارییەکانی گردبوونەوەکە، دادگایکردنی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بوو، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵیکردن.

لە بەرانبەر گردبوونەوەی خەڵکەکە، کە بە مەبەستی دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی خۆیان ناڕەزایەتیان نیشانداوە، سوپای عێراق هێرشی کردە سەریان و بە دەستڕێژی گولـلە هەوڵی بڵاوەپێکردنی گردبوونەوەکەی دا. لە ئەنجامی دەستوەردانەکەی سوپادا ئاڵۆزی و بشێوییەکی زۆر درووستبوو.