یادی شەهیدانی ٥ی حوزەیران کرایەوە: ئاشتی و کۆمەڵگای دێموکراتیک بنیات دەنێین

لە شاری ئامەد یادی شەهیدانی هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٥ی داعش کرایەوە. لە یادەکەدا راگەیەندرا کە تێکۆشان بۆ ئاشتی و دیموکراسی بەردەوام دەبێت و پەیامی "ڕۆژێک تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت" درا.

لە٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە گۆرەپانی وێستگەی شەمەندەفەری ئامەد لەلایەن داعشەوە هێرشێکی کۆمەڵکوژی کرایە سەر گردبوونەوەی "مرۆڤایەتیی گەورە"ی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) کە بەو هۆیەوە کەسانێکی زۆر هاوڵاتی مەدەنی شەهید و برێندار بوون. لە ١٠هەمین ساڵی یادکردنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکەدا، مەراسیمێک بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا پەرلەمانتارانی دەم پارتی و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وهەروەها بریندارانی ڕووداوەکە و جەماوەرێکی زۆر لە هاوڵاتیان بەشدارییان کرد.

لە مەراسیمەکەدا کە وێنەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە بەرز کرابووەو، بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان مەراسیمەکە دەستی پێکرد.

'بەرپرسیارانی هێرشەکە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت'

هەروەها لە مەراسیمەکەدا حەیاتی کۆرول برای نەجاتی کۆرول کە لە هێرشەکەدا شەهید بوو، قسەی کرد و وتی: "نامانەوێت ئەوانەی ئەم ئازارەیان ئەزموون کردووە دووبارە ئەزموونی بکەنەوە. ئەوانەی ئەم کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامداوە ڕۆژێک لەبەردەم دادپەروەریدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."

گوڵشەن ئوزەر، هاوسەرۆکی لقی دەم پارتی ئامەد رایگەیاند: "لەو ڕۆژەدا کە کەش و هەوای جەژن بوو، ٥ کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە ٤٠٠کەسیش برینداربوون، ئەم کۆمەڵکوژییە قەت لەبیرناکەین و ڕێگە نادەین لەبیربکرێت، بەدڵنیاییەوە تاوانبارانی ئەم کردەوەیە ڕۆژێک لەبەردەم یاسادا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."

تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی بەردەوام دەبێت

عەدالەت کایا، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئامەد وتی: "هێرشەکە دژی ئاشتی و دیموکراسی ئەنجامدرا و هێرشێک بوو دژی پرۆسەی چارەسەریی، ئەوانەی گیانیان لەدەستدا خەباتیان بۆ ئاشتی و دیموکراسی دەکرد، ئەوان شەهیدانی ئاشتی و دیموکراسین.

ئامانج شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد بوو بەڵام سەرنەکەوتن، گەلی ئامەد تاریکی داعشیان شکاند، تێکۆشانی ئێمە بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران و بەرپرسانی ئەم کۆمەڵکوژییە درێژەی هەیە."