تەڤگەری ئازادی داوای کرد گەل بە رۆحی راپەڕین خۆی رێکبخات

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی راپەڕینی ٥ی ئاداری ١٩٩١ لە باشووری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای کرد، گەل لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی راپەڕین بەهەمان رۆحی راپەڕینەوە خۆی بەرێکخستن بکات.

دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەبارەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ـی گەلی باشووری کوردستان لە دژی ڕژێمی بەعس ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادییدا هاتووە، "گەلی بەهەڵوێست و وڵاتپارێزی دەڤەری ڕاپەڕین، بنەماڵەی سەر بەرزی شەهیدان، ئێوە بوون بە ڕۆحییەت و ئیرادەیەکی بەهێزەوە لە بەرامبەر دڕندەتریین ڕژێمی داگیرکەر و ڕەشەکوژیی بەعسدا ڕاپەڕین تان دەست پێکرد، سوپایەکی زەبەلاح و پڕچەکتان بە چۆکدا هێنا و بۆ هەتاهەتایە ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرەتان لە گۆڕنا، بێگومان ئەم سەرکەوتنەش وەرچارخانێکی مێژووی بوو بۆ گەلی کورد".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئۆباڵی بە لاڕێدابردنی ڕاپەڕین، بۆ دەسکەوتی حزبیی و ناوچەگەریی و بەرژەوەندییخوازیی و تاڵانیی، لە ملی ئەو دەسەڵاتەدایە، کە ٣٣ ساڵە باشووری کوردستانی تووشی دەیان کێشەی سیاسیی، ئابوریی، کۆمەڵایەتیی کردووە و نەیتوانیوە دەسکەوتەکان بپارێزێت، بەڵکو دەسکەوتەکان لە دەست ئەدەن و لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتیمان سیاسەت بەڕێوە ئەبەن.

لە درێژەدا تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک کردووە و ڕایانگەیاندووە، هێزەکانی دەسيڵات لە باشووری کوردستان "خۆیان سپاردە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، چەندین جار سوپای داگیرکەرانیان هێناوەتە سەرخاکی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕی یەکدی و بۆ شەڕی هێزە شۆڕشگێڕەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، پێش لە شکری داگیرکەران کەوتوون، ئێستاش بەردەوامن لە چاوساغیی و هاوکارییکردنی سوپای داگیرکەری تورکیا، دژبە بزووتنەوەی ئازادیی و تیرۆرکردن ئازادییخوازانی کورد باشووری بە خوێن ڕزگار کراویان کردە زەمینێکی واڵا بۆ خۆفرۆش و جاش و خیانەتکاران".

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادییدا هاتووە، هاوڵاتییانی بە هەڵوێست و خۆڕاگری ڕاپەڕین و تەواوی کوردستان، بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو چەواشەکاریی و ستەمکارییە، بۆ پاراستنی دەسکەوت و ئامانجی شەهیدانی ڕاپەڕین، هیچ دەرفەتێک و بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەم نییە بێجگە لە یەکگرتوویی و خۆ بەرێکخستنکردن، داوا لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، ژنان و گەنجان، کەسانی ئازادییخواز دەکەین بەرۆحییەتی ڕاپەڕینەوە خۆیان لە ئەنجوومەنەکانی گەل و گرووپ و دەستەکاندا ڕێکبخەن و بە ڕێباز و هزرێکی ئازادەوە پەرە بە تێکۆشانی دیموکراتییانە بدەن.

هـ . ب