سیامەند موعینی: هەڤاڵ رێزان ڕێگای بەرەو بەدیهێنانی ئازادییە
سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک بە رێزەوە یادی شەهید رێزان جاویدی کردەوە و سەرەخۆشیی لە گەلی کوردی وڵاتپارێز و ئازادیخوازان و کوردستانیان کرد.
سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک بە رێزەوە یادی شەهید رێزان جاویدی کردەوە و سەرەخۆشیی لە گەلی کوردی وڵاتپارێز و ئازادیخوازان و کوردستانیان کرد.
سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بە رێز و پێزانینەوە یادی شەهید رێزان جاوید ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)ی بەرز راگرت.
'هەڤاڵ رێزان مۆری خۆی لە مێژووی کوردستان دا'
سیامەند موعینی لە سەرەتای وتەکانیدا بۆ شەهادەتی رێزان جاوید سەرەخۆشیی لە بنەماڵەکەى، بنەماڵەى شەهیدان و کەسایەتییە ئازادیخوازەکان کرد و وتی، "هەڤاڵ رێزان جاوید کەسایەتییەکی تێکۆشەر و خۆڕاگر و بەرەنگار بوو. ژیانی خۆی بۆ تێکۆشان و شۆڕشی ئازادی تەرخانکرد. لە ماوەی ساڵەکانی تێکۆشانیدا توانیبووی مۆری خۆی لە مێژووی شۆڕشی ئازادیی گەلی کورد بدات. هەڤاڵ رێزان بە کەسایەتیی خۆی سەرقاڵی پەروەردە و بەرەوپێشبردنی دەوروبەرەکەى خۆی بوو و بە ڕۆحی ئازادیخوازی و تێکۆشان ئاشنای دەکردن. لە ڕاستیدا هەڤاڵ رێزان رێگای بەرەو بەدیهێنانی ئازادییە".
'تێکۆشانی ئازادی لە ڕێگای بە دەستهێنانی ئەنجامدایە'
هاوسەرۆکی پەژاک لە درێژەدا باسی لە بەردەوامیی هێرش و پیلانگێڕییەکانی رژێمی فاشیستی تورک لە شەهادەتی هەڤاڵ رێزان جاوید دا کرد و ئەو پیلانگێڕییەی لە دژی هەموو کوردان لێکدایەوە و وتی، "لە ئەنجامی پلانە چەپەلەکانی رژێمی تورک، سوریا، ئێران و هاوکاریی خائینان، هەڤاڵ رێزان جاوید شەهید کرا و گیانی پێشکەش بە ئازادیی گەل و نیشتمانەکەى کرد. بێگومان دوژمنانی کورد لە بەرەوپێشچوون، پێشکەوتنەکان و سەرکەوتنەکانی گەلی کورد توڕەن. هەر هەنگاوێک، کە لەلایەن شۆڕشی گەلەکەمانەوە هەڵدەگیرێت، ترسێکی گەورە لە دڵی دوژمنانی کورد و مرۆڤایەتیدا دروست دەکات. بۆ شاردنەوەی ترس و تۆقانیان هێرش دەکەنە سەر پێشەنگەکانی گەلی کورد. بێگومان لەو بڕوایەدان، کە دەتوانن بەو هێرشانە رێگا لە پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی شۆڕشی ئازادیی گەلەکەمان بگرن، بەڵام بزووتنەوەی ئازادی لە بەرامبەر دوژمنان و خائینان دا لاواز نابێت، چونکا کاروانی ئازاد بەرەو پێش دەڕوات و لە رێگای بە دەستهێنانی سەرکەوتن دایە".
'ئامانجە ئازادیخوازەکان بەدەی دەهێنین'
سیامەد موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پەژاک) لە کۆتایی وتەکانیدا جارێکیتر سەرەخۆشی لە بنەماڵەى شەهیدان، گەلی وڵاتپارێزی کوردستان و بە تایبەتی بنەماڵەى هێژای شەهید رێزان کرد و ڕایگەیاند، "سەرەخۆشی لە تەواوی کوردستان، گەلە وڵاتپارێزەکەمان، گەلی کورد و بە تایبەتی خەڵکی مەهاباد دەکەم. هەروەها بە تایبەتی هاوخەمیی خۆم بۆ باوک و دایکی شەهید رێزانی شۆڕشگێڕ ڕادەگەیەنم. ئێمە وەک هاوسەنگەرەکان و هاوخەباتانی شەهید رێزان جاوید تاوەکو بەدیهێنانی ئامانجەکانی، کە بەدیهێنانی وڵاتێکی ئازادە، تێدەکۆشین و خەبات بەرەو پێش دەبەین و ئازادی بەدی دەهێنین".
ژ.ت