ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی تەڤگەر، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بارەی دۆخی ڕێبەر ئۆجالان لە ئیمرالی ئەنجامدا. ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن چرۆ شوانی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سلێمانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانەوە خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " لەبارەی زیندانی ئیمرالییەوە هەواڵ و لێدوانی گوماناوی لەسەر دۆخی ڕێبەر ئاپۆ بڵاودەکرێتەوە، ئەوەش گەلەکەمانی خستووەتە نێو نیگەرانی و دڵەڕواکێووە، لە ٣١ـی ١٠ـی ٢٠٢٣ سزای قەدەغەی دیداری پارێزەرەکانی بەسەر ئۆجالاندا سەپێندرا، لە دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ جارێکی دیکە سزای شەش مانگی بەسەردا سەپێندراوەتەوە کە ڕێگریی لە پارێزەران و خانەوادەکەی بکەن بە یاسایی و دیدار لەگەڵ ئۆجالاندا ئەنجام نەدەن.
بەم بڕیارەی دادگای تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لە ژێر حکومی سیاسەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، لە زیندانی پیتی (F)ئێفی ئیمراڵییدا عەبدوڵا ئۆجالان و هەڤاڵەکانی عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش، حامیلی یەڵدرام ڕێگری ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکانیان لەسەر جێبەجێدەکرێت و بەم بڕیارە گۆشەگیریی سەخت پێدەنێتە ساڵی چوارەمەوە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەم گۆشەگیرییەی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییەکانی جێبەجێدەکرێت، ناکۆکە لەگەڵ یاسا و دەستووی تورکیا و هەروەها پێشلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی زیندانییەکانە ئەمە ئەوە نیشاندەدات کە سزای گۆشەگیریی نایاساییە و بڕیارێکی تەواو سیاسییە و دژی هەموو مافەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤە.
لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " ئەرکی پارتە سیاسیی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتیی و ڕۆشنبییران لە هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوبەش بکرێتەوە لەگەڵ ئەو تێکۆشانە جیهانیەی لەبەرامبەر گۆشەگیریی و ئازادیی بەڕێز ئۆجالان و چارەسەریی سیاسی پرسی کورد بەڕێگەی ئاشتیی بەڕێوە دەچێت، چونکە ئەم قۆناغە بەرپرسیارییەتی سیاسی و ئەخلاقیی ئەخاتە سەرشانمان لە ئاستی هەستیاری دۆزی کورد لە کەیسی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دا."