بە دیمەن

تاژێ داوای کرد ناسنامەی ١٩ ژنی ئێزدی که له موسڵ سوتێنراون ئاشکرا بکرێن

تاژێ لە بەیاننامەیەکدا یادی ئەو ١٩ژنە ئێزدییەی کە لە موسڵ لەلایەن داعشەوە بە زیندوویی سووتێنران، کردەوە و داوای لە حکومەتی عێراق کرد ناسنامەی ژنە سووتێنراوەکان ئاشکرا بکات و ئەو چەتانەی کردەوە دڕندانەکەیان ئەنجامداوە سزا بدرێن.

لە کۆمەڵکوژیی (فەرمان) ٣ـی ئابی ساڵی ٢٠١٤، هەزاران ئێزدیی کەوتنە دەستی گرووپە جەتەکانی داعش، کە زۆرینەیان ژن بوون، لەناویاندا ١٩ ژنی ئێزدیی، پاش دیلگرتنیان برانە موسڵ و لە پاش ئەوەی ڕادەست نەبوو و ڕازی نەبوون ئاینیی خۆیان بگۆڕن، لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ـدا بە زیندووی لە موسڵ سووتێنران.

لە ساڵیادی ئەو تاوانە قێزەونەدا، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی (تاژێ) لە شەنگال گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و ڕاگەیاندراوێکییان بڵاو کردەوە و تێیدا داوای ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو ١٩ ژنە و بەسزاگەیاندنی تاوانباران لە حکومەتی عێراق کرد.

ڕاگەیاندراوەکەی تاژێ لەلایەن سوهام شەنگالی ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی تاژێوە خوێندرایەوە و ڕایگەیاند، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ناسنامەی ئەو ١٩ ژنە ئێزدییە کە لە موسڵ بە زیندوویی سووتێنران ئاشکرا بکەن، هەروەها داوایانکرد چارەنووسی هەزاران ژنی ئێزدیی کە بە دیلی کەوتنە دەست گرووپە چەتەکانی داعش دیاری بکرێت و بدۆزرێنەوە، هاوکات داوای بەسزاگەیاندنی تاوانبارانیان کرد لە پشت ئەم تاوانە قیزەونانەوە.