دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی٢٠١٤دا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئەو کارەساتە لە کاتێکدا بوو دڕندەکانی داعش لە هێرش و پەلاماردابوون و ئەگەری هێرش بۆسەر ئێزدییەکان لە ئارادا بوو، بەڵام هێزەکانی پەدەکە و سوپای عێراق کە دەیان هەزار کەس بوون و ئەرکیان بوو شەنگال و ناوچەکە بپارێزن، بەڵام بێ هیچ بەرگرییەک هەڵاتن.
تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزەکانی یەپەگە لە ڕۆژئاوا و فیداکاری گەریلا کرد کە بوونە قەڵغان بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی و وتی، "بەهێزی جەوهەری کوڕان و کچانی یەپەشە و یەژەشەی ئێزیدخان پارێزگاری لە هەبوون و کەلتوور و ژیانی ئازادی خۆیان دەکەن و لەسەر خاک و زێدی پیرۆزیان ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری خۆیان دروست کردووە و ڕێگە نادەن جارێکی تر غافڵگیر و کۆمەڵکوژ بکرێنەوە.
تەڤگەری ئازادی دەشڵێت: ئێستا کە هەشت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو فەرمانەدا و داعش شکستی هێناوە و لەنێوبراوە، هێزە هەڵهاتووەکانی پەدەکە و بەشێک لە سوپای عێراق و تورکیای داگیرکەر، بەردەوام لە پیلانگێڕی و شەڕفرۆشیدان و دەیانەوێت جارێکی تر شەنگال و ئێزدییەکان بکەنەوە بە کۆیلە و بە زۆرداری حوکمیان بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدەکرێت."ئەمڕۆ خۆبەڕێوەبەری دەستکەوتێکە نەوەک تەنیا بۆ ئێزدییەکان بەڵکو بۆ تەواوی باشووری کوردستان و گەلان، پێویستییەکی ژیانییە و تەنیا ڕێگەی چارەسەرییە بۆ گشت کێشەکان، بۆیە پشتگیری و پاراستنیشی ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانییە.
تەڤگەر ئازادی پشتیوانی هەمەلایەنە لە خۆبەڕێوەبەری شەنگال کردووە و ڕاشیگەیاند: دژی هەموو پیلانگێڕییەک دەبین بۆسەر کۆمەڵگەی ئێزدی.
لە کۆتاییدا تەڤگەری ئازادی، داوا لە هەموو هێزە دیموکراتیەکان و ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان لە عێراق و کوردستان و جیهان کرد، پاڵپشتی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بکەن و ببنە دەنگی خەڵکی ستەملێکراوی شەنگال و ڕێگە بە کۆمەڵکوژی و دووبارەبوونەوەی فەرمانێکی دیکە نەدەن.
ف.ق