بە دیمەن

لە کەرکوک، بەبۆنەی جەژنی قوربان سەردانی گڵکۆی شەهیدان کرا

لە کەرکوک، لە رۆژی عەرەفەدا بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربان، وڵاتپارێزان و کەسوکاری شەهیدان سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کرد.

بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئاینی کۆمەڵگای باشوری کوردستان و کۆمەڵگای ئیسلامی، لە رۆژی عەرەفە-دا خەلکی سەردانی گۆرستان دەکەن بۆ بەسەرکردنەوەی کەسوکاریان، ئێوارەی ئەمرۆ پێنج-شەممە، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەدەستپێشخەری ژمارەیەک لە کەسایەتی وڵاتپارێز، چالاکوان و کەسوکاری شەهیدان، وەکو خاوەنداری کردن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی لە چەند گەرەکێکی شارەکە سەردانی گڵکۆی شەهیدانی کەرکوکیان کرد.

جێگای باسە لە سەردانەکەیاندا بۆسەر گڵکۆی شەهیدانی کەرکوک یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستانیان کردەوە و داوایانکرد، کە یەکێتی گەلی کورد دروستبکرێت و پشتیوانی لە بانگەوازە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی بکرێت، هەروەها پەیمانیان دووپات کردەوە کە بەردەوام بن لە خەبات و تێکۆشان لەسەر ڕێبازی شەهیدان.

حوسێن کەرکوکی، چالاکوانی سیاسی و کەسایەتی ووڵاتپارێزی کەرکوک، سەبارەت بەسەردانەکەیان بۆسەر گڵکۆی شەهیدان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) گووتی: "سەرەتا بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەکان ئەکەین، هەروەها لە هەموو گەلی کوردستان لە چوار پارچەی کوردستان و لە تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی شاری کەرکوک پیرۆز دەکەین، ئێمەش بەبۆنەوەی جەژنی قوربانەوە وەکو خاوەنداری لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی سەردانی گڵکۆی ئەو شەهیدانە دەکەین کە لەپێناو گەل و خاکەکەمان گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی شوناس و کلتورو زمانی کوردی، جەژنی قوربانی واتاو گرنگی خۆی هەیە، بێگومان ئەم جەژنە قۆناغێکی جیاوازە ڕووبەڕووی گەلەکەمان دەبیتەوە، دوای بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئۆجەلان و کۆنگرەی پەکەکە قۆناغێکی نوێ ڕووبەڕووێ گەلەکەمان دەبێتەوە، دوژمنانی کورد هەوڵدەدەن جارێکی دیکە وەکو سەدەی ڕابردوو کورد بێ رۆڵ بکەن لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بێگومان ڕێبەر ئۆجەلان و دەرئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە بە پەیامەکەی دیاری کرد کە ئەرکی ئێمە بۆ قۆناغی داهاتوو قورستر دەبێت بەڵام مەحاڵ نیە و جێبەجێی دەکەین".

هەروەها حوسێن کەرکوکی ووتیشی: "پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ و دەرئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە بۆ باشوری کوردستان گرنگە، و پێویستە خوێندنەوەیەکی ستراتیجی بۆ بکەین، وە ئێمەی باشور بەهەموو چین و توێژەکانەوە پێویستە پشتگیری لە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ و دەرئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە بکەین، چونکە بەدیهێنای ئاشتی لە باکوری کوردستان گەرەنتی مافەکانی گەلی کوردە لە باشوریش چونکە تورکیا هەمیشە ڕێگربووە لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، بە یەک هەڵوێستی و بەیەک دەنگی لە چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەتوانێت مۆرکی و رۆڵ و پێگەی خۆی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بدات".