سزای ١٠ ساڵ زیندان بەسەر دوو چالاکوانی کورددا سەپێندرا

دادگای شۆڕش لە شاری سنەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر ھەر یەک لە سروە پوورمحەمەدی و ئیدریس مینبەری، ئەندامانی ئەنجومەنی کولتووری-کۆمەڵایەتی 'نۆژین'دا سەپاند.

لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە، بە تۆمەتی "دروستکردن یان ئەندامبوون لە گرووپ یان ئەنجومەنێک، بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات"، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر ھەر یەک لە سروە پوورمحەمەدی و ئیدریس مینبەری، ئەندامانی ئەنجومەنی کولتووری-کۆمەڵایەتی 'نۆژین'دا سەپاند.

لەوبارەشەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم، سەپاندنی سزاکە بەسەر ئەو دوو چالاکوانە مەدەنییەدا، بە پارێزەرانیان ڕاگەیەندراوە.

ئیدریس مینبەری مانگی ڕابردووش، لە دۆسیەیەکی دیکەدا، بەبێ ئامادەبوونی لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی"، سزای ساڵێک زیندانی بە شێوەی دورخستنەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوا لە پارێزگای کرماشان و لێدانی ٤٠ قامچی، بەسەردا سەپێندرابوو.

ئیدریس مینبەری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کولتووری- کۆمەڵایەتی "نۆژین"، ڕۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران دەستگیرکرابوو، هەروەها سروە پوورمحەمەدی، ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی نۆژین، لە کاتی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی بەشێک لە ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەنجومەنەکەیان، ڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە دادگای شۆڕشی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکرابوو.

ئیدریس مینبەری، ڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ و سروە پوورمحەمەدی ڕۆژی ١٣ی شوباتی ئەمساڵ، دوای کۆتایی هاتنی ماوەی لێپرسینەوەیان، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کران.