لە زۆربەی شارەکان بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە لە سەر گۆڕی ئەو کەسانەی لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیدا گیانیان بەخت کردووە، مەراسیمی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.
ئیزمیر
لە ئیزمیر بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی کەسوکاری بێسەروشوێن کراوان، لە سەر گۆڕی ئەو کەسانەی لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیدا گیانیان بەخت کردووە، ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.
زەریفە قەرەسونگور کۆمەڵەی کەسوکاری بێسەروشوێن کراوان، لە سەر گۆڕی مستەفا بوداک کە لە ساڵی ٢٠١٥لە کۆمەڵکوژی شەمەندەفەری ئەنقەرە گیانی لەدەستدا ڕایگەیاند: "بە ئاڵای سپییەوە چووین بۆ ئەوێ، بەڵام بە تەرمەوە گەڕاینەوە، لێڕەدا بەڕێزدارییەوە یادی هەموو شەهیدەکان دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین ئەو ئاڵایەی کە لە دوای خۆیان بۆ ئێمەیان بە میرات جێهێشت، بە شەکاوەیی ڕایدەگرین."
هەروەها دەنیز پویراز کە لە ساڵی ٢٠٢١ لە هێرشێکدا بۆ سەر لقی ئیزمیری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) شەهید کرا، لە سەر گۆڕەکەی یادی کرایەوە. ئەرهان مورکۆچ، ئەندام پەرلەمانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) لە زاری دایکی دەنیز پۆیرازەوە کە گوتبووی: "ئەگەر ١٠ دەنیزم هەبوایە هەموویانم لەسەر رێگەی ئاشتی فیدا دەکرد"، رایگەیاند: "جارێکی تر بەڵێن دەدەین هەتا ئاشتییەکی شکۆمەندانە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین."
هەروەها دایکی ئاشتی بەهیە یالچن لە سەر گۆڕی دیلان کورتاک کە لە ئەستەنبوڵ تیرۆر کرا، وتارێکی پێشکەش کرد. دایە یاڵچن عەلی حەیدەر قەیتان، ڕەزا ئاڵتون و سری سورەیا ئۆندەری شەهیدانی شۆڕش و کوردستان بەناو کرد و وتی: "هەموومان چاوەڕێی مژدەی ئاشتی و ئازادین، نابێت دڵی دایکان ئیتر خەمگین بێت."
ئەدەنە
بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لەبنەماڵەی ئەو کەسانەی ئازیزانیان ئاکدەنیز لەدەستداوە (AKKAY-DER) بەبۆنەی جەژنی قوربان لە گەڕەکەکانی کوچوکۆبا، ئاسری، بۆروک، ئاک کاپی، جەیهان ئاسری و موتلو لە ناوچەکانی جەیهان، یورەگر و لەسەر گۆڕی ئەو کەسانەی لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیدا گیانیان لەدەستداوە مەراسیمی یاد کردنەوە بەرێوە چوو. لە یادەکەدا دروشمی "شەهیدان نامرن" وترایەوە و ڕاگەیەندرا؛ تێکۆشانی شەهیدانی ئازادی و دیموکراسی پەرە دەستێنێت و ئاشتی لەم وڵاتەدا بەدی دێت.