تەڤگەری ئازادی: دەستی ڕەشی خائینان دەشکێنرێت
تەڤگەری ئازادی دەربارەی هێرشەکەی دوێنێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕانیە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دووپاتی دەکاتەوە هێرشەکە دەستی سیخوڕ و خائینانی لەپشتە.
تەڤگەری ئازادی دەربارەی هێرشەکەی دوێنێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕانیە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دووپاتی دەکاتەوە هێرشەکە دەستی سیخوڕ و خائینانی لەپشتە.
دوێنێ لە گوندی بۆسکێنی سەر بە شارۆچکەی ڕانیە لە باشوری کوردستان، دەوڵەتی تورک هێرشێکی ئەنجامدا، بەهۆیەوە چەند هاوڵاتییەک برینداربوون و زیانی مادی بە چەند ماڵ و دوکانێک کەوت، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەیەوە بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " جارێکی تر دەوڵەتی فاشستی تورکیا، ڕووی ڕەش و تیرۆریستی خۆی نیشاندا و پێشنیوەۆڕی ڕۆژی دووشەممە ھێرشی تیرۆریستیی بەدرۆن کردەسەر خەڵکی نیشتیمانپەروەر و بێچەک، لە گوندی بۆسکێنی سەر بەقەزای ڕانیە لە دەڤەری ڕاپەڕین کە بەداخەوە بووە ھۆی بریندار بوونی دوو مرۆڤی کورد".
هەروەها دەڵێت: "ئەو ھێرشە تیرۆریستییانەی تورکیا، دەستی ئەو سیخوڕ و خائینانەی لە پشتە کە زۆریان نەماوە بکەونە بەر سزای دادگای گەل و بۆ ھەتا ھەتایە شەرمەزار بن".
ڕاگەیاندراوەکە دووپاتی دەکاتەوە، ڕانیە و دەڤەری ڕاپەڕین تەلیسمی فاشیزمی بەعسیان شکاند، دەڵێت: "گومانی تیادانییە ھەر لێرەوە دەستی ڕەشی خائینان دەشکێنرێت، ھاوڵاتییانی دەڤەری ڕاپەریین ھۆشیاری و وڵاتپارێزییان لە ئاستێکدایە ھەرگیز بەو کارە تیرۆریستییانەی تورکیای فاشست و سیخوڕە ترسنۆکەکانی دەست بەرداری ھەڵوێستە نەتەوەیی و وڵاتپارێزییەکانیان نابن".
لەکۆتاییشدا تەڤگەری ئازادیی ھیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.