دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گەمارۆدانی سەر کەمپەکە و دەستبەسەرکردنی شاندی کەمپە، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.
لە ١٠ی نیسانەوە حکومەتی عێراق گەمارۆی توندی لە بەسەر کەمپی مەخموردا سەپاندووە. هەروەها شاندێکی نوێنەرانی کەمپەکە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆەکە سەردانی بەغدایان کرد. ڕۆژی ١٤ی ئایار دوای دیدار لەگەڵ وەزیری دادی عێراق، ئەندامانی شاندەکە لە کاتی گەڕانەوەیان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستبەسەرکران. لەو کاتەوە تا ئێستا گەمارۆەکانی سەر کەمپەکە بەردەوامە و کێشەکان چارەسەر نەکراون.
دانیشتوانی کەمپی مەخموور لە بەردەم ناوەندی بنەماڵەی شەهیدان هەتا نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێپێوانیان کرد. لە کاتی چالاکییەکەدا وێنەکانی رێبەر ئاپۆ و وێنەی ئەندامانی شاندەکە ئەحمەد شەهباز، بێوار ئەمین و ئەدبان یڵمازیان بەرز کردەوە و بەردەوام دروشمی "بژی بەرخۆدانی مەخموور" و "بژی رێبەر ئاپۆ" وترایەوە. دواتر لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەیاننامەیەک خوێندرایەوە.
پێش خوێندنەوەی بەیاننامەکە، خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بەو گوشار و چەوساندنەوەکان کە بەسەر دانیشتوانی کەمپەکەدا بەساڵان سەپێنراوە، راگەیەندرا: "گەلی مەخموور هەرگیز خۆیان موحتاجی کەس نەکردووە، بۆیە روویان لە شارەکانی عێراق کردووە و بەو شێوەی بژێوی ژیانیان دابین کردووە. بەڵام حکومەتی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی تورکیا کە ئامانجی یەکەمیان هەڵوەشانەوەی کەمپەکەیە، گەمارۆیەکی قورسیان خستەسەر کەمپەکە. ئەم گەمارۆدانە لە ١٠ی نیسانەوە بەردەوامە، هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا بەرخۆدانی دانیشتوانی کەمپەکە لە زیادبووندایە، بەڵام بە دەستبەسەرکردنەکان هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ئەم گەلە دەدەن. ئێمە وەک دانیشتوانی کەمپەکە هەتا جێبەجێ کردنی داواکارییەکانمان درێژە بە بەرخۆدانی خۆمان دەدەین."
دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە، گردبوونەوەکە بە وتنەوەی دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی مەخموور" کۆتایی هات.