ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە بارەگای خۆیان لە شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان دەربارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێکخست.
نەریمان ئەحمەد لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بەیاننامەی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی تەڤگەری خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دەڵێن ‘لە پشتەوە خەنجەرمان لێدراوە’، بەڵام وەک تەڤگەری ئازادیی پێمانوایە ئەم دەسەڵاتە ڕۆژانە خەنجەری ژەهراوی لە گەلەکەی خۆی دەدات، هەر لە هێنان و دەستگیرۆییکردنی دووژمنانی کورد بۆ سەر خاکی ئەم بەشەی وڵات-ەوە تا دەگاتە بڕینی قووت و ژیانی خەڵک و سوکایەتی بە سەرجەم توێژەکان و داپڵۆسین و دەستگیرکردنی کەسانی ئازادیخواز و بێ دەنگ کردنی شەقام.
تەڤگەری ئازادیی هۆشداریش دەدات لەوەی “تا ئەم دەسەڵاتە لەسەر حوکم بێت، دۆخێکی خراپتر چاوەڕێمانە و گەلەکەمان ساڵانێکی زۆرە ئارامی گرتووە و چیدیکە ئامادە نییە باجی هەڵەی ئەم دەسەڵاتە بدات، بەرپرسیاری یەکەمی شکستەکانیش “پارتیی دیموکراتیی کوردستان”ە بە پلەی یەکەم”.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: چەندە حکومەت و پەرلەمانی عێراق بەرپرسە لەو مامەڵە خراپانە، ئەوەندەش سەرکردایەتی و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەرپرسن، نوێنەر و وەزیرەکانیان لە بەغدا ڕوویان زەرد کردووین و زۆر جار لەسەر دزی و گەندەڵیی لەکار دور خراونەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، کە “چەندین جار لەلایەن هەندێ پەرلەمانتاری دڵسۆزی کورد لە بەغدا داوا لە هەرێم کراوە پابەند بێت بە ناردنی نەوتی هەرێم و هەندێ داهاتی دیکە ئاشکرا بکرێت، بەڵام گوێیان بۆ نەگیراوە و قسەکانیان بەهەند وەرنەگیراوە”.
تەڤگەری ئازادیی پێشیوایە، کە دەوڵەتی تورک ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە “تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا” دەڵێن: هەر ئەویشە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی پارتیی دیموکراتیی کوردستان هۆکارە لە خراپی دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەم دەسەڵاتە بەرپرسە لە دابینکردنی موچە و قووتی خەڵک.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی تەڤگەری ئازادییدا هاتووە: ئەم دەسەڵاتە وەک قومارچییەکی دۆڕاوە و هەر ڕۆژە لەلایەکەوە یاری بە چارەنووسی ئەم گەلەوە دەکات، ئێستا فەرزە لەسەر حکومەتی هەرێم یان دەبێت ژیان و گوزەرانی خەڵکی باش بکەن یاخود دەبێت سەری خۆیان هەڵبگرن، چۆنیش مووچەی خەڵکی دابین دەکەن و لەکوێی دەهێنن، دەبێت بیهێنن.
ز.ش