پارتی ئیسلامی کوردستان: بەو هیوایەی جەژنی قوربان ببێتە هۆی یەکێتی گەلی کورد

حیکمەت سەربڵند، سەرۆکی پارتی ئیسلامی کوردستان(پیک) بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "لە خوای گەورە داواکارین جەژنی ئەمساڵ ببێتە هۆی یەکێتی گەلی کورد و مژدەیەک بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ."

حیکمەت سەربڵند، سەرۆکی پارتی ئیسلامی کوردستان(پیک)، سەرەتا جەژنی قوربانی لە گەلی کورد و هەموو گەلانی جیهانی ئیسلامی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند کە جەژنی قوربان هێمای دوورکەوتنەوەی مرۆڤەکانە لە خۆپەرستی و خۆسەپاندن بەسەر مرۆڤایەتیدا.

پاشان سەربڵند ئاماژەی بە قوربانیکردنی ئاژەڵ لە ڕوانگەی ئاینەوە کرد و ڕایگەیاند: "ئامانج لە قوربانیکردن نزیکبوونەوەیە لە خودا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندییە، موسڵمانانێک کە لە بواری ئایینیەوە باوەڕمەندن بەشێک لە سامان و ماڵی خۆیان بۆ خێرخوازی و قوربانیکردن تەرخان دەکەن بەسەر هەژاراندا. ئەم هاوکارییە کۆمەڵایەتییە کۆمەڵگا بەهێز دەکات و مرۆڤەکان دڵخۆش دەکات."

حیکمەت سەربڵند جەختی لەوە کردەوە کە جەژنی قوربان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە ئاشتی و ئازادییدا هەبووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و وتی: "بەداخەوە ئەمساڵ لەم جەژنەدا دیکتاتۆرەکانی جیهان بەردەوامن لە کردەوە کۆمەڵکوژییەکانیان دژی گەلانی بندەست، بەتایبەت حکومەتی ڕەگەزپەرستی تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشور و ڕۆژئاوا و بەشەکانی تری کوردستان."

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا سەربڵند جارێکی تر جەژنی قوربانی لە جیهانی ئیسلامی و گەلی کورد پیرۆز کرد و ڕایگەیاند: "ئەم ڕۆژە پیرۆزە بۆ نزیککردنەوەی مرۆڤەکانە لە یەکتر و نەهێشتنی قین و تووڕەییەکانە، بەرخۆدانی حەزرەتی ئیسماعیل نیشانەی ئاشتی و ئازادییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، لە خودای گەورە داواکارین جەژنی ئەمساڵ بێت هۆی یەکڕیزی و یەکێتی بۆ گەلی کورد و مژدە بێت بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ."