تەرمی دلۆڤان ئیشلەک بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکسپێردرا
دلۆڤان ئیشلەک کە دوێنێ لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوو، لە مەخمور بەخاکسپێردرا.
دلۆڤان ئیشلەک کە دوێنێ لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوو، لە مەخمور بەخاکسپێردرا.
دوێنێ لە نزیک قەزای کۆیەی سەر بە هەولێر، ئۆتۆمبیلی خێزانێکی خەڵکی کەمپی پەنابەرانی مەخمور لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرایە ئامانج. لە ئاکامدا، گەنجێک بە ناوی دلۆڤان ئیشلەک شەهید بوو، ٣ ژن بریندار بوون. دوێنێ شەو، تەرمی دلۆڤان گەیشتە کەمپی مەخمور لەلایەن هەزاران کەسەوە پێشوازی لێ کرا.
تەرمی دلۆڤان ئەمڕۆ بە بەشداری هەزاران کەس، بە مەراسیمێکی لە گۆڕستانی شەهید نوژین لە کەمپەکە بەخاک سپێردرا.
بە ئامادەبوونی هەزاران کەس، لە دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان، لە کەسێتی شەهید دلۆڤاندا، مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە تەواوی شەهیدانی تەڤگەری ئازادی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان، لەسەر ناوی خەڵکی کەمپەکە، هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی مەخمور، فیلیز بوداک، قسەی کرد.
فیلیز بوداک، بە توندی هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکی شەرمەزارکرد، گوتی: هەڤاڵمان دلۆڤان کە لە پەنابەرێتیدا لە دایکبووە، تێکۆشان و کارەکانی لەو تەمەنەکەی زۆر گەورەترە، هەروەها ئەو ئازارانەشی کە ڕۆڵەکانمان تیایدا دەژین لە تەمەنیان گەورەترە، هەر بۆیە مرۆڤ سەبارەت بە ئازایەتی و تێکۆشانی ئەم گەلە و ئەم گەنجانە هەرچی بڵێت هیشتا کەمە... بوونی ئەم کەمپە بۆتە کابوسێک بۆ دوژمن. هەر هەناسەیەک، هەر هەنگاوێک و خۆڕێکخستنمان بۆتە دەردی دڵی دوژمن. لەبەر ئەوەیە لە هەفتەیەکدا دوو جار هێرشیان کردە سەر کەمپەکەمان. تا ئێستا بە پاساوی جیاواز هێرشیان کردووە. بەڵام دوێنێ شەهید دلۆڤان بە دووری چەندین کیلۆمەتر لە کەمپەکەوە کرایە ئامانج. ئێمەش وەک شەهید دلۆڤان بە هەڵوێستی خۆمان دوژمنان و خیانەتکاران دەشکێنین".
بە ناوی بنامەڵەی شەهیدەوە، مامی شەهید دلۆڤان، مەحمود ئیشلەک، گوتی: " ئەمە یەکەمین شەهید نییە، سەری گەریلاکانی ئازادی و زیندانیانی ئازادی ساغبێت، پێویستە ئێمە لە دژی خیانەت خاوەن هەڵوێستێکی توند بین، هەتا خیانەت کۆتایی نەیەت ئێمە سەرناکەوین، چاوی منداڵانی مەخموور ماچدەکەم هەموویان دلۆڤانی ئێمەن".
هەروەها دایکی شەهید دلۆڤان، حەلیمە ئیشلەک، کە لەو ڕووداوەدا بریندار بوو، بەخێرهاتنی هەمووانی کرد و گوتی: "دلۆڤان بە تەنیا کوڕی من نەبوو، کوڕی هەمووتان بوو، سەری ڕێبەر ئۆجالان و گەریلاکانی سەر چیا و زیندانییانی ئازادیی ساغبێت، من بەڵێن بە شەهیدان دەدەم لەسەر ڕێبازی دلۆڤان لانادەم و ئەو ئەرکەی بکەوێتە ئەستۆی من ئەنجامی دەدەم".
پاشان بە دوورشمی "بمرێ خیانەت" و "شەهید نامرن"، تەرمی شەهید دلۆڤان ئیشلەک برایە گۆڕستانی شەهید نوژین و لەوێ بەخاک سپێردرا.