تەڤگەری ئازادی بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژیی زارگەلی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەى کوردستان بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گوندی زارگەلیی بناری قەندیل ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەى تەڤگەری ئازادی:

"لەساڵیادی کۆمەڵکوژی زارگەڵیدا نەفرەت لەتیرۆر و رەشەکوژی دەوڵەتی فاشستی تورکیای داگیرکەر دەکەین

حەوت ساڵ لەمەو بەر لەبەرەبەیانی ٢٠١٥/٨/١ لەرۆژێکی وەک ئەمرۆدا فرۆکە جەنگیە تاوانکارەکانی دەوڵەتی ئەردۆغانی کوردکوژ کۆمەڵکوژیان لە گوندی زارگەڵی بناری قەندیل سەر بە شارۆچکەی وەرتێ ئەنجامدا، کە بووە ھۆی شەھید بوونی ھەشت ھاوڵاتی سڤیل و دەیان برینداری لێکەوتەوە و چەندین خانوو ئوتۆمبێلی ھاوڵاتیانی ئەوگوندە لەناوچوون.

دەوڵەتی تورک رۆژنیە تاوان و کۆمەڵکوژی و تیرۆر ئەنجام نەدات، ھەر چەندرۆژ لەمەوبەر لەرۆژی ١٩ تەموز بەدرندانەترین شێوە سەیرانگای گوندی پەرەخی لەزاخۆ کردە ئامانج کە لەئەنجامدا نۆ ھاوڵاتی گەشتیاری عەرب شەھید بوون و دەیانی تریش برینداربوون، بەوەش دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سەلماندی کە دوژمنی ھەموو گەلان و پێکھاتەکانی عێراقە و چاوی بەبرایەتی و سەقامگیری گەلان ھەڵنایە، ئاشکرایە ئامانجی دەوڵەتی فاشستی تورکیا داگیرکاری پاوان خوازی و چۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە لەخەڵکە وڵاتپارێزو ئازاکەی بۆ ئەوەی بەتەواوی ھەژموونی داگیرکاری خۆی لەباشوری کوردستان و عێراق بسەپێنێت.

سوپای داگیرکەری تورکیا تەنھا لەودەڤەرە کە بەسەدان کیلۆمەتر لەسنورەکان دوورە بەدەیان ماڵ و ئوتۆمبێلی ھاوڵاتیانی کردۆتە ئامانج، لەرێگای کورتەک و دۆڵی باڵەیان و بناری قەندیل بەدەیان ھاوڵاتی لەژن و منداڵ شەھید بوون، لە کونەماسی و چەمچەماڵ، مەخمور و شیلادزێ و بادینان و ناوچەکانی دیکە ھاوڵاتیان دەکاتە ئامانج و زیاتر لە ١٥٠ ھاوڵاتی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بوونەتە قوربانی بەسەدانیش بریندار وکەم ئەندام بوون بەدەیان گوند چۆڵکراون و روخاون پرۆژەی ئاو کارەبا و رەزوباخ سوتێندراون.

ئەوە لەکاتێکدایە نە حکومەتی ھەرێم نەپەرلەمان و نەحکومەتی عێراق تائێستا ھەڵوێستێکی جدیان نەبووە لەبەرامبەر ئەو بۆمباران و کۆمەڵکوژی و پێشێلکاریانەی سوپای تورکیای داگیرکەر بەتایبەت دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێم بەردەوام ئەوداگیرکاری و کۆمەڵکوژیانەیان پەردەپۆش کردووە مافی ئەو خەڵکەیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندیە حیزبی و ئابوریەکانیان ، جگەلەوەش نارەزایەتیەکانی گەلیشیان سەرکوتکردوە و چالاکوانانیان لەشیلادزێ و ھەولێر و بادینان زیندانیکردووە.

ئەوەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێم و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ قوربانیانی گوندی پەرەخێ کردیان دوو ڕووی و چەواشەکاری و جیاکاریەکی شەرمھێنەرە و بۆ شاردنەوەی سیخوڕی و ھاوکاریەکانیان بۆ دەوڵەتی تورکی تاوانکار، دەبێت ھەموولایەک ئەو راستییە بزانن کەئامانجی دەوڵەتی تورکیا زۆر لەوە گەورەترە تەنھابەپاساوی شەری گەریلای ئازادی کوردستان پەردەپۆش بکرێت کەئەمرۆ تاکەھێزە رووبەرووی ئەو داگیرکاریە بۆتەوە ، ئێمە لەسەر خاکی خۆمانیین کورد لە رۆژئاوا لەباکور لەسەر ماڵ وحاڵی خۆیانن بەڵام ھێرشمان دەکرێتەسەر و دەکوژرێن، ئەوەی تورکیا دەیکات دژ بە ھەموو یاساو رێسایەکی مرۆڤایەتی و نێو دەوڵەتیە ، پێویستە دەنگی نارەزایەتیمان لەگەڵ نارەزایەتیەکانی گەلی عێراق و رۆژئاوای کوردستان وھەموو ئازادیخوازان لەدژی ئەو داگیرکاری وکۆمەڵکوژیانەی فاشیزمی تورکیا بکەینەیەک، ھەرگیز ھاوپەیمان و پشت و پەنای ئێمە داگیرکەرانیین بەڵکو گەلانی ئازادیخواز و دۆستەکانمانن.

جارێکیتر لەو رۆژەدا کەکۆمەڵکوژی گوندی زارگەڵی تێدا ئەنجامدراوە بەشکۆ وە یادیان دەکەینەوە، داوا لەسێ سەرۆکایەتیەکەی حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەین پێویستە بەیەک ئاست ھەڵسوکەوت لەگەڵ شەھیدان وبریندار وزیان لێکەوتووەکانی ئەو ھێرشانەی تورکیا بکەن و بکرێنە یەک پاکێج خوێنی ھاوڵاتیانی کوردو عەرب وەک یەک تەماشابکرێت ـ خوێنی ھاوڵاتیان و شکاندنی سەروەری وڵات ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت ھەر ھێز و لایەنێک بیانو پاساو بۆ ھێرشی داگیرکەران بێنێتەوە مانای خیانەتە بەگەل و نیشتیمان ـ بەو بۆنەوە داوا لەتەواوی کەسایەتی و ھێزە نیشتیمانیەکانی عێراق وکوردستان دەکەین ئەو ھەڵوێست و نارەزایەتیانە ی گەل بکەنە کردارو لەئاست ئەو پێشێلکاری و جینۆسایدانە چیتر بێدەنگ نەمێنن.

بێدەنگی وبێ ھەڵوێستی مانای قبوڵکردنی داگیرکاریە، لێرەوە بەپێویستی دەزانیین لەسەر مەزاری شەھیدانی کۆمەڵکوژی گوندی زارگەڵی و شەھیدانی کورتەک و بناری قەندیل کەبە بۆمباران و فرۆکەی تورکیا شەھید کراون سەرەخۆشی خۆمان لە تەواوی بنەماڵەی شەھیدان بکەین بەتایبەت کەسوکاری شەھیدانی گوندی پەرەخێ لە زاخۆ و ھەموو شەھیدان دەستی تیرۆر و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیای فاشیست."

ژ.ت